وەزارەتی دەرەوەی سوید داوا لە گشت هاووڵاتیانی و هەموو ئەو کەسانەی کە هەڵگری ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی سوید،ین دەکات کە لە چوون بۆ ئێران خۆ بپارێزن

دوابەدوای ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە پەیوەندی نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا دا هاتە ئاراوە و بە تایبەت دوای کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام و سەپاندنی سزای ئابووری و سیاسی قورس بە سەر ئێراندا، ڕژیمی ئیسلامی ئێران دەستی دایە چەندین کردەوەی نامەسئوولانە کە جگە لە گرفت بۆ خەڵکی ئێران و هاتنە خوارەوەی پێگەی ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتی دا هیچ دەستکەوتێکی دیکە بە دوای خۆیدا نەهێنا. بە تایبەت لە دوای ڕفاندنی ٢ نەوتکێشی گەورە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی گەرووی هورموز دا، وڵاتانی ئورووپایی هەستیان بە مەترسی زیاتری ئەو دەسەڵاتە سەرکوتگەرە بۆ سەر ئاسایش و هێمنی کۆمەڵگای جیهانی کردووە.

هەر لەو پەیوەندییە دا وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی سوید لە بەیاننامەیەکی فەرمی دا کە لە پێگەی سەرەکی ئەو وەزارەتخانەیە، لە تۆڕی ئینتێرنێت دا بڵاو کراوەتەوە، داوا لە گشت ئەو کەسانەی کە هەڵگری ڕەگەزنامەی سویدین کراوە کە بە هەموو شێوەیەک خۆ لە چوون بۆ ئێران و تەنانەت نزیک بوونەوە لە سنوورەکانی ئەو وڵاتە، بە تایبەت لە سنوورەکانی نێوان ئیڕان و پاکستان و ئەفغانستان و عێراق خۆ ببوێرن.

لە چەندین دیدار و چاوپێکەوتنی نێوان بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزب لە وڵاتی سوید و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، بە ئاشکرا ئاماژە بە بێ سەرەوبەریی یاساکانی ئێران دەرحەق بە هاووڵاتیانی ئوروپایی کرابوو و هاوکات بە بەڵگەی حاشا هەڵنەگر باس لە پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە کرابوو. لە دوایین دیداری بەرپرسانی ح د ک لەگەڵ کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی سوید داوا کرا بوو کە بۆ پاراستنی گیان و سەروماڵیان، حکومەتی سوید بە دەرکردنی یاسایەک پێش بە هاتوچۆی هاووڵاتی سویدی یان ئەو کەسانەی هەڵگری ڕەگەزنامەی سویدین بۆ ئێران بگرێ. ئەو بەڵگەنامانەی کە لە لایەن بەشی پەیوەندییەکانی حیزبەوە ڕادەستی وەزارەتی دەرەوەی سویدی کرابوون، بوونە بەشیک لەو هۆکارانەی کە حکومەتی سوید بڕیاری ئاوا بدات.

لەو بڵاو کراوەی وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی سوید دا و لە چەندین بڕگەی جیاواز دا داوا لە هاووڵاتیانی سوید و ئەو پەنابەرانەی کە هەڵگری ڕەگەزنامەی سویدین کراوە کە دەبێ لە کاتی چوونیان بۆ ئێران، بە وردی ڕچاوی گشت ئەو خاڵ و یاسانە بکەن کە لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە بۆ چوونە ناو ئەو وڵاتە دەستنیشان کراون، ئەگینا تووشی گرتن و لێپرسینەوەی نایاسایی دەبن. هاوکات داوا کراوە کە لە ئەگەر هەرجەشنە گرفتێک دا لەو وڵاتە، بە پەلە باڵویزخانەی سوید لە تاران ئاگادار بکەنەوە.

لەو خاڵانەی کە لەو بەیاننامەیە دا ئاماژەیان پێکراوە، بە زەقی باس لەوە کراوە کە حکومەتی ئیسلامی ئێران ڕێز لە هیچ یاسا و ڕێسایەکی نێودەوڵەتی ناگرێ و هاوکات هیچ کام لەو ڕەگەزنامە سویدیانەی کە لەو وڵاتە دراون بە پەنابەرانی ئێرانی، لە یاساکانی ئێراندا قبووڵ ناکرێن و ڕێزیان لێ ناگیری.

جێگەی باسە کە وڵاتانی سوید، نۆروێژ و فینلاند بە ئاشكرا و بە نووسراوەی ڕەسمی داوایان لە هاووڵاتیانی خۆیان کردووە کە لە چوون بۆ ئێران خۆبپارێزن. پێشتریش چەند ولاتی ئوروپایی دیکە بە هەمان شێوە داوایان لە هاووڵاتیان خۆیان کردبوو کە لە چوون بۆ ئێران خۆ ببوێرن.

https://www.swedenabroad.se/sv/om-utlandet-f%C3%B6r-svenska-medborgare/iran/reseinformation/ambassadens-reseinformation/?fbclid=IwAR1Zu6Xb5pe2SrGEKtDob3r3w5XXlGOnrjk0gN4PEgN4yhDVy4IXUwBjkg8