مستەفا مەولوودی: ڕێفراندۆم بۆ ئێرانییەکان بە شکڵی دێموکراتیک دەتوانێ سیستمێکی باش بێنێتە دی

دیمانە: مەنسوور مروەتی

گرژییەکانی نێوان ئێران و وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا گرینگترین و گەرمترین هەواڵی میدیاکانی جیهان و ناوچەکەیە، ئەو کێشانە بەرەو کوێ دەڕۆن و چارەنووسی کۆماری ئیسلامی بە کوێ دەگا؟ لە ئەگەری هەر ئاڵوگۆڕێکدا داهاتووی کوردستان و چارەنووسی خەڵکی کورد کە ساڵەهایە بۆ وەدەست هێنانی مافەکانیان تێدەکۆشن دەبێ بە چی؟

حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە تاکوو ئێستا لە مەیدانی خەباتدا درێژەیان بە تێکۆشانی خۆیان داوە چۆن دەتوانن خەڵکی کوردستان  بگەییننە کەنارێکی ئارام و بە مافەکانیان شاد بکەنەوە؟ حیزبی دێموکراتی کوردستان چۆن لە کێشە و گرژیەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەڕوانێ؟

ئەم بابەتانە لە گەڵ سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی تاوتوێ دەکەین.

کاک مستەفا زۆر سپاس کە دەعوەتی ئێمەت قەبووڵ کرد، بەخێر بێی.

-زۆر سپاس بۆ ئێوەش کە بانگێشتی منتان کردووە و هەروەها لە ڕێگای تلێڤزیونی کوردکاناڵەوە سڵاو و ڕێزی تایبەتیم هەیە بۆ خەڵکی خۆشەویست و بەڕێزی کوردستان.

کاک مستەفا بەرلەوەی کە بچمە سەر باسی ئێران و ئەمریکا دەمهەوێ باسی ئەوە بکەم لەگەڵ ئەو ئاڵۆزییانە کە هەیە لە ناوچەکە حیزبی دێموکراتیش بۆخۆی بە تایبەتی لەم یەک دوو ساڵەی رابردوو لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کراوەتە ئامانج، لە تیرۆرەوە بگرە تا تەقینەوە و مووشەکباران، ئێوە ئەم یەک دوو ساڵەتان چۆن بەڕێ کرد؟

ـ ئەو رووداوانەی کە بەسەر حیزبی دێموکراتی کوردستاندا هاتوون دەتوانین دوو نەتیجەی لێبگرین، یەکەم تێکۆشان و هەڵسووڕانی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە کە کاریگەریی هەبووە لە سەر بەرنامە و کاری کۆماری ئیسلامی دووهەم پلان و بەرنامەی کۆماری ئیسلامی بۆ کپکردن و بێدەنگکردنی بزووتنەوەی سیاسی خەڵکی کوردستانە. ئەمە نە یەکەمین ساڵ بووە و نە یەکەمین جار کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای جۆراوجۆر و بە شێوەی جۆراوجۆر لەسەر حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی سیاسی خەڵکی کوردستان کاری تیرۆریستیی کردووە و بەداخەوە زەرەری پێگەیاندووە بەڵام ئەگەر بۆ وێنە باسی مووشەکبارانەکەی ١٧ی خەرمامانان بکەین کۆماری ئیسلامی لەوێدا دەڵێ ئێمە ناوەندێکمان مووشەکباران کردوە کە ئەو ناوەندە ئەمنییەتی سیاسی  ئێمەی خستووەتە مەترسیەوە، کەوایە هەر لەم قسەیەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیەوە دەتوانین بەو ئاکامە بگەین کە حیزبی دێموکراتی کوردستان سیاسەت و ڕوانگە و خوێندنەوەی بۆ بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان کاریگەریی باشیان لە سەر خەڵکی کوردستان هەیە و کاریگەرییشی لەسەر لاواز کردنی جێگەوپێگەی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان هەیە. ئەوەی ئێمە ئەم چەند ساڵە تێپەڕمان کردووە بە پێی بەرنامە و پڕۆژەیەکی چالاکانەی حیزبی دیموکرات بووە و لەگەڵ ئەوەش کۆماری ئیسلامی حەساسیەتی تایبەتیی خۆی بەم چالاکی و پرۆژانەی حیزبی دیموکرات هەبووە و هەیە بۆیە لە لایەن رژیمەوە بە توندترین شێوە کراوەتە ئامانج و بەداخەوە خەساری گەورەشی لێ کەوتووتەوە، بەڵام نە حیزبی دیموکرات لە خەبات وەستاوە و نە بزووتنەوەی کوردستانیش.

– کاک مستەفا ئێستا بچینە نێو ئێران و ئەمریکاوە، ئەو گرژییانە بەرەو کوێ دەڕوا ئێوە چۆن لە داهاتووی ئەم کێشانە دەڕوانن؟

ـ بەداخەوە وڵاتی ئێران وخەڵکی ئێران کەوتوونەتە گێژاوێکی گەورەوە هۆکاری سەرەکیش حکوومەتی کۆماری ئیسلامییە، هەموو ئەو فشارە سیاسیانە یا ئەو فشارە ئابووریانە کە لەسەر ئێران و خەڵکی ئێران هەیە ڕاستییەکەی دژکردەوەیەکە بەرانبەر رەفتاری نابەرپرسانەی کۆماری  ئیسلامی، دژکردەوەیە بەرانبەر سیاسەتی شەڕەنگێزی و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتانی ناوچە. تەنانەت کۆماری ئیسلامی بەو کارانە بە جۆرێک ئەمنیەت و ئاسایش  هەموو جیهانیشی وەمەترسی خستووە. بەڵام ئەوەی ئێمە دەیبینین کاربەدەستانی ئەمریکا ئێستاشی لە گەڵ بێ دەیانهەوێ تەنیا ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی بگۆڕن، ئەو زەخت و فشارانە چ لە باری سیاسییەوە و چ لە باری ئابوورییەوە تەنیا بە مەبەستی گۆڕینی ڕەفتای کۆماری ئیسلامییە. ئەوە تێگەییشتنی ئەوانە کە ئێران بە نیسبەت دونیای دەرەوە بەرپرسانەتر هەڵسوکەوت بکا، بەڵام کێشەی گەورەی خەڵکی ئێران تەنیا خراپەکاریی رژیم لە دەرەوە نیە بەڵکوو لە گەڵ ئەوە کێشەی گەورەی خەڵک ئەو هەمووە کێشە گەورە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییانەیە کە لە ناوخۆی وڵاتدا هەیە. لە هەموو دنیا دەبێ حکوومەت ئاسایش و ئەمنیەتی خەڵک لە هەموو روویەکەوە بپارێزێ لە حاڵێکدا لە ئێراندا ئەوەی هەڕەشە لە ئاسایش و ئەمنیەتی خەڵک دەکا هەر خودی حکوومەتەکەیە.

کەوایە کێشەی رژیم تەنیا بە گۆڕانی رەفتاری لە دەرەوە چارەسەر نابێ بەڵکوو دەبێ کۆماری ئیسلامی وەک سیستم بگۆڕدرێ.

– کاک مستەفا لەم ماوەیەدا سەرکۆماری پێشووتر محەممەد خاتەمی و سەرکۆماری ئێستا دوو بابەتیان هێناوەتە بەرباس، محەممەد خاتەمی باسی لە فیدرالیزم بۆ ئێران کردوەو لەو لاوە ڕووحانی داوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم دەکا، پێم خۆشە نەزەری ئێوە لە سەر ئەو دوو بابەتە بزانم.

ـ من پێموایە هەر  لێکۆڵەر یا کۆمەڵناسێک کە کۆمەڵگای ئێرانی بناسێ  دەزانێ کە باشترین نیزامی سیاسی بۆ وڵاتی ئێران نیزامی فیدڕالییە. ئەم قسەیە لە نێو ئێرانییەکاندا تازە نییە. شەهیدی رێبەرمان دوکتور قاسملوو ساڵی ١٣٥٨ بە خومەینی دەڵێ باشترین نیزام و سیستم بۆ ئێران نیزام و سیستمی فدڕالییە. سروشتیە ئەگەر خەڵکی واقعبینی سیاسی بیر لە چارەسەریی کێشەکانی ئێران و ئێرانییەکان بکاتەوە فکر لە نیزام و سیستمێک بکاتەوە کە ئەو نیزام و سیستمە بتوانێ هەموو پێکهاتەکان بە پاڕاستن شوناسی خۆیان لە پاڵ خۆیدا جێ بکاتەوە، بۆیە لەمبارەیەوە ئەو قسەیە قسەیەکی تازە نییە بەڵام لە سەریەک واقعبینیەکی عەقڵانی و سیاسییە کە هیوادارم ئەوە لە نێو ئێرانییەکاندا پەرە بستێنی و بەردەوام بێ و ببێ بە ئەمری واقع بۆ ئایەندەی باش لە ئێران و کۆمەڵگای فرە چەشنی ئێران.

لە سەر ڕیفراندوم، دیارە پەنا بۆ خەڵک بردن و لە رای خەڵک وەرگرتن شتێکی موسبەت و پێویستە بەڵام ئەوە پێشمەرجی هەیە، وەختێک ئەوە دروستە کە واقعیەتی کۆمەڵگاکەو پێویستییەکانی کۆمەڵگاکەت ببینی نە ئەوەی کە دەسەڵاتی تازە پێگەییشتوو لە ساڵی ٥٨ کردی بەو پرسیارەی کە ” کۆماری ئیسلامی ئەرێ یان نە” دەنا ئەگەر لێیگەڕێی خەڵک ئیرادەی خۆی بنوێنێ من پێموایە ڕێفراندۆم بۆ ئێرانییەکان بە شکڵی دێموکراتیک دەتوانێ سیستمێکی باش بێنێتە دی کە لە ئیرادەی خەڵکەوە سەرچاوە بگرێ. بەڵام دەبێ ریفراندومێکی ئازاد و دیموکراتیک بێ.

کاک مستەفا لەگەڵ هەموو ئەوانەی کە باست کرد داهاتوو چ بە  گۆڕان یا بە ڕووخان چارەنووسی خەڵکی کوردستان دەبێ بە چی ؟ ئایا دۆخی  حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی دەتوانێ وڵامدەری ئەو ئاڵوگۆڕانە بێ؟

ـ یەکەم چارەنووسی سیاسیی کوردستان بە جۆرێک لە گەڵ ئێران لێکگرێدراون هەر بۆیە هەر رووداو و ئاڵوگۆڕێک کە لە ئێراندا روو بدات کاریگەریی لە سەر کۆمەڵگای کوردستان هەیە کەوایە خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەبێ لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ئێران بچنە پێشێ بۆ گۆڕینی ئەم نیزامە و بۆ هێنانە سەرکاری نیزامێکی دێموکراتیک. ئەوەی دەگەڕێتەوە سەر ئێستای کوردستان من پێم وایە لە سەریەک بزووتنەوەی سیاسیی خەڵکی کوردستان بە حوکمی بوونی حیزبەکان چوونە پێشێ زۆرتری بە خۆیەوە دیوە بە بەراورد لە گەڵ بزووتنەوەی سەرتاسەریی ئێران، ئەوە نەقش و دەوری تێکۆشانی سیاسییەکانە کە ئینسان دەبێ حورمەتی بگرێ، ئەرزشی بۆ دابنێ و وەک راستییەکی مێژوویی ئەو  حیزبانە پڕە لە خوێن، قوربانی و فەداکاری بەڵام ئەرێ مەتڵووبی حاڵی ئێستای خەڵکی کوردستانە یان نا؟ راستیەکەی ئەگەری هەموو گۆڕانێک لە ئێراندا هەیە و ئەگەر یەکێک لە ئیحتمالەکان نەمانی رژیم بێ  دۆخی ئێستای نێوان حیزبەکان ئەوە نیە کە دەمانهەوێ، چونکە زۆر کاری گەورە هەیە دەبێ بە یەکەوە بیکەین، بەخۆشییەوە بەیەکەوە هاوکاریمان هەیە، ئەو حیزبانەی کە مێژوودارترن شوێندانەرترن، لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە دەوری یەک کۆبووینەوە، ماوەیەکیش کارمان کردووە کارەکانی ناوەند جێگای ڕەزایەتی گشتین چوونە پێشی بەخۆیەوە دیوە و موسبەتیشە بەڵام زۆر کار ماوە بیکەین. ئەم بزووتنەوەیە دەستێکی واحیدی دەوێ کە ئادرەسێکی دیار بۆ بزووتنەوەی کورد دروست بکا بەڵام ئەم ئادرەسە تا ئێستا دروست نەبووە، دەبێ بزووتنەوەی کورد لەسەر ئەو ئادرەسە کار بکا. بەهەرحاڵ دەبێ لەسەر پلاتفۆرمێکی هاوبەش لە پێوەندی لەگەڵ مەسائیلی سیاسی ناوچەکە و دنیا، پێوەندیی سیاسی و دیپڵۆماتیک لەگەڵ دونیای دەرەوە، کار لەگەڵ ئێرانییەکان وەک کۆمەڵگای ئێرانی وحیزبە سیاسییەکانی ئێران کار بکەین بۆ ئەوەی کەشێکی لەبار بخوڵقێ بۆ ئەوەی ئەمنییەتی خەڵک بپارێزرێ و دەسکەوتەکانمان بە هەدەر نەچن ، من پێموایە دەبێ لەسەر ئەوانە کار بکەین.

بۆیە دەتوانم جوابی پرسیارەکەت ئاوا بدەمەوە کە دۆخی ئێستا ئەوە نیە کە دەمانهەوێ بەڵام واش نییە بڵێین لە نوختەی سیفرین، چوونە پێش هەیە بەڵام دەبێ تەکمیل بکرێ.

کاک مستەفا ڕەخنەی ئەوە لە ناوەندی هاوکاری دەگیرێ کە بۆ کاری بە کردەوە کەمترین هاوکارییان هەیە مەسەلەن لەو  چەند مانگەی رابردوو بەتایبەتی دوای ئەوەی کە سپا لە لایەن ئەمریکاوە خرایە لیستی تێرۆرەوە کاریان لە سەر ئەوە نەکردوە کە بە دیکۆمێنت بە دنیای دەرەوە بسەلمێنن کە یەکەمین قوربانیی دەستی ئەو سپا تیرۆریستە کورد و بزووتنەوەی کوردستانن.

ـ لەوانەیە ئەگەر واقیعبینانە سەیر بکەین لەپێشدا ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئەو زەرفە نەبێ بتوانێ ئەو هەموو کارە و ئەو ئامانجە باشانە لە خۆیدا کۆکاتەوە. دووهەم، ئەو بارودۆخەی کە حیزبەکان تێیدان لەوانەیە رێگا نەدا هەموو ئەو کارانەی خەڵک چاوەڕوانیی هەیە یەک ڕۆژە و لە ماوەیەکی کەمدا بچێتە پێشێ بەڵام ناوەند لە نەوعی خۆیدا باشە بەڵام زۆر کاری ماوە کە بیکا، ئێمە بە نیسبەت زەمانی پێکهاتنی ناوەند بە نیسبەت پڕۆژە و بەرنامەکانی ناوەند بە نیسبەت ئەو کارانەی تا ئێستا کردوویەو دۆخێک کە حیزبەکان تێیدابوون دەستپێکی خراپ نەبووە بەڵام دەبێ ئەو کارانەی کە باسم کرد سەر بگرێ. ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ کار لەگەڵ ناوەند هیچ چەشنە بەربەست و کێشەیەکمان نییە ئاسانکاریشمان کردوە . دەتوانم بڵێم بۆ جێگیرکردن وچالاکتر کردنی زیاتری ناوەند ئەگەر لە حیزبەکانی دیکەمان زیاتر نەکردبێ لە هیچیانمان کەمتر نەکردووە و ئەمە کارێکە کە وەزیفەی حیزبی دێموکراتی کوردستانە . پێشمان وایە کە رێگای دروست پێکەوە کار کردنمانە جا چ ناوەند بێ یان بەرەیەکی هاوبەش. بەڵام ئەوانەی باست کرد هەر حیزبەو بۆخۆی بەشی خۆی کردوویەتی سەیری ئارشیوی حیزبی دێموکراتی کوردستان بکە پڕە لە دیکۆمێنت و نیشان دانی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی،بە تایبەت جینایەتەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و جینایەتەکانی سپای پاسداران، بەڵێ بە گشتی وایە دەبێ لەسەر ئەو بابەتە دیارانە لە زەمانی خۆیدا بە دێکۆمێنت کاری زۆرتر بکەین کە لەو بارەیەوە کەم کاری هەیە بە داخەوە.

کاک مستەفا مێژووی بزووتنەوەی کورد بە گشتی ڕووداوی ناخۆشی زۆری تێدایە زۆر کەس پێیان وایە ئێستاش ئەو فەرهەنگە هەڵەیە کە بووەتە هۆی ئەو رووداو ناخۆشانە لە نێو ئێمەی کورددا هەر هەیە، بە تایبەتی لەم سەردەمە ئینترنت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیشی لێ زیاد بووە، جاری وا هەیە تەنانەت بە نووسراوەیەکی فەیسبووکی گرژییەک دروست دەبێ چی بکرێ کە خودای نەخواستە ڕووداوی ناخۆش ڕوو نەدا وەک پێشوو کە هەبووە؟

ـ لە پێشدا ئەو نیگەرانییەی کە خەڵک هەیەتی لە جێگای خۆیدایە چونکە بەداخەوە مێژووی حیزبەکان لەوبارەیەوە رووداوی تاڵی تێدایە، کارنامەکەمان لەوبارەوە جێگای پەسند نیە، بۆیە ئێمە مەجبوورین لە ڕێکارێک بگەڕێین نەچینەوە سەر ڕۆژە ناخۆشەکان، دەبێ بچینەوە سەر ئەو جێیەی کە ئەو پتانسیەل و هێزانەی کە خەڵکی کورد بە حیزبەکانی داوە بیکەین بە هێزێکی کاریگەرتر بۆ بردنە پێشی خەبات و ئەرکە سیاسی و نەتەوەییەکانمان . من پێموایە مادام هێزی سیاسی چەکدارمان هەیە ئەم نیگەرانییانە هەن و دەبێ ڕێگای بۆ ببینینەوە، ئێستا لە ناوەندی هاوکاری حیزبەکان و تەنانەت لە پێش ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانیش ئێمە وەک دێموکرات و کۆمەڵە لانیکەم لە ساڵی 82ی هەتاوییەوە گەڵاڵەیەک لە نێوماندا هەیە قسەمان لەسەر کردووە پلاتفۆڕمێکی گشتگیریشە کە ئەوە بکەین بەڕێکاری خۆمان تاکوو لە ئایەندەدا نە ئەو نیگەرانیانەی خەڵک هەیە دووپاتی نەکەینەوە و لەو هێز و پتانسیەلەش بە دروستی کەڵک وەربگرین . بەڕای من هەر بە سازان  و رێککەوتن و بەیەکەوە کارکردن  دەتوانین سەرکەوین و پێش بە رووداوی ناخۆش بگرین. هەر لەم ناوەندی هاوکارییە دەتوانین قسە لە سەر ئەو بابەتانە بکەین و رێگا لە رووداوی ناخۆش لە ئێستا و داهاتوو بگرین. لە لایەکی دیکەشەوە خەڵکی ئێمە وشیار و بە هەڵوێستن ئەگەر لایەنێک لە بەرژەوەندی بزووتنەوەکەدا هەنگاوی هەڵنەگرت و پێشی بەو نیگەرانییانە نەگرت بێگومان خەڵک لۆمەیان دەکەن و دژکردەوەیان لەوبارەوە دەبێ.

کاک مستەفا لەم ماوەیەدا لە لایەن وڵاتانی زلهێزەوە هیچ راوسەرنجێک لە حیزبەکان وەرگیراوە لە سەر ئەم دۆخەی ئێستای ئێران و ناوچەکە؟

ـ هەلومەرجی سیاسی ناوچە و ئێران هەموو ئەگەرێکی تێدا پێشبینی دەکرێ.

بزووتنەوەی سیاسی خەڵکی کوردستانیش هەم لە کوردستانی ئێران هەم لە دوو بەشی هەرێمی کوردستان و لە ڕۆژئاوای کوردستانیش ئەوە دەخوازێ کە کورد لە ئاڵ و گۆڕی سیاسی ناوچەکەدا فاکتۆڕێکی بە هێز بێ. زۆر تەبیعییە ئەو دەوڵەتانەی کە دەیانهەوێ فشاری سیاسی لەسەر دەوڵەتی ناوەندی ئێران دروست بکەن لەو فاکتۆر و لەو هێزانە یان لەو فاکتۆرانە بگەڕێن کە دەزانن کاریگەرییان لە سەر فشاری سیاسی لەسەر حکوومەتی ئێران هەیە. حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو پێوەندییەدا غایب نییە و لەسەر خەتە.

وەک دوایین پرسیار لە هەلومەرجی ئێستا قسەتان بۆ تێکۆشەرانی مەدەنی لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان چییە؟

ـ ئەوە یەکەم جارە من لەسەر بزووتنەوەی مەدەنی خەڵکی کوردستان قسه دەکەم.

بزووتنەوەی مەدەنیی کوردستان لاپەڕەیەکی درەوشاوەیە لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان. حیزبەکانی کوردستان کە کۆماری ئیسلامی دەرفەتی چالاکیی لێیان زەوت کردوە زۆر جار تێکۆشەرانی مەدەنی لە ناوخۆ هەندێ لەو کەلێنانەیان پڕ کردووتەوە، بزووتنەوەیەکی تەواو خەڵکییە و من پێم وایە چالاکانی بوارە جۆربەجۆرەکانی مەدەنی لە ناوخۆ و حیزبە سیاسییەکان پێکەوە و هاوتەریب دەتوانن کاروانی خەباتی نەتەوەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بگەییننە سەرمەنزڵی رزگاری.

کاک مستەفا سپاستان دەکەم کە لەو وتووێژەدا بەشدار بوون

سپاس بۆ ماندووبوونی ئێوەش.