دیداری بەرپرسی پەیوەندییەکانی حدک لە رۆژئاوای کانادا لەگەل ئه‌ندام پارڵمانێكی ئەو وڵاتە

رۆژی یه‌كشه‌مه‌ رێکەوتی ١٧ی مارس هاورێ محەممەد خادمیانی بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموكراتی كوردستان لە رۆژئاوای کانادا لەگەڵ بەڕێز ” تێری بیچ ” ئه‌ندام پارڵمانی فیدرال سه‌ربه‌ حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری لیبرال بۆ شاری برنابی کانادا دیداری كرد.
له‌و دیداره‌ دۆستانه‌ دا بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزب به‌ كورتی دۆخی ئێستای ناوخۆیی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و سیاسه‌ت و رۆلی سه‌ره‌كی تێكده‌رانه‌ و مه‌ترسیداری رژیمی ئێرانی له‌ ئاڵۆزكردن وشێواندنی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست به‌ تایبه‌ت دوای گه‌مارۆ نوێیه‌كانی ئه‌مریكای باس كرد. ناره‌زایه‌تی و بێزاری و به‌ربه‌ره‌كانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵات و ده‌ور و رۆڵی گرینگی حیزبی دێموكراتی كوردستان، ته‌وه‌رێكی گرینگی دیكه‌ی دانیشتنه‌كه‌‌ بوو. دۆخی خراپی خوێندكارانی كوردی به‌ گشتی و ده‌سبه‌سه‌ركردنی مه‌سعود كیانی خوێندكاری خه‌ڵكی كرماشان و مه‌ترسی له‌سێداره‌ دانی سابیر شێخ عه‌بدوڵا خۆێندكاری باڵای زانكۆی ته‌باته‌بایی له‌ شاری تارانی به‌ تایبه‌تی باس كرد. هاورێ محه‌ممه‌د خادمیانی داوای له‌و ئه‌ندام پارلمانه‌ كرد له‌ ئاست پێشێلكاری سه‌ره‌تاییرین مافه‌كانی مرۆڤ و سه‌ره‌رۆیی و سه‌ركۆت و په‌ره‌پێدانی تیرۆریزمی ده‌وڵه‌تی رژیمی‌ ئێران بێده‌نگ و بێ هه‌ڵوێست نه‌بن.
بەڕێز ” تێری بیچ ” خۆشحاڵی خۆی له‌و دیداره‌ و نوێكردنه‌وه‌ی زانیاریه‌كانی له‌ لایه‌ن بەرپرسی پەیوەندییەکانی حدك ده‌ربری و خوازیاری درێژه‌دانی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ بوو. ئه‌ندام په‌رڵمانی شاری برنابی پیرۆزبایی گه‌رمی خۆی به‌ بۆنه‌ی نه‌ورۆزی ٢٧١٩ی كوردی و ساڵی نوێی كورده‌واری پێشكه‌شی كوردستانیانی دانیشتوی كانادا كرد و به‌لێنی دا له‌ ئاهه‌نگی رۆژی نه‌ورۆزی ئه‌وساڵ به‌شداری بكات. له‌ كۆتاییدا ئه‌و ئه‌ندام پارلمانه‌ی سه‌ر به‌ حیزبی لیبرال داوای پشتیوانی و پشتگیری كوردانی كانادا و به‌ تایبه‌ت شاری برنابی و ڤه‌نكۆڤه‌ری گه‌وره‌ی له‌ حیزبی لیبراڵ كرد.