ڕێژیمی ئێران بە تیرۆرکردنی دوکتور قاسملوو

دیمانە: ئازاد مستۆفی

سامانێکی مەعنەویی مەزنی لە حیزبی دێموکرات، کوردستان، خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناڤین ستاند
[ بێ هۆ نییە کە دەڵێن دوکتور قاسملوو نەک هەر تەنیا ڕێبەری حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی ئازادیخوازی و مافویستی کوردستان بوو، بەڵکوو لە ڕێبەرە کاریزماتیک و ئاوانگاردی پێواژۆی دێموکراسی خوازانە لە ئێران بووە. هەر بۆیەش تیرۆری ئەم کەسایەتییە و نەبوونی ئەو، زەربەیەکی بەهێز بوو؛ کە وە جەستەی ڕەوتی خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگای گێشتن بە ئازادی و دێموکراسی کەوت.
ڕۆژنامەی «کوردستان» لە سییەمین ساڵیادی تیرۆری د قاسملوو و هاوڕێیانی لە ڤیەن بە دەست دیپلۆمات تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی، بۆچوونی چەند کەس لە کەسایەتییەکان و چالاکانی سیاسی باقی ڕەوتە سیاسیەکان لە مەڕ تایبەتمەندییە دیارەکانی د.قاسملوومان پرسیوە.]

“د.کەریم عەبدیان”، کەسایەتیی سیاسیی عەڕەب و بەرپرسی ماڤی مرۆڤی ئەهواز لە واشینگتۆن
ناوی دوکتور قاسملووم بۆ یەکەم جار کاتێک کە لە نیویۆرک خوێندکار بووم و وەک چالاکێکی سیاسی کارم دەکرد، لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٧٠ی زایینی لە هاوڕێ کوردە تێکۆشەرەکانم لە ئەمریکا بیستبوو. هەر لەو ساڵانەدا و دواتر کە بوومە بەرپرسی نێودەوڵەتیی کۆنفدراسیۆنی خوێندکارانی ئێران و چالاکییەکانم لە ئاستی ڕێبەری بە دژی شا توندەی پێ درا، زیاترم لەسەر ئەو زانی و خوێندەوە و پەیامم بۆ نارد و لەوێدا باسی ئەوەم بۆ جەنابیان کردبوو کە، خەباتی ئێمەش وەک گەلی عەڕەبی ئەهواز لە ئێران هاوتەریب دەگەڵ خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد درێژەی هەیە و ئێمە پێکەوە هاوسەنگەرین. دوای تەواو بوونی خوێندن لە ساڵی ١٩٧٦ی زایینی بە نهێنی گەڕامەوە ئێران کە گیرام و بۆ ماوەی ٢ساڵان لە بەندیخانەی ئیڤین زیندانی کرام و هەر لەوێش بوو کە دەگەڵ زۆرێک لە خەباتکار و تێکۆشەرە ڕاستەقینەکانی کورد هەم لە زیندانی ئیڤین هەمیش لە زیندانی قەسر هەروەها لە کۆمیتەی هاوبەشی ساواک و شارەبانی، دەگەڵ هاوڕێیانی د.قاسملوو قسەم دەکرد و دوای ئازاد بوونیشم و دوای شۆرشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ بەردەوام پێوەندییەکانم دەگەڵ ڕێبەرانی کورد پاراست. پێوەندییەکانی ئێمە دەگەڵ دوکتور قاسملوو و ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان گەلێک توندوتۆڵ و هەتا شەهیدیش بوو هەر بەردەوام بوو. ئەگەرچی ئێمە لە ساڵەکانی هەوەڵ هیندێک جیاوازیی ڕوانگەی سیاسیمان دەگەڵ د.قاسملوو و ڕێبەری حیزبی دێموکرات هەبوو، بەڵام کاک دوکتور نەک هەر تەنیا ڕێبەرێکی کورد بەڵکوو بەراستی ئەومان وەک یەکێک ڕێبەرانی نەتەوەی خەباتکاری عەڕەب و هەروەها لە ڕێبەران و پێشەنگ و ئاڵاهەڵگری خەباتی سەرجەم گەلانی شۆناسخواز، ژێردەستە و پەراوێزخراوی کورد، عەڕەب، تورک، بەلووچ و تورکمان و … دەزانی و ئێستاش دەزانم. هەربۆیە بەم هۆکارانەی باسم کرد بەڕاستی بۆشایی و نەبوونی د.قاسملوو هەر وەک گەلی کورد، هەست پێدەکەم. ئەو کە لە فەڕانسە، ناوندی کۆبوونەوەی گەلانی ژێردەستی ئیستعماری جیهانی سێهەم، لە سوربۆن دەرسی خوێندبوو و لێی ژیابوو و باش دەگەڵ خەبات و تێکۆشانی گەلانی ڕۆژهەڵات و ئەفریقا و ئەمریکای باشوور ئاگادار بوو، لەو ڕوانگەیەشەوە ماموستایەکی باش بوو بۆ هەموومان.

“محەمەد نەزەری”، ئەندامی ڕێبەریی ئەنجومەنی یەکگرتوویی تورکمان
ڕەوانشاد دوکتور قاسملوو، وەک ڕێبەرێکی زانا و پراگماتیست لە سیاسەتمەدارانی دێموکرات و ناوداری ئێرانی و ڕۆژهەڵاتی ناڤین بووە. ئەو باوەڕێکی قوڵی بە پێویست بوونی مێژوویی خەڵکی ئێران بە دامەزراندن و نەهادینە کردنی دێموکراسی بۆ دەرباز بوون لە زوڵم و زۆری هەبوو و درووشمی دێموکراسی بۆ ئێران و خودمختاری بۆ کوردستانی کردبوو درووشمی ستراتژیکی حیزبی دێموکراتی کوردستان.
لە ساڵی ی هەتاوی١٣٦٥ کاتێک کە ئێمە، واتە چالاکانی سیاسی تورکمان لە حیزبی تودە و ڕێکخراوی ئەکسەریەت جیا بووینەوە و ناوەندێکی کولتووری و سیاسیی سەربەخۆمان دامەزراند، بەپێی ڕاپۆرتی گوتەبێژ و ڕێبەری ئەوکاتی ناوەندەکەمان، ئەم هەوڵەی چالاکانی سیاسیی تورکمان جارێکیتر وەک سەرەتاکانی ساڵی ١٣٥٧، لەلایەن حیزبی دێموکرات بە سەرکردایەتیی د.قاسملوو هاوکاری و پشتگیری کراین و بەو ڕوانینە یەکیەتی خوازانەیە، ڕەوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم دوو نەتەوەیە ساڵانێکە کە درێژەی هەیە.
دوکتور قاسملوو لە ڕەوتی چالاکیە سیاسیەکانی خۆی، تەنانەت بە مەرگی جەرگبڕی یەکجارەکیشی بۆ بە جیهانیبوونی پرسی کورد و داخوازییەکانی ئەو گەلە ڕۆڵێکی مێژوویی و لەبیر نەکراوی گێڕاوە. یادی بەڕێز و ڕێگای بەردەوام بێ.

“عەزیز دادیار”، نووسەر و چالاکی سیاسی بەلووچ
“سعدیا! مرد نکونام نمیرد هرگز
مرده آن است که نامش به نکویی نبرند”
نەمر د.قاسملوو، کەسایەتیی سیاسیی جیهانی، گەورەیی خۆی هەروا بەسووک و سانایی وەدەست نەهێنابوو، ئەو وێڕای خۆشەویستی خەڵکی نیشتمانەکەی، خەڵکی هەموو دوونیای خۆش دەویست، هەر بۆیە هەموو سوسیالیستەکانی جیهان، دۆستایەتیی ناوبراویان بە شانازییەوە وەردەگرت و ئەو بە یەکێک لە هاوڕێیان و تێکۆشەرانی جیهانی حیزبە سوسیالیستە نێونەتەوەییەکان دەژمێردرا. قاسملوو یەکێک لە ماموستایان و بناخەدارێژەرانی، یەکیەتیی نەتەوەیی هەموو خەڵکی ئێران بوو، درووشمی دێموکراسی بۆ ئێران و خودمختاری بۆ کوردستان هەرماوترین دروشمی سیاسی لە ڕێگای یەکیەتیی نەتەوەیی هەموو ئێرانیەکان بووە.
ئەو لەنێو سیاسەتمەدارانی ناسراوی ئێرانی، یەکێک لە ئاوارتەترین سیاسەتمەدارنی وڵات بوو کە «سازانی سیاسی» لە کرداری خۆی، وێڕای مەرگ و نەمانی خۆی، لە مەیدانی سیاسەتدا، شرۆڤە کرد. کاتێک کە حکوماتی ئاخوندی، ڕێوی ئاسا ویستیان خەڵکی کوردستان بە چەواشەکاری و درۆ لێی داماڵن و ئەو وەک کەسێکی دژە ئاشتی نەتەوەیی بناسێنن، ئەو گیان و ڕۆحی خۆی خستە نێو گۆمی زێڕینی ڕاستی و گیان لەسەردەست ئامادەی خەبات دەگەڵ مردنێک بوو هەتا سیاسەتی مەلا و کاربەدەستانی ڕێوی حکومات بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بکا. ئەگە جار جارە لە سیاسەتەکانی ناوخۆی کوردستانی ئێران، لێرە و لەوێ، ئەمجۆرەی هیندێ لە گرووپە سیاسیەکانی کوردستان بە ڕخنە و لۆمە، کەموکووڕیەکی لێ دەگرن، هیچ لە سیاسەتەکانی و کەسایەتیی شوێندانەری جیهانیی ئەو زاتە کەم نابێتەوە، چوونکە ئەو ناوازە و ئاوارتەیەک لە جیهانی سیاسەتدا نەبوو و هەموو کەسایەتییە مەزنەکانی جیهانی، تووشی ئەو خاڵانە بوونە و ئەویش وەک هەموو مرۆڤێکی سیاسی و ڕیالیستی جیهان بووە.
د. قاسملوو لە بەرەو پێشبردنی خەباتی سیاسی خەڵکی کورد لە ئێران، بەردەوام ڕێگای درووستی یەکیەتیی نەتەوەیی دەگەڵ هەموو خەڵکی دەویست، هەربۆیە ئەمڕۆ، هەموو ئێرانییەکان، ئەو وەک گیانبازی هەموو تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و دێموکراسی دەناسن و لە نەمانیدا وێڕای شین گێران سڵاو و سپاس دەنێرن بۆ ڕووح و ڕەوانی ئەو بلیمەتە و یادی هەردەم بەرز ڕادەگرن.

“ڕئووف کەعبی”، ئەندامی ڕێبەریی یەکیەتیی فیداییانی خەڵقی ئێران
دوکتور عەبدوڵڕەحمانی قاسملوو هەم بۆ کوردستان و هەمیش بۆ کۆمەڵگەی ئێران سامانێکی سیاسیی لەبڕاننەهاتوو بوو کە توانیی کاریگەریەکی زۆر لە سەر کۆمەڵگەی خۆی دابنێ. ئەم سامانە مەزنە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر مێزی گوتوبێژ لە ئێمەی ستاند، زەربەیەکی گەورە بوو بۆ سەر حیزبی دێموکرات و کوردستان و کۆمەڵگەی ئێران و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ناڤینیش. من، بەڕێزیانم بۆ یەکەم جار لە میتینگە مەزنەکەی مهاباد کە چاوپێکەوتنێکی کورت بوو دیت، ئەم دیدار و جڤینانە بەردەوام هەبوون و بەڕێزیان کەسایەتییەک بوون کە هەر جارێ کە دەمدیت، شتێکی تازەی لێ فێر دەبووم، د.قاسملوو دەگەڵ هەبوونی جیاوازی بیروڕا کاریگەری لەسەر بەردەنگەکەی خۆی دادەنا.
د.قاسملوو هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی شۆرشی گەلانی ئێران هەوڵی ئەوە دا کە بەرەیەک لە هێزە دێموکرات و پێشکەوتن خوازەکان پێک بێنی و دواتر هێزەکان بەو هەوڵ و تێکۆشانەی کە دوکتور قاسملوو وەک زەرورەتێک دەیدی، گەشتن. پێوەندیە بەربڵاوەکانی لە، پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی بووە هۆی ئەوە کە بتوانێ باشتر پرس و داخوازییەکانی کورد لە کۆمەڵگە نێودەوڵەتییەکان باس بکا. ناوبراو لە یەکەم کەسایەتییەکانی کورد بوو کە توانیبووی بەو ئاستە بەربڵاوە پرسی کورد لە جیهاندا بێنیتە بەرباس و بیناسێنیت.
وێڕای ئەو هەمووە کێشە و گرفتەی نێو ژیانی و دووری لە نیشتمان و وڵات و خوێندن لە زانستگە و وەرگرتنی بڕوانامە، دوکتور قاسملوو توانی ژان و دەردی خەڵکی کورد بگەینێتە کۆمەڵگە ئوروپاییەکان. کاتێک کە د.کوشنێر کە ئەو کات وەزیری ساخلەمیی فەرانسە بوو و لە مەراسیمی ناشتنی دوکتور قاسملوو قسەی کرد گوتی: «د.قاسملوو ماموستای دێموکراسیی من بوو». ئەمە نیشاندەری چالاکییەکانی پێشووی دوکتور قاسملوو لە بەرگری و ناساندنی خەبات و تێکۆشانی بووە.