بەڕێوەچوونی سمینارێکی گرینگ لە ژێر ناوی ” بەدیل بۆ توند و تیژی” لە وڵاتی نۆروێژ

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٧ی ئاوریلی ٢٠١٩ی زایینی، بە دەستپێشخەری کۆمەڵەی کلتووری پاکستانییەکانی نیشتەجێی نۆروێژ و هارکاری و پشتگیری یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستان لەو وڵاتە، سمیارێکی بەرین لە ژێر ناوی ” بەدیل بۆ توند و تیژی” بەڕێوە چوو.

لەو سمینارە دا کە دەیان کۆمەلەی کلتووری  وڕێکخراو و ئین جی ئۆ و کۆمەڵێکی زۆر لە دژبەرانی توندی و تیژی تێیدا بەشدار بوون، باس و خواسێکی گرینگ و پڕ بایەخ سەبارەت بە بەرەگرتنی توند توژی لە نێو کۆمەڵگای ولاتانی ڕۆژئاوایی، بە تایبەت لەم ساڵانەی دوایی دا کرا. هاوکات باسێکی گرینگ لە لایەن دکتۆرێکی پسپۆر لە بواری کۆمەڵناسی و ڕەوان ناسی پێشکەش کرا.

سمینارەکە بە وتە سەرەتا و بەخێر هێنانی میوانەکان، لە نوێنەری یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی کلتوری کورد لە وڵاتی نۆروێژ دەستی پێکرد. ئینجا نۆرە گەیشتە دکتور ” هالۆر گراودل”، کە جگە لە کاری پسپۆری لە بواری کۆمەڵناسی و رەوانناسی دا، ئەندامی چالاکی کۆمەڵەی ” بەدیل بۆ توند و تیژ،یە” دکتور هالۆر سەرتا باسێکی کورتی سەبارەت بە ڕێکخراوەکەیان و مەبەست و ئامانجەکانی ڕێکخراوەکەیان باس کرد. پاشان هاتە سەر باسی پەرە گرتنی توند وتیژی بە تایبەت لە ناو کۆمەڵگە و ناوچە و نەتەوە بێگانەکانی نیشتەجێی نۆروێژ. بەڕێزیان لە باسەکەیدا جگە لە ئاوڕدانەوە لە هۆکارەکانی توند و تیژی، هاوکات پەرژایە سەر جۆرەکانی توند و تیژی کە لەو بەشە دا بە وردی باسی لە توند و تیژی دژ بە ژنان و منداڵان کرد.

ناوبراو لەو بڕوایە دا بوو کە دەبێ هەم حکومەت و هەم کۆمەڵگە و هەم ڕێکخراوەکانی مەدەنی و کلتوری و کۆمەڵایەتی ئەو پەڕی هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ بەگژدا چوونەوەی توند و تیژی و پێش بە پەرە سەندنی لەوە زیاتری ئەو دیارەدەیە بگرن.

لە کۆتایی ئەو سمینارە دا کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئامادە بووان ڕاوبۆچوونی خۆیان هێنایە زمان و چەندین پرسیاریش ئاڕاستەی دکتور هالۆر کرا، کە ئەویش وڵمی دانەوە.

یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی نۆروێژ