دیداری نێوان بەرپرسی پێوەندییەکانی کۆمیتەی حیزب لە فەرانسە و سەرۆکی ئەنستیتۆی کورد لە پاریس

بەرپرسی پێوەندییەکانی کۆمیتەی حیزب لە فەڕەنسا هاوڕێ ئازاد مستۆفی دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ۱٥-٦-۲۰۱۹ لە پاریس لەگەڵ سەرۆکی ئەنستیتۆی کورد بەڕێز پرۆفیسۆر کەنداڵ نەزان دیدار و چاوپێکەتنی کرد.
لەو دیدارەدا کە د.لەیلا قادری-ش ئەندامی شاندەکەی حزبی دیموکراتی کوردستان بوو، هاوڕێ ئازاد مستۆفی پاش پێخۆشحاڵبوونی بۆ ئەم دیدارە و بەرزنرخاندنی ڕۆڵی ئەنستیتۆی کورد لە پاریس و بەتایبەت بەڕێز پرۆفیسۆر کەنداڵ نەزان لە خزمەتکردن بە پێگەی کورد لە فەڕەنسا، سپاسی ئەو ناوەندەشی کرد کە هەمیشە هەوڵی پێگەیاندنی لاوانی کورد بۆ درێژەدانی خوێندنی داوە.
لە درێژەی دانیشتنەکەدا کە ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە دۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەت کوردستان گفتوگۆی دەربارەوە کرا، پرۆفیسۆر کەنداڵ نەزان هیوای یەکڕیزی نێوماڵی کورد بەتایبەت دیموکراتەکانی خواست و ئاوڕێکیشی لە ڕۆڵ و پێگەی دیپلۆماسی شەهید دکتۆر قاسملوو دایەوە.
لە درێژەدا بەڕێزیان باسی پشتیوانی حکوومەت و خەڵکی ئازادیخوازیی فەڕەنسای کرد لە دۆزی ڕەوای کورد و هیوای خواست نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیەکدەنگی خۆی ئەم پشتیوانییە باشتر بقۆزێتەوە.
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا سەبارەت بە دانی بۆرسیەی خوێندن بۆ لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پرۆفیسۆر کەنداڵ نەزان ڕایگەیاند: لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر باش ئەم هەلەیان بۆ خزمەتکردنی نەتەوەکەیان بەکارهێناوە و ئێمە زانیارییەکانمان بۆ وەرگرتنی بۆرسیەی درێژەدانی خوێندن لە ماڵپەڕەکەمان داناوە و بێگومان ئەو کەسانە لەخۆ دەگرێ کە ماستەریان هەیە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژین.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

کۆمیتەی فەرانسە