به‌شداری هەیئەتێکی كومیته‌ی ح د ک لە واشنگتۆن له‌ ڕێوڕه‌سمی ساڵیادی دامه‌زرانی پارتی دیمۆكراتی كوردستان دا

لقی ٧ی پارتی دێموكراتی كوردستان له‌ ئه‌مریكا و كانادا بۆ ڕێز گرتن له‌ یادی دامه‌زراندنی پارتی به‌ ئاماده‌بوونی چه‌ندین كه‌سایه‌تی و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی سه‌رجه‌م حیزبه‌ كوردستانییه‌كان مه‌راسیمێكی به‌ڕێوه‌برد. لە سەر بانگهێشتی فەرمی پارتی دیموکرات، هەیئەتێکی كومیته‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستانی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە سەرپەرستی هاوڕێ خەبات ئیبراهیمپوور بەرپرسی کومیتە بەشداری ئەو ڕێورەسمە بوون. پەیامی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ئەمریکا لە لایه‌ن كاك خه‌بات ئیبڕاهیمپوور ئاراسته‌ی لقی ٧ی پارتی دێموكراتی كوردستان له‌ ئه‌مریكا و كانادا كرا.

 له‌ به‌شێك له‌ برووسكه‌ی كومیته‌دا هاتبوو: بێگومان دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1946دا ڕێك یەک ساڵ له‌ پاش دامه‌زراندنی حیزبی دیمۆكراتی كوردستان، خاڵێکی وەرچەرخانێکی مێژوویى بوو بۆ خه‌بات له‌ باشووری وڵات، بۆ ئه‌وه‌ی حیزب وه‌ك ڕێكخراوه‌یه‌كی مۆدێرن ببێته‌ سەرەتایه‌ك بۆ بووژانەوەی ڕووحی نیشتیمانی و نەتەوەیی و ڕۆشنبیری لەنێو كۆمەڵگەی كوردستاندا و گەلی كوردستان له‌م به‌شه‌ی نیشتماندا بوو به‌ خاوەن بزووتنەوەیەكی سیاسی له‌ كوردستان و له‌ ئاستی عێراق و ته‌نانه‌ت ناوچەکەشدا.‌ له‌ بڕگه‌یه‌كی تری په‌یامه‌كه‌دا هاتبوو: بێگومان پارتی وەك هێزێكی ڕیشەدار و بزووتنەوەیەكی جەماوەری بنكەفراوان، بۆ پێشكه‌وتن و وه‌ده‌ست خستنی مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌لی كورد له‌ باشوور ده‌بێ هه‌مووی توانای خۆی بۆ یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی ماڵی كورد له‌ باشوور و هه‌روه‌ها هاوكاری له‌گه‌ڵ حیزب و لایه‌نه‌كانی پارچه‌كانی تری كوردستان وه‌گه‌ڕ خا. مێژووی سه‌رده‌می كۆماری كوردستان پێمان ده‌ڵێ كه‌ ئه‌م پیوه‌ندییه‌ و ئه‌م هاوكارییه‌ ئێستاش بۆته‌ به‌شێك له‌ شانازی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌بێ هه‌ر به‌رده‌وام بێ.

حیزبی دیموکراتی کوردستان- ئەمریکا