لە وڵاتی نۆڕوێژ یادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرز راگیرا

ئێوارەی رۆژی شەممە ١٩ی گەلاوێژی ١٣٩٨ی هەتاوی، بۆ بەرزراگرتنی یادی ٧٤ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کومیتەی نۆڕوێژی حیزب بە هاوکاریی یکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان و یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان و بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب و نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، رێوڕەسمێکی بەشکۆی بەڕێوە برد.

سەرەتا لەلایان هاوڕێ “کامران عەبدوڵڵاهی” پێشکەشکاری رێوڕەسمەکە و ئەندامی کومیتەی وڵاتەوە، بەخێرهاتنی بەشداران کرا.

پاشان رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” و چەند ساتێک وەستان بە بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد.

بەدوای ئەودا، پەیامی کومیتەی نۆڕوێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایان هاوڕێ “حەسەن غەمبار” بەرپرسی کومیتەی نۆڕوێژەوە پێشکەش کرا کە لە بەشێک لە پەیامەکەدا وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان و نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان، هاتبوو: “ئەمڕۆ لەم ڕۆژە پیرۆز و مێژووییەدا ڕێز لە دامەزرانی حیزبێک دەگرین کە 74 ساڵ لەمەوبەر لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد و هاوبیرەکانی دامەزرا. حیزبێک کە لە ڕێکخراوێکی نهێنییەوە بوو بە حیزبێکی کراوە، دێموکڕات و بەربەرین کە هەموو چین و توێژەکانی کوردەواری لە دیندار و لائیک، کرێکار و مامۆستا، وەرزێر و خوێندەوار، دارا و نەدار و ڕووناکبیری لە دەوری ئامانج و دروشمەکانی خۆی کۆ کردەوە.”

هاوڕێ حەسەن غەمبار بە ئاماژە بە رابردووی پڕ لە شانازی عیزبی دێموکراتی کوردستان و خەبات و قوربانیدانی ئەو حیزبی بۆ گەیشتن بە خەون و ئارەزووە دیرینەکانی نەتەوەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان گوتی: “بێگومان پەرەپێدانی هزر و بیری نەتەوەیی و پێشەنگایەتی ئەو حیزبە لەو ڕێگا پڕ سەروەرییەدا بێ قوربانی و تێچوو نەبووە. لە ماوەی زیاتر لە حەوت دەیەدا حیزبەکەمان بۆ پاراستنی ئەو دەسکەوتانە و سەرخستنی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان قوربانیی زۆر بە نرخی داوە تا ئاڵای ڕزگاری کورد و مەشخەڵی ڕێگەی ئەو خەباتە خوێناوییە هەر شەکاوە و بڵێسەدار ڕابگرێ. هەزاران ڕۆڵەی فیداکاری ئەو گەلە لە کوڕان و کچانی شۆڕشگێڕ و ژن و پیاوی ئازا و بە ئەزموون لە ڕیزی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بوونە قۆچی قوربانی، ڕێبەرانی پێشەنگی ئەو حیزبە خۆیان پێشەنگی ئەو قوربانییەن و لە دوورەوە ڕێبەرایەتی ئەو شۆڕشەیان نەکردووە، بەڵکوو بەسەربەرزی چوونە سەر سێدارە، قارەمانانە لە بەرەکانی شەڕدا دەیان ئەندامی ڕێبەریی و فەرماندەی ئەو حیزبە سینگی خۆیان کردە قەڵغانی پاراستنی خاک و خەڵکی کورد و لەو رێگایەدا بوونە چقڵی چاوی دژمن و بەدەست دژمن تێرۆر کران.

لەو ماوەیەدا حیزبی دێموکراتی کوردستان نەک لە خەبات و فیداکاریی ماندوو نەبووە، نەسرەوتوە و نەوەستاوە، بەڵکوو شێلگیرانە و بێ هەدادان لە نێوخۆی وڵات و لە هەندەران، لە بەندیخانەکان و لە سەنگەری بەرگریدا درێژەی بەو خەباتە مافخوازانەیە داوە.”

ئەوجار پەیامی هاوبەشی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان و یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایان خاتوو “نەمام زەڕڕین فام” بەرپرسی گشتیی یەکێتی ژنانی دێموکرات لە وڵاتی نۆڕوێژ هاتە پێشکەش کردن.

لە بەشێک لە پەیامەکەدا، ئەوە خرابووە روو کە: “۷٤ ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژێكی مێژوویی وەك ئەمڕۆدا لە پارچەیەكی كوردستانی داگیركراو دا، لە شاری مەهاباد، كۆمەڵێک رووناكبیر و دڵسۆزی كورد، بناغەی حیزبێكیان دانا كە لە بەرنامە و جیهانبینی ئەو حیزبە دا، ویست و داخوازییەكانی چەند هەزار سالەی نەتەوەی كورد بەدی دەكرا. هەر لە سایەی دامەزراندی ئەو حیزبە ئازادیخواز و یەكسانخوازەوە هەل و بەستێنی گونجاو رەخسا بۆ دامەزرانی یەكێتیەكانی ژنان و لاوان و بەشداری چالاكانەیان لە كارو باری سیاسی و كۆمەڵایەتیان لەو حیزبەدا. دامەزرانی حیزبی دیمۆکرات ڕاسانێکی مودێڕن بوو کە بزاڤی نەتەوایەتی کوردی بردە قۆناغێکی نوێ و پڕ لە دەسکەوتەوە. پێشەوا قازی محەممەد سەمبۆلی هەمیشە زیندووی پێشمەرگەیەکی ڕێبەرە کە بۆ هەتاهەتایە لە دڵی کوردستان و کورددا دەمێنێتەوە. حیزبی دێموكرات بە دامەزراندنی رێكخراوی تایبەت بە ژنان، دەسكەوتێكی گەورەی لە مەیدانی یەكسانیخوازی جێندێری دا تۆمار كرد و بە بەشداریپێكردنی ژنان لە كایە سیاسییەكان و بریاراتەكانی حیزب دا، هەوڵی داوە ئەو میراتەی پێشەوامان، بپارێزێ.”

بەدوای ئەو ]پەیامەدا، بەم بۆنەوە پیرۆزەوە، پارچە هۆنراوەیەک بە ناوی “پارتیزان” لە لایان هاوڕێ “نیعمەت بالە”وە خوێندرایەوە.

دوا بڕگەی ئەو یادە پیرۆزە تەرخان کرابوو بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ کە لەم بەشەشدا، هونەرمەندی دەنگخۆشی رۆژهەڵاتی کوردستان کاک “محەممەد تاهوو” بە هاوکاریی ژەنیاری بە توانا کاک پێشڕەو، رێوڕەسمەکەیان هەرچی زیاتر رازاندەوە و بەشداران بە شایی و هەڵپەڕکێ یادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان بەرز راگرت و ئەو بڕگەیەش تا دەرەنگانی شەو بەردەوام بوو.

شایانی باسە ئەو حیزب و رێکخراوە سیاسییانەی کە بەشداری ئەو رێوڕەسمە بوون و بە برووسکە و چەپکە گوڵەوە پیرۆزبایی ئەو یادە پیرۆزەیان کردبوو، بریتی بوون لە:

– لێژنەی رێکخراوی ئۆسڵۆی پارتی دێموکراتی کوردستان

– کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

– سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

– لێژنەی ناوچەی نۆڕوێژی پارتی دێموکراتی کوردستان

– یەکێتی نیشتیمانی کوردستان

– کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

– پارتی ئازادیی کوردستان

حیزبی دێموکراتی کوردستان – کومیتەی نۆڕوێژ