“خەڵک” و “ماف”ەکانیان لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا

ئاکام ڕەسووڵی

مافی خەڵک باسێکی بنچینەییە لە پێکهاتە سیاسییەکاندا کە لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتاندا ڕەنگ دەداتەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنه‌مای شەریعەتی ئیسلام و ئایینزای شیعە بنیاد نراوە و قانوونی ئەساسیی ئەم وڵاتەش لە چوارچێوەی ئەو بنه‌مایه‌دا نووسراوتەوه‌، بەڵام پێکهاتەی ئەم وڵاتە فرەئایینە و شیعەی دوازدە ئیمامی زۆرینەی خەڵکی وڵات نین و بەوەش دەردەکەوێ کە مافی پێکهاتەکانی دیکەی ئەم وڵاتە دەبێ چۆن بێ. لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا بەڕواڵەت هەموو ڕەواییەتەکان بۆ خەڵک دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەم خەڵکە و مافەکانیان لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا ونن، وە لە زۆربەی بڕگەکانی ئەم یاسایە ناکۆکی و ناتەبایی قووڵیان هەیە لەگەڵ ماف و بەرژەوەندییەکانی خەڵک.

لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا زۆر کەم باس لە مافەکانی خەڵک کراوە و ئەوەندەش کە تیشكی خراوەتە سەر ئەسپاردەی یاسا ئیسلامییەکان کراوە. کۆماری ئیسلامی مافی ئینسانی و کۆمەڵایەتیی خەڵک بەپێی خوێندنەوەی دەسەڵات لە ئایین پێناسە دەکا کە ناتەبایی زۆری لەگەڵ مافی خەڵک بەپێی پڕەنسیپە گشتگیر و جیهانییەکان هەیە.

ئەمڕۆکە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە یەکێک لە چەند وڵاتی سەرەکیی پێشێلکەری مافی مرۆڤ دەناسرێ لە دنیادا، کە بەشێک لە هۆکارەکەی ناتەبایی قانوونی بنەڕەتیی وڵاتە لەگەڵ مافی خەڵک. ئەم نووسینە دەیەوێ چەند خاڵێک لەو پێوەندییەدا دەستنیشان بکا:

ئەسڵی نۆزدەیەم_ یەکسانیی نەتەوەکان (قەومی)

(خەڵکی ئێران لە هەر تیرە و هۆزێک بن مافی وەک یەکیان هەیە و ڕەنگ و زمان و ڕەچەڵەکیان نابێتە هۆی ئیمتیازی زیاتر.)

جارێ پێش هەموو شتێک بێبەشکردنی خەڵکی غەیرەفارس لە خوێندن بە زمانی دایکیان لە پڕۆسەی فێربوون و پەروەردەدا نموونەی هەرە دیاری ئەو ڕاستییەیە کە ئەوەی لە قانوونی بنەڕەتیدا هاتوە زۆر جیاوازە لەو واقعەی بەسەر خەڵکی غەیرەفارسدا سەپاوە کە پتر لە نیوەی دانیشتووانی ئەم وڵاتەن.

ئەم بێبەشییە لە کوردستان زیاتر و سیستماتیکە و تەنانەت قسەکردنی مامۆستایان بە زمانی کوردی لە زۆرێک لە قوتابخانەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان  قەدەغەیە! بێکاری سەروو سەدا 50، پەرەنەسەندنی مرۆیی، پاشکەوتوویی ئابووری و پیشەسازی و ئاستی زۆر نزمی خزمەتگوزارییە دەوڵەتییەکان لە کوردستان پێمان دەڵێن لە ئێڕاندا پێچەوانەی مافی بنەڕەتی، بەڵام مافی کورد و فارسێک یەکسان و وەکیەک نییە.

ئەسڵی بیست و بیست و یەک_ یەکسانیی ژن و پیاو

لەم دوو ئەسڵەدا باس لەوە کراوە کە ژن و پیاو وەک یەک لەلایەن قانوونەوە پشتیان دەگیرێ و هەموو مافێکی مرۆیی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییان هەیە. هەروەها دەوڵەت ئەرکدار بەوە کراوە هەموو مافەکانی ژنان دابین بکا، هەڵبەت هەموو ئەوانە بە ڕەچاوکردنی ڕێوشوێنەکانی ئیسلام!

ڕوون و ئاشكرایە کە ژنان لە قوربانیانی سەرەکیی پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە ئێرانن. قانوونەکانی کۆماری ئیسلامی هەموویان خەسڵەت و ڕەگەزی پیاوسالارییان هەیە و لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوە باشترین شوێن بۆ ژنان چێشتخانەی ماڵەکانە. سەرەڕای ئەوەش کە ژنان لە ئێران هەوڵیان داوە بە خوێندن و هاوبەشیی سیاسی و جموجۆڵە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانیان بۆ مافەکانیان تێبکۆشن، بەڵام لە هەموو مەیدانەکاندا ڕێگرییان لێکراوە. ژنان لە بوارەکانی تەڵاق، کار، میرات، سەرپەرستیی منداڵ، لەباربردنی منداڵ و … هەر بە قانوون مافەکانیان زەوت کراوە. ژنان خۆیان دەڵێن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دژەژنترین نیزامی سیاسییە لە دنیادا.

ئەسڵی بیست و سێهەم_ مافی بیروڕا

(پشکنینی بیروبۆچوونی خەڵک قەدەغەیە و نابێ کەس لۆمە بکرێ و بگیرێ لەسەر ئەوەی بیروبۆچوونی تایبەت بە خۆی هەیە.)

ڕێزگرتن و بایەخمەندبوونی بیروباوەڕەکانی خەڵک لە حاڵێدا لەو بڕگەیەی قانوونی بنەڕەتیدا ڕەنگی داوەتەوە کە خەڵکی کوردستان بەهۆی سووننی بوون (زۆرینەیان) و بۆچوونی سیاسیی جیاوازیان لەگەڵ دەسەڵات (لە پێوەندی لەگەڵ شوناسخوازییاندا) سیستماتیک سەرکوت دەکرێن و زیندانەکانی وڵاتیان لێ قەڵاپرچن دەکرێ. جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتێری شووڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تازەتری ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاندوە کە نیوەی زیندانیانی سیاسیی ئێران کە لەسەر بیروباوەڕی جیاوازیانەوە بەند کراون، کوردن.

پێشێلکردنی مافی سووننیەکانی ئێران و پەراوێزخرانیان و، هەروەها حاشا لە بەهاییەکان و سەرکوتی کوردانی یارسان چەند نموونە و بەڵگەیەکی دیکەن بۆ نیشاندانی ناتەبایی ئەم بڕگەیەی مافی بنەڕەتیی ئێران لەگەڵ ئەم واقعەی دەسەڵاتی سیاسی بەسەر خەڵکی ئێرانیدا سەپاندوە. لە کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک ڕێز لە بیروباوەڕی جیاواز ناگیرێ، بەڵکوو هەر چەشنە بۆچوونێکی جیاواز بە “هەوڵدان دژی ئەمنییەتی وڵات”، “بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی” و “تێکدانی نەزمی گشتی” مانا دەکرێ و سزای قورسی “محارب” لە چاوەڕوانیی ئەم کەسانەدایە کە زۆر جار ئێعدام و کوشتنیشە.

ئەسڵی بیست و حەوتەم_ مافی پێکهێنانی کۆڕ و کۆبونەوە

(پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوە و خۆپیشاندان بەبێ هەڵگرتنی چەک و بەو مەرجەی ناتەبایی لەگەڵ بنەماکانی ئیسلام نەبێ، ڕێگەپێدراوە.)

ڕوون و ئاشکرایە کە پێچەوانەی ئەم بڕگەیە لە یاسای بنەڕەتی ئیزنی خۆپیشاندان و پێکهێنانی کۆبوونەوە بە هیچ کەس و لایەنێک نادرێ بێتوو بزانن لەواندا ڕەخنەیەک لە دەسەڵات دەگیرێ. بۆیە زۆربەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بێ گەڕانەوە بۆ ناوەندە پێوەندیدارەکان دەگیرێن و زۆربەی جاریش ئەگەر بابەتەکە هەستیار و سیاسی بێ، ئەوا بە زەبری چەک و سەرکوت بەرەوڕووی خەڵک دەبنەوە.

ڕێگری لە خۆپیشاندان یان سەرکوتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیدەربڕینەکان لە کوردستان بەپێی سروشتی خەباتی مافخوازانەی خەڵک لە ناوچەکانی دیکەی ئێران زیاترە.

ئەسڵی سییەم _ مافی پەروەردە

(دەوڵەت ئەرکدار دەکرێ بەوە هەموو کەرەستەکانی خوێندنی بێبەرامبەر بۆ هەمووان هەتا کۆتایی قۆناغی دواناوەندی دابین بکا و پێداویستییەکانی خوێندنی باڵا هەتا سنووری خۆبژیوی بێبەرامبەر پەرە پێبدا.)

بەپێی ئەو ئەسڵە لە قانوونی بنەڕەتی دابینکردنی کتێب و کەلوپەلی خوێندن و ئیمکاناتی قوتابخانە و خوێندنگەکان هەمووی لە ئەستۆی دەوڵەتە، بەڵام بە کردەوە ئەسڵەن وانییە و لە ڕاستیدا پەروەردە کەمترین پشكی لە بەشە بودجەی وڵاتدا هەیە.

لە ئێران زۆربەی ئەرکی خوێندن و پڕۆسەی پەروەردە لە ئەستۆی بنەماڵەکانیانە و ئەمەش گوشارێکی زۆرە بۆ خەڵکی ناوچە هەژارەکان بۆ نموونە کوردستان. لە کوردستان بەشی نیزیک بە تەواوی خوێندنگەکان نەک لەلایەن دەوڵەت، بەڵکوو بە هیممەتی کەسانی خێرخواز دروست دەکرێن، زۆر قوتابخانەش پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە و زۆر شوێن و ناوچە لە کوردستان ڕێگای هاتوچۆیان ئەستەمە و ئەمە لە بواری خوێندندا کێشەی دروست کردوە. لە کوردستان بە هەزاران پۆل کەمایسیی شوێنی خوێندن هەیە و ئەوەندە خویندنگەیەش کە هەیە ستاندارد نین و ساڵ نییە کارساتێک تووشی خەڵک نەکەن. بنەماڵەکان بۆ خوێندنی منداڵەکانیان بە زۆرەملێ پارەیان لێوەردەگیرێ و کەم نین ئەو منداڵانەی لەسۆنگەی نەبوونی و نەداریی بنەماڵەکانیان ناچار بە وازهێنان لە خوێندن و قوتابخانە بوون.

ئەسڵی سی و هەشت_ قەدەغەبوونی ئەشکەنجە

( هەرچەشنە ئەشکەنجەدان بۆ وەرگرتنی زانیاری و داننانی زۆرەملێ قەدەغەیە. ناچارکردنی بە شایەتیدان، داننان و سوێندخواردن ڕێگەی پێنادرێ و ئەم جۆرە شایەتیدان و داننان و سوێندخواردنە بایەخ و ئیعتباریان نییە.)

ئەم قانوونە لەسەر کاغەز و بەڕواڵەت زۆر جوانە، بەڵام بۆ کەسێک کە نەزانێ لە گرتنگە و زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا چ ڕادەبرێ. هەر لە سەرەتای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە ئەشکەنجەکرد بۆ داننانی زۆرەملی بە تایبەت لە زیندانییە سیاسییەکان بەشێک بووە لە نیزامی دادی! ئەم ڕێژیمە. دادگاکانی شۆڕش کە لەواندا قازی و دادئەستین و ئەشکەنجەکەر یەک کەس و لایەنن، بە میلیون کەسی داوەتە بەر قامچی و بە دەیان هەزار کەسی لەسەر داننانی زۆرەملێ بردووەتە پای سێدارە.

لە کوردستان بەپێی خەسڵەتی شۆڕشگێریی خەڵک و بزووتنەوە مافخوازییەکەی ئەم دیاردەیە بەرچاوترە. ژمارەی گرتنەکان، کوژرانی بەندییە سیاسییەکان لەژێر ئەشکەنجەدا، چەند و چۆنیی دادگاییەکان و سەپاندنی سزای درێژخایەن لەسەر بنەمای داننانی زۆرەملێی بەندییە سیاسییەکان لە هەموو شوێن و ناوچەکانی ئێران زیاترە.

لە کۆتاییدا ئەگەر پێناسەی ئێمە بۆ مافەکانی کورد هەر ئەو پێناسەیە بێ کە لە جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤدا هاتوون و 70 ساڵ لە تەمەنیشی ڕادەبرێ، بەداخەوە زۆر لەو مافانە لە سۆنگەی قانوونی بنەڕەتیی ئێران و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ کورد وەدی نەهاتوون. لە حاشاکردن لە هەرچەشنە مافێکی سیاسی و نەتەوەیی، لە ژمارەی زۆری‌ ئیعدام، شاڵاوی‌ گرتن و به‌ندكردنی‌ چالاكانی‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و كولتووری، لە سه‌ركوتی‌ توندوتیژانه‌ی‌ بزاوته‌ مه‌دەنییه‌كان، لە ڕێگری لە خوێندن بە زمانی دایکی لە پەروەردە و بارهێناندا، لە بەشدارنەکردنی کورد لە ئیدارە و بەڕێوەبەریی ناوچەکانی خۆیان، ‌لە لەپەراوێزخستن و لەپەراوێزدا ڕاگرتنی کوردستان لە ڕەوتی گەشە و ئاوەدانیدا، لە بەتاڵانبردنی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان و لە زۆر ڕەهەندی دی لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا.

بە گشتی ئەگەر ڕێژیم خۆی لە خۆیدا نادێموکراتیک، سەرکوتگەر و دیکتاتۆڕە، بەڵام کوردستان لە هەموو بوارەکانی ئەو زەبروزەنگ و پێشێلکارییانەدا بەداخەوە پشکی شێری بەر دەکەوێ و لە هەموو ناوچەیەکی دیکەی ئێران خەڵکەکەی پتر مافەکانی پێشێل کراوە.