بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی یەکێتی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە وڵاتی ئاڵمان

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی 18.05.2019 لە شاری فرانکفۆرت،یەکەمین کۆنفرانسی لاوان بە مەبەستی ڕاگەیاندنی کۆمیتەی نوێی ئەو ڕێکخراوە لە وڵاتی ئاڵمان،بە بەشداری ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی ڕۆژھەڵاتی کوردستان پێکھات. کۆنفرانسەکە بە سرودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و پاشان خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدان،دەستی بە کارەکانی خۆی کرد. پەیامی ئەو ڕێکخراوە بۆ لاوانی تازە پێگەییشتووی بەشدار لە کۆنفرانسەکە لە لایەن کاک شەھریار ئەمینی،ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یەکێتی لاوان،پێشکەش کرا. پاشان پەیامی کۆمیتەی ژنان لە ئاڵمان لە لایەن بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی ژنان ھاوڕێ فەرزانە ڕەشیدزادە خوێندرایەوە و پیرۆزباییان لە کۆمیتەی نوێی لاوان لە ئاڵمان کرد. ھەروەھا پەیامی کۆمیتەی لاوانی سوئێد لە لایان بەڕێز ئاکار نستانی پێشکەشی بەشداربووان کرا. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم کۆنفرانسەدا بەڕێز و تێکۆشەر کاک سوڵتان گوڵاوی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەو وڵاتە باسێکی تایبەتی سەبارەت بە لاوان پێشکەش کرد و ڕۆڵی لاوانی لە بزووتنەوەی میلی دێموکراتیکی گەلەکەمان بەرز نرخاند و ئاماژەی بە گیان فیدایی لاوان لە گۆڕەپانی سیاسی و خەبات بۆ وەدەست ھێنانی مافە ڕەواکانمان لە ھەرچوار پارچەی کوردستان،بەتایبەت ڕۆژھەڵاتی کوردستان،کرد. گوڵاوی ھەر لە درێژەی باسەکانی دا پەیوەندی نێوان لاوان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی گەڕاندەوە بۆ سەردەمی کۆماری کوردستان کە لەوێ لاوان وەکوو جەمسەرێکی شوێندانەر لە دامودەزگا حکومییەکان دا ڕۆڵی سەرەکییان ھەبوو. لەدرێژەی کۆنفرانسەکەدا بەڕێز بێھزاد کارساز ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری لاوان دیرۆکی ٢ ساڵ ھەوڵدان و لێک کۆ کردنەوەی لاوانی تاراوگەی باس کرد و خۆشحاڵی خۆی بەنیسبەت گرتنی یەکەمین کۆنفڕانس و ڕاگەیاندنی یەکەمین کۆمیتەی نوێی لاوان لەو وڵاتە دەربڕی و ھیوای خواست کە لاوانی تاراوگە بە زیاتر ھەست پێکردن بە بەرپرسیارەتی و چوون بەدەم داوای حیزبی دێموکرات و ڕێکخراوی لاوان، ئەرکی خۆیان وەکوو لاوانی دوور لە نیشتمان بە جێ بگەیێنن. لەبەشێکی دیکەی کۆنفرانسەکە دا،بەڕێز شوکری تەریق ئەندامی لەمێژینەی حیزب ئیشارەی بە ئەرکی ئەندامانی لاوان کرد و ڕێنمایی تایبەتی پێشکەش بە لاوانی تازەپێگەییشتوو کرد. لە بڕگەی کۆتایی ئەم کۆنفرانسە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ھەڵبژێردران و بە شایی و خۆشی و بە دەنگی دڵگیری بەڕێز ڕافا سەرڕووت ئەندامی یەکیەتی لاوان،کۆتایی بەم کۆنفرانسە ھات و بەو جۆرە کۆمیتەی لاوان دەستی بە کارووچالاکییەکانی کرد.

یەکێتی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- ئاڵمان