بزووتنەوەی کوردستانی ئێران ئێستاش باوەڕی بە بیرۆکە دێموکراتیکەکانی د. قاسملوو هەیە

خالید عەزیزی

سی ساڵ پێش ئێستا، لە ڕێکەوتی 22ی پووشپەڕی 1368دا؛ دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی ئاشتیخوازانە بۆ پرسی کورد، لەگەڵ وەفدێک لە نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لە شاری ڤییەن کەوتە وتووێژەوە. دیپلۆمات_تێرۆریستەکانیکۆماری ئیسلامی کە بە ڕواڵەت بە مەبەستی وتووێژ بەڵام لە نێوەرۆک و کردەوەدا بۆ تێرۆرکردنی ئەو چووبوونە ڤییەن، لە کاتی بەڕێوەچوونی ئەم وتووێژانەدا دوکتور قاسملوو، ڕێبەری حیزبی دێموکرات و عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر ئەندامی کومیتەی ناوەندییان تێرۆر کرد.

فەلسەفەی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە یەکەم ڕۆژی دامەزرانیەوە لە ساڵی ١٩٤٥ی زایینیدا و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان بە ڕێبەریی پێشەوا قازی محەممەد، هەردەم ئەوە بووە کە پرسی کورد لە ئێران پرسێکی سیاسی و نەتەوەییە و، تێکۆشاون هەتا لە ڕێگەی وتووێژەوە ئەم پرس و کێشانە چارەسەر بکرێ.

لەدوای شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی 1357دا سیاسەتی حیزب بەڕێبەریی دوکتور قاسملوو هەر بەپێی پێشووتر پێداگری لەسەر چارەسەری ئاشتیخوازانەی کێشەکان بوو، سیاسەتێک وا لەدوای شەڕی سێ مانگە و بەردەوامیی حەول و تێکۆشانی خەباتکارانی کورد؛ دەوڵەتی کاتیی بازەرگانی ناچار بە قەبووڵی وتووێژ کرد و بۆ ماوەیەکی کورت ئاشتی و ئاشتەوایی لە کوردستان جێگیر و سەقامگیر بوو.

لەدوای نیزیک بە دە ساڵ لە شەڕی داسەپاوی کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵکی کورددا و بەرخۆدان و پارێزگاریی پێشمەرگەکانی کوردستان، دوکتور قاسملوو بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەم شەڕە نێوخۆییە لە ساڵی 1368دا ئامادەیی خۆی بۆ وتووێژ کردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەربڕی. بەڵام بەداخەوە پەیامی ئاشتیی گەلی کورد بە نوێنەرایەتیی دوکتور قاسملوو بە فیشەک وڵام درایەوە و بووە هۆی شەهیدبوونی ئەو و هاوڕێیانی.

بزووتنەوەی کوردستانی ئێران و هەروەها حیزبی دێموکراتی کوردستانیش لە دوای تێپەڕ بوونی سی ساڵ بەسەر ئەم تێرۆرەدا، ئێستاش بڕوای بە بیرۆکەی دێموکراتیک و ئاشتیخوازانەی دوکتور قاسملوو هەیە و درێژە بە خەباتی ڕەوای خۆی دەدا و لەم پێناوەدا قوربانیی زۆریشی داوە.

ئێستاش سەرەڕای ئەوەیکە دەسەڵاتی سیاسی لە تاران بەردەوام حەولی ئەوەی داوە پرسی کورد بخاتە خانەیەکی ئەمنیەتییەوە و، بە مەبەستی لەنێو بردنی گەلی کورد بەردەوام ڕێگەچارەی توندوتیژ و ئەمنیەتی ڕەچاو دەکا.

بەڵام گەشەی سیاسی و نەتەوەیی خەڵکی کوردستانی ئێران و چالاکی و بەشداریی بەکردەوەیان لە گۆڕەپانە جیاوازەکان لە بۆنەگەلی جۆراوجۆری مەدەنی، کولتووری، ئەدەبی و نەتەوەیی لە پێناوی داکۆکی‌کردن لە مافە نەتەوایەتی و دێموکراتیکەکانیان، دەرخەری ئەم ڕاستییەیە کە بیر و ئەندێشەکانی دوکتور قاسملوو و حیزبەکەی بە تێرۆر و سیاسەتی حاشاکردن لەنێو ناچێ. بەڵکوو بەپێچەوانەوە خەڵکی کوردستان لە خەباتی خۆیاندا شێلگیرتر دەکا.

بەرخۆدان و مانەوەی هێزی پێشمەرگە لە درێژایی ئەم ساڵانەدا لە لایەک و بەردەوامیی خەباتی بەربڵاوی چین و توێژەکانی خەڵک لە بواری مەدەنیدا، شایەدێکە لەسەر ڕاستی و دروستیی سیاسەتی فرەلایەنەی حیزبی دێموکرات و ئەندێشەکانی دوکتور قاسملوو لەم بوارەدا.

نەمر دوکتور قاسملوو لە دەسپێکی هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، بەردەوام دەیگوت: «ئەگەر تاقە ڕۆژێک شەڕ لە کوردستان ڕاوەستێ، خەڵکی ئێران و گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بە سەدان ڕۆژ قازانج دەکەن.»

ڕوانگەی ئەمنیەتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ کوردستاندا بە تێرۆری دوکتور قاسملوو کۆتایی پێ نەهات. تێرۆری دوکتور شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی لە ئاڵمان لە ساڵی 1371دا، تەقینەوە لە شەوی یەلدادا لە ساڵی 1395 و، هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندیی حیزب لە شاری کۆیە لە ساڵی 1397دا کە بووە هۆی کوژران و بریندار بوونی دەیان کەس لە ئەندامانی ڕێبەری، کادر و پێشمەرگەی حیزب کە لە نێویاندا ژن و منداڵیشی تێدا بوو؛ کۆی ئەمانە و سەدان پیلانی دیکەی کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سیاسەتی بە ئەمنیەتی کردنی کوردستان و تێرۆری دژبەرانی دەسەڵاتەکەی بەتایبەت ڕێبەرانی کوردی ڕەچاو کردوە و هەتا بە ئێستاش بەردەوامە لەسەر ئەم سیاسەتەی خۆی.

ئێستا کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، کۆماری ئیسلامییان لە پێوەندی لەگەڵ بابەتی ناوەکی و ڕێککەوتنی «بەرجام» بەرەوڕووی کێشەگەلی گەورە و بەربڵاو کردووەتەوە، ئێمە لەگەڵ ئەوەی کە پێشتریش ڕامانگەیاندوە کە سیاسەت و ئاکاری نابەرپرسانەی ئەم ڕێژیمە بووەتە هۆی کێشە خولقێنی لە نێوخۆ و لە ناوچەدا، لە هەمان کاتدا ڕوونمان کردووەتەوە کە کێشەی ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیی تاران لەسەر ماف و داواکارییەکانمان دەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵ زووتر لە کێشە و شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا.

کەواتە تەوەری سەرەکیی خەبات و دژایەتیی ئێمە لەگەڵ تاران داواکاریی نەتەوەیی و دێموکراتیک و مرۆڤانەی خەڵکی کوردستانە کە لە جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤدا هاتوە. هەر بەگوێرەی ئەم جاڕنامەیە گشتپرسی و ڕێفراندۆم بەشێکن لە مافی سروشتیی خەڵکی کوردستان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان. مافێک کە دوکتور قاسملوو خەباتی بۆ کرد و ئێمەش درێژەی پێ دەدەین.

لە ئەگەری هەر چەشنە گۆڕانێکی سیاسی لە داهاتووی ئێران بێتوو هەمدیسان سەرنج نەدرێتە داوا دێموکراتیک و نەتەوەییەکانی گەلی کورد _هەر بەو شێوەیەی کە تا بە ئێستا وا بووە_ نەک هەر زیان دەگەیەنێ بە ڕەوتی دێموکراسیزاسیۆن لە ئێراندا، بەڵکوو بەگشتی لە قازانجی سەقامگیری و پێشکەوتنی ئێراندا نییە.

بەردەوامیی بیری گشتخوازانەی دەسەڵاتی تاران و بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆ، داهاتووی ئێران بەرەو کۆمەڵێک سێناریۆی ناڕوون دەبا.

دوکتور قاسملوو وەک سیاسەتوانێکی پراگماتیست و بە پێڕەوی لە واقعبینیی سیاسی، بەردەوام هەوڵی دەدا دەرفەتەکان بقۆزێتەوە و ڕێگەچارەی گونجاو گەڵاڵە بکا و بیخاتە ڕوو. بەڕێزیان لە هەموو ماوەی چالاکیی خۆیدا پێداگری لەسەر یەکیەتی و هاوکاریی حیزبە کوردییەکان لەگەڵ دیکەی هێزە سیاسییەکانی ئێران دەکرد.

سی ساڵ پێش ئێستا دۆسییەی تێرۆری دوکتور قاسملوو لەلایەن دەزگای دادی وڵاتی ئۆتریشەوە بەدواداچوونی یاسایی بۆ نەکرا و، بەداخەوە نەک هەر هیچ دادگا و پارێزەرێک بۆ تاوتوێ کردنی ئەم دۆسییەیە دیاری نەکرا و بەڕێوە نەچوو؛ بەڵکوو دیپلۆمات_تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی بە ئازادی چوونەوە بۆ تاران.

ڕۆڵی سیاسیی دوکتور قاسملوو لە بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و ئێران و گەورەیی هزر و ئەندێشەکانی، سیمای سیاسەتوانێکی دیاری کوردستانی و ئێرانی پێ بەخشیبوو، بەشێوەیەک کە هەر تاک و هێزێکی دێموکرات و پێشکەوتنخواز دوکتور قاسملوو بە ئیی خۆی دەزانێ. هەربۆیە جێگەی خۆیەتی لە سییەمین ساڵڕۆژی تێرۆری ئەم ڕێبەرە بەرچاو و سیاسەتوانە گەورەیەدا، هەموومان پێکەوە و بە هەر شێوازێک کە دەکرێ یاد و بیرەوەریی نەمر قاسملوو بەرز ڕابگرین و تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئیدانە بکەین.

یاد و تێکۆشانی دوکتور قاسملوو لە بیرۆکە و مێشکی گەلی کورد و بەرنامەی سیاسیی خەباتی حیزبی دێموکرات بە چەشنی چرایەکی ڕێگای خەبات بۆ هەمیشە هەرمانە.