تاران ئێستاش تێرۆر هەناردە دەکات

ئاخاوتنێک لەگەڵ خالید عەزیزی یەکێک لە کەسایەتیە سیاسیە دیارەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لە ئێران.
خالید عەزیزی پێیوانیە، کە ئابلۆقە تازەکانی ئەمریکا بە دژی ئێران، بتوانن بە تەنیا ئەو ریژیمە بروخێنن.
داواش لە حکومەتی ئوتریش دەکات، کە لە مەڕ پەروەندەی ترۆرکردنی دوکتۆر قاسملو دا، هەنگاوی قانون مەندانە و پێویست باوێژێ.

ئاخاوتن: ڤیلاند شنایدەر لە ڕۆژنامەی دی پرێسێ
وەرگێڕ: محەممەدی فەقێ عەلی

دی پرێسێ: دەتوانن ئەو ئابلۆقە تازانەی ئەمریکا بە مانای لە نێوچوونی ڕێژیمی ئیسلامی بێ لە ئێران؟
خالید عەزیزی: من گومانم لەودا هەیە کە ڕێژیم بەو ئابلۆقانە بە چۆک دابێ، چوون تا ئێستا بە داخەوە تەنیا خەڵکی هەژاریان خستۆتە مەزیقەوە. بەڵام لە لایەکی دیکە بازاڕی پوڵی ئێران بە دەستی سوپاسی پاسدارانەوەیە، ئەو سیستمە مافیایەی سوپا هەموو شتێکی لە کۆنترۆڵ دایە بە تایبەتی بازاری ئاڵ و وێر و معامەلات، واتا خاوەن پوڵ و سەرمایەی ئێران سوپای پاسدارانە، کە بەداخەوە تا ئێستا هەست بەوە ناکرێ کە ئابڵووقەکان لە سەر سوپا و کارەکانی ئەو دامەزراوە مافیاییە کارکردێکی دیار و بەرچاوی بوبێ. ئێستاشی لە گەڵ بێ، سوپا ئەو کارانەی کە پێشتر کردویەتی واتا هەناردە کردنی شۆڕشی ئیسلامی و ترۆر بۆ ناوچەکە، لە بەر چاوی دنیا هەر درێژە دەدات.

دی پرێسێ: ئێران لە مانگی سپتامبری ساڵی ڕابردوودا، هێرشی موشەکی کردە سەر بنکەکانی ناوەندی حیزبەکەتان، ئاکامەکان چی بوون؟
خالید عەزیزی: ڕێژیمی ئێران، ئێستاشی لە گەڵ بێ، نایهەوێ مەسەلەی کورد لە ڕێگای دانوساندن لە سەر میزی وتوێژ چارەسەر بکات. ئەو هێرشەی ڕێژیم کە لە مانگی سپتامبر کردیە سەر بنکەی ناوەندی حیزبی ئێمە، یەکێک لە ئاکامەکانی ئەو سیاسەتە شەرخوازانەیەی ڕێژیمە. لەو هێرشە دا من گیانم بە سەلامەت دەربرد، بەڵام بە داخەوە زۆرێک لە هاوڕێیانم لە دەست دا. ئەوەی جێگای داخ بوو، مەحکوم کردنێکی ئەوتۆی جیددیمان لە سەر ئاستی نێونەتەوەی نەدیت. ئەو هێرشە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان تەنیا لە لایەن وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە مەحکوم کرا. بە کردەوە هیچ هەنگاوێک بە دژی ئەو کارە ترۆریستیانەیەی کۆماری ئیسلامی نەهاوێژرا. ئەوە پەیامێکی ڕێژیم بوو بۆ دنیای دەرەوە، کە ئەوان دەتوانن سەروەری خاکی دراوسێکانیان بنێنە ژێر پێ و بێ وەبەرچاوگرتنی ڕاسا و یاسای نیونەتەوەی هەموو کات دەتوانن ئەوکارە دووبارە بکەنەوە. چون بێدەنگی لە ئاستی نێودەوڵەتی لە وەها کارێک تەنیا هاندانێکە بۆ ئەو ڕێژیمانەی کە هەموو یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکەن.
دی پرێسێ: دەگوترا حیزبی ئێوە لەوبەینەدا دژی شەڕی چەکداری بوو. هێرشی موشەکیی بۆ سەر بارەگاگانی ناوندی حیزب، هیچ ئاڵوگۆڕی لە سیاسەتەکانی ئێودا لەو بارەیەوە پێکهێناوە؟
خالید عەزیزی: دوای ئەو هێرشە موشەکیەی ڕێژیم، خەڵکی کوردستانی ئێران ناڕەزایەتییان دەربڕی و دژی ڕێژیم هەڵوێستیان گرت. بە مانەوەیان لەناو ماڵەکانیان دا، ناڕەزایەتیان لەو کردەوە قێزەونە ترۆریستیەی ڕێژیم دەربڕێ.
ئێمە ئێستاش لە سەر ئەوباوەڕەین، کە خەباتی چەکداری ڕێگاچارەنیە، ئێمە سەردەمانێک ئەو خەباتەمان دەکرد بەڵام بۆخۆمان هەڵمان نەبژاردبوو، بەڵکو بەسەرماندا سەپێندرابوو. باوڕی تەواومان بە ڕێگاچارەی دیمۆکراتیانەو و ئاشتیخوازانە، بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوەییمان لە ڕێگای وتوێژەوە هەیە. پێمان وایە تەنیا ڕێگا چارەیەک بۆ لێک تێگەیشتن و چارەسەر کردنی مەسەلەی کورد تەنیا لە ڕێگای وتووێژ و دانوستاندنەوە دەکرێ، بەڵام بەداخەوە ڕێژیم ئەو شتەی ناوێ و بە پێچەوانەی رەفتار دەکات.

دی پرێسێ: حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، کە حیزبەکەی ئێوەش لەو جیا بۆتەوە، بیر لە شەڕی چەکداری دەکاتەوە، لێرەدا ئێوە ڕێگا چارەیەک دەبینن بۆ وەسەریەککەوتنەوەی ئەو حیزبە؟
خالید عەزیزی: باشترین شت بۆ ئێمە ، یەکگرتنەوەیە و دورستکردنی ناوەندێکی بە هێز بۆ هەموو هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ئێرانە. ئێمە هەوڵ دەدەین، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ئێران لە شار و دێ و زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن ڕێکخەین و لە چوارچێوەی خەباتێکی مەدەنی بێ زیان و ئاشتیخوازانەدا، پەیامێک بدەین بە ڕێژیم لە تاران و خەڵکانی دیکەی ئێران، کە مەسەلەی کورد لە ئێران دا، تەنیا مەسەلەی چەند هێزی سیاسی نیە، بەڵکو پرسی دە ملیۆن کوردە. ئێمە هێزی پێشمەرگەمان نانێرین بۆ ناو خاکی ئێران بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر پایەگایەک، بەڵام ئەوە ڕێژیمی ئێرانە، کە ئێمە وەک چەکدار و تێکدەری ئەمنیەتی میللی و جودایخواز لە قەڵەم دەدات. ئەوە هیچ ڕاستیەکی لە پشت نیە، چوون ئێمە کار لەگەڵ هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکەی ئێران لە راست و چەپ و کۆماریخواز و سۆسیادیمۆکرات دەکەین، ، ئێمە داوای سیستمێکی دیمۆکراتی بۆ داهاتووی ئێران دەکەین، کە لەو دا هەموو خەڵکانی ئێران بێ هیچ جیاوازیەکی دینی و نەتەوەی بەشداریان هەبێ ئێمە دژی ناوەندگراین و دابەشکردنی هێزمان لە ئێراندا دەوێ، بۆ ئەوەی بتوانین دەستەبەری دیمۆکراسی بکەین.

دی پرێسێ: چ هەلوێستێک لە یەکیەتی ئوروپا لە بەرامبەر ئێران دا چاوەڕوانی دەکەی؟ چ لە ئوتریش داوا دەکەی؟
خالید عەزیزی: ئەوە زۆر باش دەبوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەر ئوروپایەکانیش بەها و ئەرزشەکانی خۆیان لەم ناوچەیە نیشاندابا. من ناڵێم ئوروپایەکان سەفاڕەتەکانیان لە تاران ببەستن، بەڵام ڕێگای دیکە زۆرن کە فشار بخەنە سەر ڕیژیمی ئیسلامی ئێران، بۆ ئەوەی مافی مرۆڤ و مافی ژنان و کەمەنەتەوەییەکان و گەلی کورد باشتر بکات و ڕێزیان لێبگیردرێ، یان لە مانگی جولای دا دەبێتە ٣٠ ساڵ کە دوکتۆر قاسملو ڕێبەری ئەو کاتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لێرە لە وڵاتی ئوتریش بە دەستی ترۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی شەهیدکرا. بەداخەوە ترۆریستەکان زۆر بە ئاسانی وڵاتی ئوتریشیان بەجێ هێشت و نێردرانەوە بۆ ئێران. ئەو کردەوە قێزەونە لەوانەیە بۆ وڵاتی ئوتریش تەواو بوبێت، بەڵام بە دڵنیایەوە بۆ ئێمە کوردەکانی ئێران هیچ کات و بۆ ماوەی سانیەکیش لە بیر نەکراوە، لەوانەیە ئەمڕۆ وەختێکی باش بێ، بۆ ئەوەی پارسەنگی ناعەدالەتی لە مێژووی ئوتریش دا دووبارە بێننەوە جێگا و لەو ڕێگایەشەوە فشار بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران زیاد بکەن.

https://www.tt.com/ticker/15426559/iranischer-kurden-politiker-us-sanktionen-funktionieren-nicht?fbclid=IwAR0oDFeM6JVeTtjux11Byx0G69alOzb72g8Sve1K3aPuc6U7mgcDS8bZqLk