د. قاسملوو، ئولگوویەک بۆ هەموو وەرزەکانی ژیان

د. کوێستان گادانی

زۆر کارێکی دژوارە کە پێنووسی کولی من بیهەوێ لەسەر کەسایەتییەك بدوێ کە دەرفەت و شانازیی کاری ڕۆژانەم دەگەڵی نەبووبێ، لە ناوەندی بڕیاردان و کاری ئۆرگانیدا شانازیی ئەوەم نەبووە لە خزمەتیدا بم، بەڵام هاوکات هەر لە دەستپێكی كاری سیاسیمدا ئەم کەسایەتییە ڕێبەرەم بە یەکێک لە ئۆلگووەکانی خۆم هەڵبژاردوە. دژوارتر لەوە ئەوەیە کە بتهەوێ لەسەر کەسێک بدوێی کە لە کات و زەمانی خۆیدا ڕێبەر و کەسایەتییەکی خەللاق بووە و، منی قوتابیی قوتابخانەی شۆڕشی ئەوکات دوای ٣٠ ساڵ لە شەهید بوونی بمهەوێ کاریگەریی ئەم کەسایەتییە لە ژیانی حیزبیمدا دەرببڕم.
هەموو منداڵ و لاوێک تا دەگاتە کات و ساتی بڕیاردان و هەڵبژاردنی ڕێگای ژیانی خۆی دەکرێ بڵێین کە لەژێر کاریگەریی شێوە ڕوانینی بنەماڵەی خۆیدایە. بە تایبەتی لە کومەڵگەی کوردەواریی خۆماندا و ئەویش ٣٠- ٤٠ ساڵ لەمەوبەر کە ئەم کاریگەرییە بەرچاوتر بوو لەچاو سەردەمی ئێستا. کەواتە ناسین و خۆشەویستیی ڕێبەری شەهید و هەروەها کاریگەریی لەسەر ژیانی من هەر لە سەردەمی منداڵیمەوە واتە لە تەمەنی ٦-٧ ساڵیدا لەژێر تەئسیری خۆشەویستی و تێکەڵاویی بنەماڵەمان دەگەڵ ڕێبەری شەهید؛ دوکتور قاسملوو دەستی پێکردوە. ئەم هەست و سۆز و خۆشەویستییە لەم کاتەوە تا ئێستا و لە داهاتووشدا بۆ یەک ساتیش لە ژیاندا نە کەم بۆتەوە نە کەمیش دەبێتەوە. بە نیشانەی ڕێزلێنان لە کەسایەتیی بەرزی شەهید قاسملوو، لەم چەند دێڕەی خوارەوەدا هەوڵ دەدەم لە چەند خاڵدا باسێک لە کاریگەریی بەڕێزیان لەسەر حیزبی بوونی خۆم بەکورتی بکەم؛

یەکەم، کۆمەڵایەتی بوون و ڕووخۆش بوونی
لە کۆمەڵگەی کوردەواریی ئێمەدا باوە کە ئەگەر کەسێک لە هەر بوارێکەوە لە کۆمەڵگەی خۆیدا لێهاتووییەک، خوێندەواری یان دەسەڵاتێکی مادی و مەعنەویی بەرچاوی هەبێ، بە شێوەیەک بەرخوردی دەگەڵ دەکەن کە ئەگەر ئەم کەسە کۆمەڵگەی خۆی بە باشی نەناسێ و ژیرانە ئاگای لە خۆی نەبێ ئەم گەورەکردنەوە و رێزلێگرتنە تایبەتییە، بە زەرەری کەسایەتییەكە و بگرە کۆمەڵگەش تەواو دەبێ. بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دەورانی ڕێبەری شەهیدمان، کۆمەڵایەتی بوونی ئەو، تێکەڵاوی و هەڵسوکەوتی دەگەڵ خەڵک هیچکات ڕێگای بەوە نەدا کە ئەم دیاردە کۆمەڵایەتییە، ئەو بکاتە کەسێکی جیاواز و دوور لە خەڵکەکەی خۆی. هەرچەندە ئەو ئێلێمانانەی کەوا دەرەنجامی ئەم دیاردە ناشیرینەی لێ دەکەوتەوە بەڕادەیەکی زۆر لە دوکتور قاسملوودا هەبوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەی د.قاسملوو لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند و بە ناوبانگ گەورە ببوو، بە وەرگرتنی بڕوانامەی دکتورا لەو کاتەدا کە بە دەگمەن خەڵکی لای خۆمان تەنانەت هەتا وەرگرتنی لیسانسیش هەڵکشابوون، گەڕانەوەی لە ئورووپا و زانینی چەند زمانی بیانی و هتد؛ بەڵام دێموکرات و عەداڵەتخواز بوونی ئەو مەجالی بۆ چەسپاندنی ئەم دیاردەیە نەهێشتەوە.
ماوەیەک لە دەورانی منداڵی مندا بەڕێزیان بە ناوێکی موستەعار لە ماڵی ئێمە ژیاون، بەڵام هەر ئەوکات گەورەیی ئەوم لە ئاکاریدا هەست پێدەکرد کە هیچ کات خۆی لە ئێمە بە زۆرتر نەدەزانی و لە ساڵانی دواتریشدا، زیاتر سەلماندی کە ئەم شێوە ئاکارە کارێکتێری بەرزی بەڕێزیان بوو کە یەکێک لە دەرسەکانی بووە بۆ ئێمە.

دووهەم، خوێندنەوەی تاکەکان و ڕێز لێگرتنیان
لە کۆڕ و کۆبوونەوە و بۆنە ڕەسمییەکانی حیزبیدا، کە ئێمە دەمانتوانی تێیدا بەشدار بین یان لە سەردانی بەڕێزیان بۆ قوتابخانە و لە میوانداریی تایبەت، ئارامی و لە سەرەخۆییەکی تایبەتم لە ڕەفتاری ئەم ڕێبەرەدا دەدیت. ئەوەندەی مەجال هەبا گوێگر بوو و هەوڵی ڕێنوێنی کردنی دەدا و ئەگەریش وڵامێک نەبا یان شوێنەکە بۆ باسەکە گونجاو نەبا زۆر جار دەمانبیستەوە کە بەدواداچوونی بۆ کردوە. ڕەنگبێ زۆر جار چارەی کێشەکانیش نەکرابێ، بەڵام گرینگ ئەوە بوو بەهەر شێوەیەک لێپرسینەوە و بەدواداچوونی دەکرد جا لە ڕێگای ئۆرگانی پەیوەندیدار یان بە شێوەی ڕاستەوخۆ بووبێ. ئەم گوێڕاگرتن و گرینگی پێدانە کارێکی وای کردبوو کە تەنانەت لە لایەن ئەو کەسانەوە کە چارەسەری کێشەکەشی بۆ نەدەکردن، یان دەگەڵیان بە ڕێککەوتن نەدەگەیشت بە ڕێزەوە باس دەکرا. لەم ڕێبەرە مەزنەوە فێر بووین کە دەبێ ئارامیی خۆمان لە کات و ساتی تایبەتدا بپارێزین و بە زمانی ڕێزەوە دەگەڵ خەڵک بدوێین کە هەستی متمانە لە نێواندا پێک بێ. فێر بووین لە هەر کاتێک و لە هەر دۆخێکدا ڕۆحی ئاریکاریمان هەبێ.

سێهەم، گرینگی دان بە پەروەردە
پەروەردەی ئاکادێمیک ئەزموونی زۆری بە دوکتور قاسملوو لە ڕێگای فێربوون و خۆ پێگەیاندن بەخشیبوو، ڕێبەری ئێمە دەگەڵ ئەوەی لە زانکۆی فەرمیی دەوڵەتیی بەبۆنەی خەباتەوە وانەی نەدەگوتەوە، بەڵام لە کەمترین ئیمکاناتدا هەوڵی پەروەردەی بەرەی داهاتووی لە شاخەکان و لە زانکۆی سیاسیی حیزبدا هەر دەدا. ئەو ئێمەی فێر کرد کە خوێندن هەر بۆ ناو و ماڵ نییە، بەڵکوو پەروەردە و فێرکردنی نەوەی نوێی کۆمەڵگە بۆ ئاوەدانی دواڕۆژی نیشتمان پێویستە. یەکێک لە وانەکانی لەم بوارەدا ئەوە بوو کە بەبێ چاوەڕوانی، زانست و تێگەیشتنەکانمان لەنێوان هاوڕێیانماندا بەش بکەین. ڕێبەری شەهیدی ئێمە پێداگر بوو لەسەر ئەوەی ئێمە بە جیاوازییەکانمانەوە جوانین و ڕەنگاوڕەنگی، نەخشێکی جوان دەخولقێنی و، تەمرینێکە بۆ دێموکراسی. ئەم شێوە پەروەردەیە لە ڕوانگەی منەوە، هەم وەک قوتابی، هەم وەکوو پێشمەرگە و کادرێکی ئەم حیزبە و چالاکی مافی ژنان و … کاریگەرییەکی زۆری لەسەرم هەبووە. هەروەها دەبێ بڵێم بەگشتی نەسلی ئێمە هەموو کارتێکەریی ئەم وانانەمان لەسەر بووە؛ کە بەدڵنیاییەوە لە هەندێکماندا ڕەنگدانەوەی زیاتری پێوە دیارە. کاتێک دەمدیت چۆن بۆ مافی ژنان و چالاک بوونی ژنان هەوڵ دەدا و دەگەڵ ئەوەی زۆر کۆسپی کولتووری لەسەر ڕێگای پێگەیاندنی ژنان دەهاتە سەر ڕێی، بەڵام هیچکات شلوێ نەدەبوو و، تەنانەت هەمیشە هاندەری ژنانی نیو ماڵیش بوو کە لەو بوارەی خۆیان پێیان خۆشە کار بکەن و چالاک بن. بۆیە ئێستاش چالاکیی ماندوو نەناسانەی ئەو بەرەیە لە ژنان درێژەی هەیە و جێپێیان لە دەوروبەری خۆیان تێپەڕیوە و زۆربەیان بوونەتە ئۆلگوو بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

چوارەم، کەسایەتیی ناسراو و دیپلۆمات
ئێستا کە ئاوڕ لە دنیای دیپلۆماسی و سیاسیی کورد دەدەمەوە، ئێشی لەدەستدانی ڕێبەری دیپلۆماتمان بەژانتر دەبێ. من هەمیشە لەو بڕوایەدا بووم کە هەڵسەنگاندن دەبێ بە پێوەری کاتی خۆی بێ نەک بە پێوەرەکانی ئێستا. دکتور قاسملوو دیپلۆماتێکی بێوێنە بووە لە سی_چل ساڵ لەوە پێشدا، هەر ئەوەش وای کرد کە تەنیا کەسایەتیی حیزبی و کورد نەبێ و بەڵکوو زۆرێک لە ئێرانییە سیاسییەکانیش وەک سەرمایەیەکی ئێرانی و نێونەتەویی ناوی ببەن. زانینی چەندین زمانی گرینگ، شارەزا لەسەر دۆخی کوردستان، ئێران و ناوچە و جیهان، بەڕۆژ و ئاپدەیت، لە هەمووی گرینگتر شارەزا بەسەر ویست و خواستی دوژمن (واتە بەتەواوی ناسینی دوژمنەکەی)، پارێزەری بەرژەوەندیی گەل و حیزبەکەی، هێشتنەوەی سەربەخۆیی سیاسی و بڕیاردانی سەربەخۆ، پێکهێنەری پێوەندیی دوولایەنە، بە پلان و بەرنامە کار کردن، بە وەخت هێنانە بەر باسی خاڵە گرینگەکان دەگەڵ لایەنەکان و … خاڵە سەرکەوتووەکانی شێوەی کاری دیپلۆماسیی ڕێبەری ئێمەیان پێک دەهێنا. ئەگەر ئێمە درێژەدەرانی ڕێگای ئەم شەهیدە و ڕێبازی دێموکرات، تەنیا هەندێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم ڕێبەرەمان لە باری دیپلۆماسییەوە ڕەچاو کردبا؛ بەدڵنیاییەوە ئێستا لەم بارەوە دەسکەوتی باشترمان دەستەبەر دەکرد. تواناییەکانی دوکتور قاسملوو ئەوەندە لەسەرەوە بوو کە نەوەک تەنیا هاوڕێیانی بەڵکوو دوژمنانیشی ناچار بە دانپێدانان کردبوو. هیوادارم ئەم کاریگەرییانەی لەم چەند خاڵەدا زۆر بەکورتی باسیان کرا، لەسەر منیش و هاونەسلەکانیشم ڕەنگدانەوەی مەیدانیی زیاتری هەبێ .
لە کۆتاییدا پیویستە بڵێم بێگومان بەشێک لە هاوسۆزیی من بۆ ڕێبەری شەهیدمان بووە هۆی ئەوەی کە ئەم نووسراوەیە بنووسم، بەڵام لەبەرچاو گرتنی تایبەتمەندییە باشەکانی ئەو پێوەندی بە خۆشەویستیی منەوە نییە. لە کاتێکیشدا ئەگەر هەستم کردوە کە پێویستە ڕەخنە لە کار و بڕیارێکی دوکتور قاسملوو بگرم، بەڕێزەوە ئەو کارەم کردوە چونکی بۆخۆی هەمیشە لەو بروایەدا بوو کە ڕەخنە گرتن بۆ بەهێزتر بوون و باشتر بوونە.
هاوکات لەگەڵ ئاڵوگۆڕی خێرا و بەپەلەی دنیای دەوروبەرمان ئێمەش دەبێ حەول بدەین لەگەڵ ڕەوتەکاندا بڕۆین. پیویستە گۆڕان بەسەر خۆماندا بێنین و ئەمەش دەرسێکی دیکەیە کە لە خوێندنگەی ڕێبەری شەهیدمانەوە فێر بووین، کە وشیارانە چارەسەر بۆ کێشەكانمان ببینینەوە و دڵنیام ئەگەر دوکتور قاسملووش لە ژیاندا مابا؛ دەگەڵ ئاڵوگۆڕی ئەم سەردەمەی ئێستا خۆی ڕێک دەخست.
یاد و ناوی ڕێبەری شەهیدمان هەر دەم پیرۆز بێ و ڕێگا و ڕێبازی دێموکرات بۆ گەیشتن بە ئامانجمان هەر پایەدار بێ.