بەرێوەچوونی رێورەسمی ٢٥ ی گەلاوێژ ٧٤هەمین ساڵەوەگەڕی دامەزرانی ح د ک لە وڵاتی سوئیس

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ئاگوستی ٢٠١٩ی زایینی، رێورەسمێکی بە شکۆ بە بۆنەی ٢٥ ی گەلاوێژ، ٧٤هەمین ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان،بە بەشداری بەرچاوی ئەندام، دۆست و لایانگرانی حیزب و نوێنەری چەندین حیزب و ڕێکخراوی سیاسی و کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی نیشتەجێی سویس بەرێوەچوو. 
سەرەتای رێورەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب کە لە لایەن گروپی سرودی یەکێتی لاوان لە وڵاتی سوئیس ئامادە کرابوو پێشکەش کرا. 
پاشان ڕێوڕەسمەکە بە وتەی بەخێرهێنانی میوانەکان و پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە مەزنەی مێژووی حیزب و گەلەکەمان، لە لایەن هەردووک بەڕێوەبەری بەرنامەکە، هاوڕێیان شیلان مودەڕسی و کاک کاروان شێخ محەمەدی دەستی پێکرد.
پاشان داوا لە بەرێز دکتور ئاسۆ حەسەنزادە جێگری سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان کرا کە بەو بۆنەوە چەند وتەیەک پێشکەش بکات.
بەڕێزیان بە ئاوڕدانەوەیەکی ورد لە مێژووی پڕ هەوراوز و نشێوی حیزبەکەمان ئاماژەی بە چەند خاڵی جەوهەری لە مێژووی حیزب دا کرد و وتی: حیزبی دێموکراتی کوردستان داھێنێری بیری ناسیۆنالیستی بوو. چەندین ڕووداوی گرینگ لە مێژووی ئەو حیزبەدا و بە ڕێبەری ئەو حیزبە هاتوونە ناو مێژووی کوردەوە کە لە ڕێزی شانازییەکانی کورد دان. بەڕێز حەسەنزادە لە بەشێکی دیکەی و قسەکانی دا وتی: بە ئاوڕ دانەوە لە مێژووی حیزبی دێموکرات دەبینین کە بە زۆر تەنگ و چەڵەمە و ناخۆشی دا تێپەڕیوە بەڵام ئەمڕۆ دەبینرێ کە حیزبی دێموکڕات بە ھەمان گوڕو تینی ٧٤ ساڵ پێش ئێستا لە ناو خەڵک دا خۆشەویستە. حیزبی دێموکراتی کوردستان باوەری قووڵی لە سەرەتاوە تا ئێستا بە خەباتی فرە ڕەھەندی ھەبووە و ھەیە.
پاشان پەیامی دەفتەری سیاسی بە بۆنەی ٢٥ ی گەلاوێژ لە لایەن بەرێز زاھیر قادر حاجی بەرپرسی کۆمیتەی سوئیس خوێندرایەوە 
ئینجا هاوڕێ ڕێبوار موسەوی پەیامی یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژھەڵاتی کوردستانی پێشکەش کرد. دوا بە دوای ئەو پارچە پەخشانێک لە لایەن ھاوڕێ عەلی سوورەچۆمی پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی حیزب پێشکەش کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێورەسمەکە دا چەندین حیزب و ڕێکخراوی سیاسی بەشدار لە ڕێوڕەسمەکە دا پەیام و برووسکەی پیرۆزبایی خۆیان بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ پێشکەش کرد کە بریتی بوون لە :
– یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
– پارتی کریکارانی کوردستان
– سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

کۆتایی ڕێوڕەسمەکە تەرخان کرابوو بۆ بەشی هونەری، کە ئەو بڕگەیەش بە دەنگی خۆشی هاوڕێیانمان کاک ئارەش یاری و خاتوو نازێ عەزیزی و گەڕی ڕەشبەڵەک و شایی و هەڵپەڕکێی بەشداران تا درەنگانی شەو درێژەی کێشا.
حیزبی دیموکراتی کوردستان- سویس