پێویستیی هەرەوەزێکی گەشتیی کۆمەڵگەی جیهانی بە دژی کۆماری ئیسلامی

ناسر باباخانی

[ڕۆژی 8ی جوونی 2019 كۆنفڕانسێك له‌ كوویینزله‌ندی وڵاتی ئۆسترالیا له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی مافی مرۆڤی كوردانی ئوسترالیا (Australian Kurdish Association of Human Rights ) به‌ به‌شداریی دوو سێناتۆری ئه‌م وڵاته‌ و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی كورد لەبارەی دۆخی ئێران و به‌تایبه‌تی كوردستان (دۆخی مافی مرۆڤ و تیرۆر) به‌ زمانی ئینگلیسی به‌ڕێوه‌چوو. كاك ناسر باباخانی نووسه‌ر و مامۆستای زانكۆ – نیشته‌جێی ئه‌مریكا – وه‌ك میوان له‌ ڕێگه‌ی دووره‌وه‌ به‌شداریی كۆنفڕانسه‌كه‌یان كردبوو كه‌ لێره‌دا ده‌قی قسه‌كانی كه‌ له‌ ئینگلیسی ڕا كراوه‌ به‌كوردی، داده‌نێین.]

به‌ڕێزان، میوانانی هێژا!
به‌ر له‌ ده‌سپێكی قسه‌كانم ئیزن ده‌خوازم سپاس و پێزانینی خۆم ئاراسته‌ی به‌ڕێوبه‌رانی ناوه‌ندی مافی مرۆڤی كوردانی ئوستراڵیا (AKAHR) بكه‌م. سپاس بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی كه‌ درا به‌ من بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران چه‌ند وته‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئێوه‌ بێنمه‌ گۆڕێ. له‌ سه‌ره‌تادا ده‌مه‌وێ ئاوڕێك بده‌مه‌وه‌ سه‌ر جۆری شرۆڤه‌ و ئانالیزی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و كرده‌وه‌كانیان به‌ نیسبه‌ت كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌.
وه‌ك هه‌موو لایه‌ك به‌ باشی ده‌زانن كۆماری ئیسلامیی ئێران سه‌رچاوه‌ی نائه‌منی و شێواندنی ته‌ناهی و ناسه‌قامگیری ناوچه‌ی هه‌ستیاری ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاسته‌. حه‌ولی بێوچانی ئه‌م ڕێژیمه‌ بۆ وه‌ده‌ستخستنی چه‌كی ناوكی، ده‌ستێوره‌دانی له‌ كاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچه‌، ده‌وری نه‌رێنی له‌ هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕ و ئاژاوه‌ له‌ وڵاتانی یه‌مه‌ن، لوبنان، سووریە، عێراق و به‌حره‌ین و… پشتیوانی له‌ گرووپه‌ تیروریستییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان، تیرۆری ئۆپۆزیسیۆن و چالاكانی سیاسی له‌ دره‌وه‌ی وڵات و له‌ ناوخۆی وڵات، سه‌ركوتی خه‌ڵك و سنووردارتر كردنی ئازادییه‌كان، پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و… ئه‌مانه‌ هه‌موو نموونه‌یه‌كن له‌ كرده‌وه‌كانی حكوومه‌تی ئێران له‌ سه‌ره‌تای هاتنه‌ سه‌ر كاری تا هه‌نووكه‌.
دیاره‌ زۆرێك له‌ وڵاتانی دنیا ئاگاداری ئه‌م كرده‌وانه‌ هه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌سه‌ر جۆری په‌یوه‌ندیی خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌م حكوومه‌ته‌ دژه‌مرۆڤ و هه‌وسارپساوه‌ هه‌ر به‌رده‌وامن و ئه‌وان هێشتا له‌م خه‌وه‌ ڕانه‌په‌ڕیون كه‌ مه‌ترسی ئه‌م ڕژیمه‌ بۆ سه‌ر ئه‌وان چه‌نده‌ جیدییه‌!
ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ین كه‌ وڵاتانی ڕۆژئاوایی، هه‌ندێ بایەخی نه‌گۆڕ و زۆر گرینگیان هه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگەكه‌ی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م بایەخانه‌ دامه‌زراندوه. ئه‌گه‌رچی سیاسه‌ت و ئه‌خلاق به‌داخه‌وه‌ هه‌میشه‌ هاوته‌ریب نین و ڕێگایه‌كی هاوبه‌شیان نییه‌، به‌ڵام چاوه‌ڕوانی كۆمه‌ڵگه‌ی ڕووناكبیری و بژاره‌ده‌كان له‌ ئێران، له‌م وڵاتانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ پێبه‌ند بوونیان به‌ بایەخه‌ دیموكراتیكییه‌كانی خۆیان، یارمه‌تیی گه‌لانی ئێران بده‌ن بۆ ڕووخاندنی ئه‌م ڕێژیمه‌، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری خۆی به‌سه‌ر ته‌واوی وڵاتدا سه‌پاندووه‌.
هه‌ر وه‌ك باس كرا، به‌ پێی سه‌رجه‌م شرۆڤه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران، یه‌كێ له‌ مه‌ترسیدارترین ڕژیمه‌كانی سه‌ر گۆی زه‌وییه. ڕاپۆرته‌ جۆربه‌جۆره‌كانی سرویسه‌ ئه‌منییه‌كانی وڵاتان، ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ، و هه‌روه‌ها ژووره‌كانی بیركردنه‌وه‌ و بیردۆزی، ده‌رخه‌ری ئه‌م ڕاستییه‌ن كه‌ كۆماری ئیسلامی به‌ هیچ كلۆجێك جێگه‌ی بڕوا و متمانه‌ پێكردن نییه‌ و ڕه‌فتاره‌كانی پێشبینی نه‌كراو و كۆنتڕۆڵ نه‌كراوه‌.
ئه‌گه‌رچی خولی نوێی گه‌مارۆ ئابوورییه‌كانی ئه‌مریكا به‌ دژی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئه‌وه‌نده‌یتر زه‌خت و گوشاره‌كانی بۆ سه‌ر ئه‌م وڵاته‌ زیاد كردوه‌ و گه‌مارۆكان به‌ ته‌واوی ئابووری ئه‌م وڵاته‌یان داڕماندوه‌ و ئیفلیج كردوه‌، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ [گۆڕینی ڕێژیم] بپێكێ و به‌داخه‌وه‌ خه‌ڵكی ئاساییش زۆر زه‌ره‌رمه‌ند بوون و خه‌ساریان بینیوه‌. به‌م هۆیه‌ ده‌بێ دنیا به‌ هه‌ره‌وه‌زێكی گشتی گوشارێكی كرده‌یی زیاتر بخاته‌ سه‌ر كۆماری ئیسلامی.
دیاره‌ دانانی ناوی سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی له‌ لیستی تیرۆری وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا، خۆی نیشانه‌ و هێمایه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ كه‌ به‌ دنیا بسه‌لمێندرێ كه‌ ئه‌م وڵاته‌ پشتیوان و پشتگری كرده‌وه‌ی تیروریستییه‌ له‌ جیهاندا.

به‌ڕێزان!
ڕێك چل ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، سپای پاسداران به‌ شێوه‌كی بێڕه‌حمانه‌ سه‌دان جینایه‌یتیان به‌ دژی نه‌ته‌وه‌ كورد ئه‌نجام دا كه‌ ئه‌مانه‌ همووی نیشانه‌یه‌ك بوون بۆ سه‌لماندنی ئه‌م ڕاستییه‌ كه‌ سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ڕێكخراوه‌یه‌كی تیرۆریستیی بێ ڕوحمه‌!
گه‌لی كورد له‌ ئێران زۆر زیاتر له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌كان بوو به‌قوربانی سیاسه‌ته‌ دژه‌ ئینسانییه‌كانی كۆماری ئیسلامی. ئه‌گه‌ر دنیا دیهه‌وێ داهاتوویه‌كی هێمنانه‌ و ئاشتیخوازنه‌ی هه‌بێ و له‌ بایەخه‌كانی ئازادی به‌رگری بكا، ده‌بێ له‌م قۆناغه‌ تێپه‌رێ و به‌ره‌و به‌ كرده‌ویی كردنی بیرۆكه‌ی گۆڕینی ڕێژیمێك كه‌ هیچ چه‌شنه‌ باوه‌ڕێكی به‌ بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و ئازادی نییه‌، هه‌نگاو بنێ. له‌بری زه‌خت و گوشار به‌ «قسه‌«، ده‌بێ ته‌واوی دنیا به‌ «كرده‌وه‌« به‌ره‌نگاری ئه‌م حكوومه‌ته‌ بێته‌وه‌.

زۆر سپاس كه‌ كاتی خۆتان ته‌رخان بۆ گوێ گرتن له‌ قسه‌كانم.