بەشداری هەیئەتێکی کومیتەی ح د ک لە ئاهەنگی ٤٤هەمین ساڵیادی دامەزرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بریتانیا

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩-٦-٢٠١٩ی زایینی، لە سەر بانگهێشتی فەرمی کومیتەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەیئەتێکی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی بریتانیا، بە سەرپەرستی هاوڕی کەیوان رەسووڵی بەرپرسی کومیتە، بەشداری کرد لە ڕیوڕەسمی ٤٤هەمین ساڵیادی دامەزرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

هەیئەتی حیزبمان زۆر بە گەرمی لەلایەن ڕێکخەرانی ئاهەنگەکەوە پێشوازیان لێکرا. پاشان بەڕێز کەیوان ڕەسووڵی و نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە بەشدارەکان ٤٤ مۆمیان بە بۆنەی ئەو ڕۆژەوە داگیرساند. بە دوای ئەو دا پەیامی حیزبی و ڕێکخراوە سیاسییەکان خوێندرایەوە کە لەو بەشەش دا بەڕێز کەیوان ڕەسووڵی پەیامی کومیتەی بریتانیای حیزبی خوێندەوە. بەڕێزیان وێرای پیرۆزبایی ٤٤مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و حیزبی دێموکراتی بە گرینگ و دێرینە وەسف کرد و جەختی لەوەش کردەوە کەپێوەندی و هاوکارییەکانی رابردوو ئەتوانن هەوێنێ پتەوترکردنی پێوەندییەیەکی گونجاوتر لە ئێستا و داهاتوو دا بن.
لە بەشێکی دیکەی ووتارەکەدا بەرێز رەسولی باسی ھەلومەرجی ئێستای کوردستان و ناوچەکەی کردوو بە پێویست زانی کە لەو ساتەوەختە پڕ ھەستیارەدا کە ناوچەکە بەگشتی و کوردستان و وڵاتانی دەورووبەری بەتایبەتی گرتووەتەوە، ھێزە سیاسییەکان بە یەکگرتوویی و یەکریزی لەگەڵ ئەو دۆخەی ئێستای ناوچەکە مامەڵە بکەن.


حیزبی دیموکراتی کوردستان- كۆمیتەی بریتانیا