28ی گەلاوێژ و درێژەی چوار دەیە ئاسنی ساردکوتان

مەنسوور مروەتی

لە مێژووی هاوچەرخی کورددا زۆر بۆنە و ڕووداو و ڕۆژگەلی وا هەیە کە هەر کام بە جۆرێک نیشاندەر و بیرهێنەرەوەی سەرکەوتنێکی نەتەوەیی یا بە پێچەوانە کارەساتێکە کە بە سەر گەلی کورددا هاتوە. ٢ی ڕێبەندانی 1324ی هەتاوی لە مێژووی ڕزگاریخوازیی کورددا دەکرێ بە لووتکەی ڕۆژە خۆش و مێژووییەکانی ئەم بزووتنەوەیە دابندرێ، چونکە لەو رۆژەدا “کۆماری کوردستان”، بە پێشەوایەتیی نەمر قازی محەممەد وەک یەکەم حوکمەت و کیانی کوردی لە شاری مهاباد دامەزرا.

بەڵام هەر لەم مێژووە پڕ هەرەس و هەستانەوە و خوێناوییەدا ڕێکەوت و ڕۆژی شووم و نگریسی زۆریشمان لە مێژووماندا هەیە، بۆ وێنە ١٠ی خاکەلێوەی 1326، ڕۆژی لەداردرانی پێشەوا قازی محەممەد بە بڕیاری حەمەڕەزا شای پەهلەوی؛ ٢٨ی گەلاوێژی 1358، ڕۆژی فیتوای جیهاد لە دژی نەتەوەی کورد لەلایەن خومەینی، 7ی پووشپەڕ و 31ی پووشپەڕی 1367، ڕۆژەکانی پەلاماردانی گوندی زەردە لە ڕۆژاوای کرماشان و شاری سەردەشت بە بۆمبی شیمیایی؛ ٢٢ی پووشپەڕی 1368، ڕۆژی تاوانەکەی ڤییەن؛ ١٧ی خەرمانانی 1397، ڕۆژی پەلامارە مووشەکییەکەی ڕێژیم بۆ سەر حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە ڕاستیدا زۆر رۆژی دیکە…

٢٨ی گەلاوێژ یەکێک لەو وێستگە مێژووییانەیە کە دەکرێ لە دوو گۆشەنیگاوە خوێندنەوەی بکرێ.  لە لایەک وەک ڕۆژێکی ڕەش کە بڕیاری قەڵاچۆی کوردی تێدا درا و، لە لایەکی دیکەشەوە ڕۆژێک کە بوو بە هێمای بەرگریی حەماسیی کورد لە بەرانبەر هێرشی هەمە لایەنەی هێزە چەکدارانی حکوومەتی ئیسلامیی تاران بۆ سەر کوردستان.

ئایەتوڵڵا خومەینی چەند ڕۆژ پێش ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ وتارێکی توندی لە دژی کوردەکان دا. خومەینی گوتی: “ئەو ئاژاوەگیڕانەی کوردستان لە ڕیزی کافرەکان دان. ئەوان دەبێ بەتوندی بەگژیاندا بچنەوە. دەوڵەت دەبێ بەتوندی بەرهەڵستیان بێتەوە. ژاندەرمێرێ بەتوندی بەگژیاندا بچێتەوە. ئەڕتەش بەتوندی بەرهەڵستیان بێتەوە. ئەگەر ئەوان بەتوندی بەگژیاندا نەچنەوە، ئێمە بەتوندی بەرەوڕوویان دەبینەوە.” خومەینی بەو قسانە فەرمانی بە هەموو هێزە چەکدارەکانی ئێران کرد کە بڕۆنە کوردستان و شەڕ لەگەڵ کافرەکاندا ببڕنەوە. ئەم فەرمانە لایەنی ئایینیی هەبوو، چونکی خومەینی بە پشتبەستن بەو ئایەتەی قورئان، واتە (أَشِدَّاءُ عَلَى الْكُفَّارِ رُحَمَاءُ بَيْنَهُمْ  )  نەتەوەی کوردی بە کافر زانێ. ئەم قسانەی خومەینی کە هەم فەرمانێکی نیزامیی ڕێبەری نیزام و هەم فیتوای مەرجەعێکی تەقلید بوو، هێرشی هەمە لایەنە بۆ کوردستان بە مەبەستی قەڵاچۆی کوردی لێ کەوتەوە؛ کە خومەینی بە کافر ناوی بردبوون.

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بەدژی ڕێژیمی پاشایەتی و  هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامی، دەسەڵاتی تازە کە بە هیچ شێوەیەک باوەڕی بە چارەسەری پرسی کورد نەبوو، سەرەڕای هەوڵی ئاشتیخوازانەی زۆر و بەردەوامی ڕێبەرانی کورد بۆ چارەسەری ئەو پرسە لە ڕێگەی ئاشتییانە و دێموکراتیک و پێشگرتن بە شەڕ و وێرانکاری؛ دواجار پەلاماری کوردستانی دا. هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە فیتواکەی خومەینی‌یان هەم بە پاڵپشتی عەمەلیاتە سەربازییەکەیان و هەم بە بیانوویەک بۆ دامرکاندنی ئەو دەنگە ناڕەزایەتییە دەزانی کە لە کوردستان بە دژی دەسەڵاتی ناوەندی دەبیسترا، لە ڕۆژانی دوای 28ی گەلاوێژەوە شاڵاوەکەیان لە چەند لاوە و لە چەند بەرەدا بۆ سەر کوردستان دەست پێکرد.

ئەو هێرشانە کە لە شارەکانی پاوە، کامیاران، دێولان و سنەوە دەستی پێکردبوو، بۆ شارەکانی دیکەش پەرەی پێدرا. هاوکات لەگەڵ ئەو هێرشە بەربڵاو و کوشتارە خوێناوییەدا خومەینی لە بڕیارێکی دیکەدا سادق خاڵخاڵیی بە ناوی حاکمی شەرعەوە بۆ ئیعدامی بەرهەڵستکار و زیندانییەکان ناردە کوردستان. سادق خاڵخاڵی کە پێ بە پێی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بە شارەکاندا دەگەڕا، لە دەیان بەناو دادگای چەند دەقەییدا پۆل پۆل لاوان و زیندانیانی سیاسیی کوردی ناردە بەردەم جوخەکانی ئێعدام و گیانی لێ ستاندن. ئەو تەنانەت بە گاڵتە و لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە “ئایا هەموو ئەوانەی بە بڕیاری ئەو ئیعدام دەکرێن تاوانبارن یا نا؟”؛ دەیگوت ئەمن ئیعدامیان دەکەم ئەگەر تاوانبار بووبن کە کاری چاکم کردوە و دەچنە جەهەننەم. ئەگەریش بێتاوان بووبن ئەوە چوونەتە بەهەشت.

ئەم شەپۆلە بەربڵاوەی ئیعدامەکان لە یەکەم ڕۆژەکاندا لە خەڵکی پاوە و لە زیندانی دیزڵاوای کرماشان دەستی پێکرد. سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ یازدە کەس و ڕۆژی دواتر ٧ بەندیی سیاسیی دیکە لە زیندانی دیزڵابادی کرماشان ئیعدام کران. ئێوارەی ڕۆژی ٣ی خەرمانان نۆ کەس لە مەریوان و دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٥ی خەرمانان یازدە کەس لە فرۆکەخانەی شاری سنە ئیعدام کران. سەرلەبەیانیی ڕۆژی دواتر، ٦ی خەرمانانیش ٢٠ کەس لە گیراوانی شاری سەقز کە زیاتریان ئەفسەر و دەرەجەدار بوون، لە دادگایەکی چەند دەقیقەییدا حوکم دران و دەسبەجێ ئیعدام کران. ئەم ئێعدامانە لە کوردستان لە هیچ بڕگەیەکی زەمەنیی ژیانی کۆماری ئیسلامیدا نەبڕانەوە و دەسەڵات زەبروسەرکوتی کۆماری ئیسلامی لەو کاتەوە تا ئێستا جیا لە تێرۆری زیاتر لە 400 تێکۆشەری سیاسی، پتر لە 1850 بەندیی سیاسیی کوردی لە بەندیخانەکاندا لەدار داوە.

وەک گوترا 28ی گەلاوێژ بە دیوێکی دیدا نوێنگەی ئیراوە و باوەڕ و فیداکاریی کورد لە ئێران لە پێناو ماف و ئازادی و خەباتی شوناسخوازانەی بوو. دوای ئەوەی وەڵامی داوای ڕێبەرانی کورد بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ڕێگای ئاشتی و دیالۆگەوە بە فیتوای جەهادی خومەینی و هێرش بۆ سەر کوردستان وەڵام درایەوە، خەڵک و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بڕیاری بەرگرییەکی ئازایانەیان دا لەبەرانبەر هێزەکانی کۆماری ئیسلامیدا. ئەم خۆڕاگرییە و ئەم فیداکارییە کە بە شەڕی سێ مانگە ناسراوە، بەجۆرێک بوو کە هێزی کۆک و پۆشتەی ڕێژیم بە هەموو توانا لۆجستیکییەکانی بەچۆکدا هات. دواجار ئەوە خومەینی بوو کە لە ٢٦ی خەزەڵوەردا پەیامێکی دیکەی بڵاو کردەوە. خومەینی کە سێ مانگ و لە 28ی گەلاوێژدا فەرمانی دابوو لە ڕێگای ئاسمان و زەوی و دەریاوە! هێرش بکەنە سەر کوردستان و خۆی گوتەنی ڕەگ و ڕیشەی کوفر و کافرەکان لەبن بێنن! داوای ڕاگرتنی شەڕی کرد. ئەو دانی بەوەدا نا کە نەتەنیا لە ڕێژیمی پێشوودا، بەڵکوو لەم دەوڵەتی کاتییەشدا کار بۆ داخوازییەکانی گەلی کورد نەکراوە و داخوازییەکانی کورد هیچ ناتەباییەکیان لەگەڵ ئیسلام نییە!

دوای پەیامی ٢٦ی خەزەڵوەری خومەینی بۆ ماوەیەکی کورت شەڕ راوەستا و خومەینی هەیئەتێکی ناردە کوردستان بۆوەی لەگەڵ نوێنەرانی کورد وتووێژ بکەن، دانیشتن و کۆبوونەوەگەلێک کە بۆ وتووێژ و بۆ چارەسەری پرسی کورد نەبوو، بەڵکوو لە ڕاستیدا لای خومەینی و ڕێبەرانی ڕێژیم بۆ ڕێکخستنەوەی هێز و پشووهاتنەوە بەرخۆیان دوای شکستەکەیان لە شەڕی سێ مانگەدا بوو. خومەینی ئەو کات بە نێردراوانی خۆی گوتبوو کە “اول محاصرە بعد مذاکرە”، بەوەش ڕوونە کە نیاز و مەبەستی ڕاستەقینەوەی ئەوان نەک دانیشتن و وتووێژ لەگەڵ دەستەی نوێنەرایەتیی کورد، بەڵکوو بۆ دەستهێنانی کات بۆ سوپا و ئەڕتەشەکەیان بوو.

دوای ماوەیەکی کورت لە ڕاگرتنی ئەم دانیشتنانە، هێرشی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامی تاران بۆ سەر شار و گوندەکانی کوردستان دەستی پێکردەوە. گەمارۆ و هێرشی هەمە لایەنەی هێزەکانی ڕێژیم لە زەوی و ئاسمانەوە بۆ سەر شاری سنە و بەرگریی ئازایانەی 24 ڕۆژەی خەڵکی شاری سنە نموونەیەکی هەر بەرچاوی ئەو ڕۆژانەیە کە بەداخەوە نیزیکەی دوو هەزار کەس لە بەرەی خەڵک و بەرگریی کورد لەم هێرشەدا شەهید و بریندار بوون. ئەم کوشتارە بەکۆمەڵ و لەڕادەبەدەرە ساڵێک بەوو لە دوای نەورۆزی خوێناویی 58ی سنە، کە لەو پەلامارەشیدا چوار سەد کەس لە خەڵکی شار و ناوچەی سنە شەهید و بریندار ببوون.

ڕێژیم زۆر باش دەیزانی کە جووڵانەوەی مافخوازیی کورد زۆر بەهێزە و بۆیە دەبێ لە ڕێگەی شەڕ و ناسەقامگیرییەوە بەرهەڵستی بێتەوە بۆوەی لە کەشوهەوایەکی ئارام و سەقامگیردا ئەم شوناسخوازییە گەشە نەکا و بەرەوڕووی قەیرانی نەکاتەوە. ئەوەش بەبێ هۆ نەبوو، چونکی لە یەکەم هەڵبژاردنەکانی مەجلیسدا کاندیداکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو شوێنانەی کە دەرفەتی بەشدارییان پێدرابوو، بە بردنەوەی زۆرینە و هەرەزۆری دەنگەکان، شەرعییەتی خۆیان لە خەڵکەکەیان وەرگرتبوو. هەروەها شەهید دوکتور عەبدوڕرەحمان قاسملوو، سکرتێری ئەو کاتی حیزبی دێموکراتیش بە بردنەوەی زۆرینەی دەنگەکان لە پارێزگای ورمێ، وەک نوێنەری خەڵکی ئەو پارێزگایە بۆ مەجلیسی موئەسیسان هەڵبژێردرا؛ بەڵام خومەینی بە ناقانوونی ناساندنی حیزبی دیموکرات و هەڵوەشاندنەوەی یەکەم هەڵبژاردنی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی هەم ڕێگایان لە نوێنەرانی هەڵبژێراوی خەڵک گرت و هەم کەشێکیان خوڵقاند کە مەترسی لەسەر د. قاسملوو بۆ چوونەکەی بۆ تاران دروست ببێ. هەموو ئەوانە و زۆر ڕووداوی دیکەش بەس بوو بۆ ئەوەی کە دەربکەوێ حکوومەتی ئیسلامیی ناوەند لە تاران هیچ ڕێوشوێنێکی بۆ چارەسەری پرسی کورد پێ نییە و هیچ کاتیش ئامادە نییە و نایهەوێ هەنگاو بۆ چارەسەریی ئەو پرسە هەڵگرێ. هەر ئەوە بوو کە شەڕی هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامی بە دژی خەڵکی کوردستان دەستی پێکردەوە و ئەو شەڕە هەتا ئێستاش کە چل ساڵ لە فیتوا و فەرمانەکەی خومەینی تێدەپەڕێ، سیستماتیک لە شێوەی زبر و نەرمی خۆیدا بەردەوامە.

لەو چل ساڵەدا ئەگەرچی خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بەرگرییەکی کەم وێنەیان لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا لە خۆیان نیشان داوە، بەڵام بە داخەوە تێچوویەکی قورسیشیان بۆ داوە کە دەکرێ ئاماژە بە هەندێکیان بکەین.

لە شەڕی داسەپاوی ڕێژیم بەسەر کوردستاندا رژیمی تاران بە سەر خەڵکی کوردستاندا تا لانیکەم 38 گوند بەهۆی پەلاماری ڕێژیمەوە سووتێندرا و بەزۆر بە خەڵکەکەی چۆڵ کرا. لانیکەم 36 ئاوایی لە لایەن سپای پاسدارانەوە پەلامار دراون و لەو قەڵاچۆیەدا 279 کەس کۆمەڵکوژ کراون. پتر لە 1850 بەندیی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی ڕێژیمدا ئیعدام کراون و زیاتر لە 420 تێکۆشەری سیاسیی کورد لە نێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بە شێوەی جۆراوجۆر تێرۆر کران کە لە نێو تیرۆر کراوەکاندا تەنانەت منداڵی چوار ساڵەش دەبینرێ.

لەنێو کەیسی تێرۆرەکاندا، تێرۆری دوو سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان، د. عەبدوڕەحمان قاسملوو لە ڤییەن پێتەختی ئوتریش و د. سادق شەرەفکەندی لە برلینی ئاڵمان گرینگیی تایبەتیان هەیە، چونکی لە پەروەندەی تێرۆری د. شەرەفکەندیدا کە  بە پەروەندەی میکۆنۆس ناسراوە، تیرۆریستەکان گیران و پاش دادگاییەکی درێژخایەن و سەلماندنی تاوانەکەیان دەرکەوت کە بەرپرسانی هەرە سەرەوەی کۆماری ئیسلامی، وەکوو خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم؛ رەفسەنجانی، سەرکۆماری ئەوکات؛ عەلی فەلاحیان، وەزیری ئیتڵاعات، عەلی ویلایەتی، وەزیری دەروەی ئەو کات و فەرماندەی سپای پاسداران لە داڕشتننی پیلان و بڕیاردان لەسەر ئەم تیرۆرانەدا دەستیان بووە و لەلایەن دادگاشەوە وەک تاوانبار و داواکراو ناسران.

شەڕی 40 ساڵە و تا ئێستای کۆماری ئیسلامی کە بە فیتوای 28ی گەلاوێژی خومەینی دەستی پێکرد، هەر تەنیا لە شێوەی شاڵاوی سەربازیدا نەبووە، بەڵکوو هەر دەرکردنی مامۆستایان و کارمەندە غەیرە خودییەکان، لە ڕێگری لە خوێندنی منداڵانی کورد بە زمانی زگماک، لە هێشتنەوەی کوردستان لە دواکەوتوویی ئابووری، لە پەرەپێدان بە قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان، لە دروستکردنی قەیرانی شوناس، لە بەتاڵانبردنی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان و …. درێژەی هەبووە. ڕێژیمی تاران بە درێژایی ئەم ساڵانە هەموو هەوڵێکی ئەوە بووە و تێچوویەکی زۆری بۆ ئەوە داوە کە هێزی پێشمەرگە و سەرکردایەتیی سیاسیی حیزبەکان لە خەڵک داببڕێ و دواجار بزووتنەوەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان لەبن بێنێ،  بەڵام لەسەر هەست بوونی خەڵکی کوردستان و بەرگریی قارەمانانەی پێشمەرگە و لە مەیداندا بوونی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد بەتایبەتی لە دوو دەیەی ڕابردوودا پێمان دەڵێن کە کۆماری لە هەموو ئەو پیلانانەی بەدژی خەڵکی مافخواز و بزووتنەوەی سیاسی نەتەوەیی کوردستان گێڕاویەتی، سەرکەوتوو نەبووە.

لەگەڵ هەموو ئەو تیرۆر و تاوان و پیلانگێڕییانەی کە ڕێژیمی تاران بەدرێژایی ئەو چل ساڵە بەدژی خەڵکی کوردستان کردوویەتی، دەکرێ ئاماژە بە دوایین کردەوەکانی ئەم ڕێژیمە بکەین، لە هەمانکاتیشدا دانپێدانانی خۆیان بەوەی کە هێشتا بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان بە مەترسی بۆ سەر خۆیان دەزانن؛ ئەویش مووشەکبارانی کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوودا کە لەودا شازدە کەس لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزب شەهید و نزیکەی پەنجا کەسیش بریندار بوون. ڕێژیم لە پاساوی ئەو پەلامارە تیرۆریستییانەی سپای پاسداران لە دوو ڕاگەیاندراودا وێڕای وەئەستۆگرتنی ڕەسمیی تاوانەکە ڕایەگەیاند کە حیزبی دێموکراتی کوردستان ئاسایش و ئەمنیەتی ئەوانیان خستووەتە مەترسی، بۆیە سپای پاسداران بۆ لە نێوبردنی سەرجەم رێبەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان پێچەوانەی هەموو ڕێوشوێنە نێودەوڵەتییەکان ئەم هێرشەی لە قووڵایی خاکی وڵاتێکی دراوسێدا کردۆتە سەر ڕێبەریی ئەم حیزبە.

لێرەدا ئەوەی جێی سەرنجە شەڕی بێکۆتایی و بێ بەزەییانەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ حیزبەکانی کوردستان و بەتایبەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانە و ئەوەی جێی شانازیی ئەم حیزبانە و بزووتنەوەی کوردستانە ئەوەیە، کە کۆماری ئیسلامی بەدرێژایی ئەم چل ساڵە و سەرەڕای تێچووی زۆر قەت نەیتوانی خەڵک و سەرکردایەتیی سیاسیی خەڵک لە یەک داببڕێ. دواجار خۆی دیتی کە چۆن خەڵکی کوردستان لە ٢١ی خەرمانان و ڕاست چوار ڕۆژ دوای ئەو کردوە تیرۆریستیە بە مانگرتنێکی سەرتاسەری و لە شکۆیەکی یەکگرتوودا ڕایگەیاند کە خۆیان بە خاوەنی ڕۆڵە شۆڕشگێڕەکانیان دەزانن و لەسەر بزووتنەوە ڕەواکەیان وەدەنگ دێن و هیچ پیلان و پلانێک ناتوانێ بزووتنەوەی کورد لەبن بێنێ. بۆیە ئەگەر 40 ساڵ لە 28ی گەلاوێژی 1358 تێپەڕیوە و 40 ساڵە شەڕی کۆماری ئیسلامی بەدژی کورد درێژەی هەیە، بەڵام ئاڵای شوناسخوازیی کورد هەر گەشاوەیە و سەنگەری خەباتی هەر ئاوەدانە و کوردستان یەکدەنگ و لێبڕاو سوورە لەسەر مافخوازی و دەستەبەری ماف و داواکانی.