بە نیشانەی هاودەردی لە گەڵ سێڵاولێدراوانی ئێران و کوردستان کۆتایی بە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی دەهێنین

هاونیشتمانانی خۆشەویست!
خەڵکی مافخوازی کوردستان!
ئێوە بۆ جارێکی دیکە و لە نەورۆزێکی دیکەی کوردەواریدا بە بەڕێوەبردنی چەندین ڕێوڕەسمی پڕشکۆی پڕ لە پەیام و نێوەرۆکی نەتەوەیی و نیشتمانی لە ئاستێکی بەربەرینی جەماوەریدا سەلماندتان کە لە پێناو ویست و داخوازییە ئینسانی و نەتەوەییەکانی خۆتان هەروا بەردەوام و شێلگیرن کە جێی سپاس و پێزانینە.
لە حاڵیکدا ئێوە سەرەڕای بەربەست و گوشاری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، سەرقاڵی بەڕێوەبردنی بەشێکی دیکە لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵ بوون و بە پێی قەرار و ساغبوونەوەی پێشوەخت و پلان بۆ داڕێژراو، پێوەبوون لە ڕۆژانی داهاتوودا لە چەند شوێن و ناوچەی دیکە ڕێوڕەسمی گەورەتر و پڕشکۆتر بەڕێوەبەرن، بەداخەوە بە هۆی کەش و هەوای بارانی و هەستانی لافاو لە چەندین شار و ناوچەی ئێران و کوردستان، دۆخێکی نەخوازراو و چاوەڕواننەکراو هاتە پێش کە زەرەر و زیانێكی قورسی ماڵی و گیانیی بۆ خەڵکی وڵات و نیشتمانەکەمانی بەدوادا هات.
بۆیە ئێمە، حیزب و لایەنەکانی ئەندام لە “ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران” وێڕای دەربڕینی داخ و کەسەری خۆمان و مەحکوومکردنی کەمتەرخەمی دام و دەزگا پێوەندیدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێوەندی لە گەڵ ئەم دۆخەی کە بەسەر خەڵکدا هاتووە و، وێڕای ڕاگەیاندنی سەرەخۆشیی خۆمان لە بنەماڵەی قوربانیان و هیوای چاکبوونەوەی هەرچی زووتری برینداران، بە درووستی دەزانین بە نیشانەی هاوخەمی لە گەڵ خەڵکی زیاندیتوو، کۆتایی بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان بهێندرێ.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٨