دیداری بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ رۆژئاوای كانادا لەگەل وه‌زیرێكی ده‌وڵه‌تی ئه‌و وڵاته‌

ئێواره‌ی رۆژی پێنج شه‌مه‌‌ رێکەوتی ٢٨ی مارس هاورێ محەممەد خادمیانی بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموكراتی كوردستان لەگەڵ بەڕێز خاتوو ” مریه‌م مونسیف ”وه‌زیری په‌ره‌پێدانی نێونه‌ته‌وه‌یی و وه‌زیری ژنان و یه‌كسانی ره‌گه‌زی و ران مه‌كانن ئه‌ندام پارڵمانی فیدراڵی کانادا دیداری كرد.

له‌و دیداره‌ دۆستانه‌ و تایبه‌ته‌دا بەرپرسی پیوەندیەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لە کانادا پرسی ژنانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و خه‌باتی بێ پسانه‌وه‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌ پێناو مافی نه‌ته‌وایه‌تی و دێموكراسی و ئازادی و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و دۆخی ئێستای ناوخۆیی ئێرانی باس كرد. به‌رپر‌سی په‌وه‌ندیه‌كانی حیزبی دێموکراتی کوردستان هه‌روه‌ها باسی مووشه‌كبارانی بنكه‌ی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دێموكراتی كوردستان و شه‌هیدبوونی دوو ژنه‌ پێشمه‌رگه‌ و پێشه‌نگی خه‌باتی ژنانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان؛ شه‌هیدان سوهه‌یلا قادری و نه‌سرین حدادی كرد. له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی باسه‌كان ، دۆخی خوێندكارانی كوردی به‌ گشتی و دۆخی زۆر خراپی كچانی كوردی له‌ زانكۆكان و نه‌بوونی هه‌لی كار و هه‌ڵاواردنی سیستماتیكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی به‌تایبه‌تی بۆ وه‌زیری ژنانی كانادا باس كرد. هاوڕێی محه‌ممه‌د خادمیانی داوای له وه‌زیری ژنانی كانادا كرد كه‌ رێگه‌یێكی گۆنجاو بۆ یارمه‌تیدان و پێگه‌یاندنی ژنانی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست و به‌تایبه‌تی بۆ كچان و ژنانی روژهه‌ڵاتی كوردستان بدۆزێته‌وه.
بەڕێز خاتوو ”مریه‌م مونسیف ” كه‌ بۆ خۆی به‌ ره‌گه‌ز ئه‌فغانی و له‌ دایك بووی شاری مه‌شهه‌د‌ی ئێرانه‌، خۆشحاڵی خۆی له‌و دیداره ده‌ربری و كوتی زۆر به‌ باشی ئاگاداری سیاسه‌تی هه‌ڵاوردنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ رژیمی ئێران و دۆخی خراپی ئێستای خه‌ڵكی ئێران و نایه‌كسانی و نادادپه‌روه‌ری له‌ ئاست كورده‌كانه‌.
ناوبراو پیرۆزبایی گه‌رمی نه‌ورۆزی له‌ كورده‌كان كرد و داوای له‌ به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی حیزب كرد كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كان لە گه‌ڵ حیزبی لیبرالی كانادا به‌رفراوانتر بكا.