بەرێوەچوونی سێمیناری ٨ی مارس لە لایەن کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە ولاتی دانماردک بە ھاوکاری کۆمیتەی دەرەوەی وڵات

کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە دانمارک بە ھاوکاریی کۆمیتەی دەرەوەی وڵات بە بۆنەی ٨ی مارس رۆژی نێونەتەوەیی ژن سمینارێکی بەڕێوە برد. ئەم سمینارە دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە رێکەوتی ٩ی مارسی ٢٠١٩ی زایینی بەرامبەر بە ١٨ی رەشەممەی ٢٧١٨ی کوردی لە شاری گغێوە لە وڵاتی دانمارک و بە بەشداریی کۆمەڵێکی بەرچاو لە ژنان و پیاوانی یەکسانیی خواز بەڕێوەچوو. سەرەتای سمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی دەستی پێ کرد کە لە لایەن بەڕێوەبەری سمینارەکە خاتوو سروە فەتاحی راگەیەندرا.

پاشان خاتوو شەھێن زادەئەحمەد بەرپرسی کۆمیتەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات بە وتەیەک سمینارەکەی کردەوە. خاتوو شەھێن باسێکی لە سەر ئامانج لە گرتنی سمینار لەو بۆنەیەدا کرد کە بۆ ژنی کورد دەتوانێ دەرس وەرگرتن لە ئەزموونی ئەو خەباتە نەپساوەیە بێ و لێک دانەوە بێ لە بەرھەم و ئاکامی ئەو رەوتە لە خەباتی ژنان.

یەکەم بڕگەی ئەم سمینارە بۆ بەڕێزان خاتوو خەدیجە مەعزوور و خاتوو گوڵاڵە شەڕەفکەندی، دوو چالاکی ھەڵسووڕی بواری ژنان و دوو سیمای ناسراو و لەمێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ئەندامانی رێبەریی ئەم حیزبە تەرخان کرابوو. سەرەتا خاتوو خەدیجە مەعزوور بابەتەکەی خۆی لە ژێر ناوی «دیار نەبوونی ژنانی رۆژھەڵات لە بزووتنەوەی دێموکراسی خوازی دا» پێشکەش کرد. بەڕێز خەدیجە مەعزوور لە باسەکەی خۆیدا بە وردی ئاماژەی بە دوو رۆژی گرینگ واتە ٨ی مارس رۆژی نێونەتەوەیی ژن و رۆژی ٢٤ی رەشەممە ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان کرد و مێژووی ئەم دوو بۆنە گرینگەی بەرز نرخاند. خاڵی جێگەی سەرنج و ئاماژە لە وتەکانی بەڕێزیان دا ئەوە بوو کە ئایا وڵامی ژنان لە بەرامبەر ئەو ھەوڵانەدا چی بووە و ئایا ژنانی کورد پاش شۆڕشی ئێران بە نھێنی و بە ئاشکرا چییان کردووە. ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەو مەسەلە کە بۆچی ژنی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان جێگە و پێگەی لە جووڵانەوەدا دیار نییە و رەخنەی لە بێ ھەڵوێستیی بەشێک لە ژنان بەرامبەر بە ھەموو ئەم رووداوانە گرت کە لە پەنایان روو دەدەن کە چی ئەوان ھیچ گرینگییان پێ نادەن و ھیچ ھەڵوێستێک ناگرن.

دوابەدوای باسەکەی خاتوو خەدیجە، خاتوو گوڵاڵە شەڕەفکەندی بابەتەکەی خۆی کردەوە. سەردێری باسەکەی خاتوو گوڵالە، پۆپۆلیسم و کارتێکەری ئەو لە سەر رەوتی یەکسانیخوازی بوو. پۆپولیسم وەک شێوەیەکی پرۆپاگەندەی سیاسی بۆ چارەسەری ئەو گرفتانەی کە لە دەرئەنجامی مۆدرنیتە، پێشکەوتنی تێکنۆلۆجی، بە جیهانی بوون، موهاجیرەت، نەمانی متمانە بە بەرێوابەرایەتی وڵاتان و ناسەقامگیری ئابووری ئەورۆبۆتە شیوەیەکی بەرچاو لە جیهانی سیاسەت دا، چەند جۆری هەیە پۆپولیم چەپ کە بەرچاوترینی لە ئامریکای لاتین دەبیندرێ، پۆپولیمی جەپی ئامریکا وەک شوعارەکانی ساندرێرز، پۆپولیسمی جەپی ئوروپایی کە لە چوارچیوەی ئەو حیزبانە کە لە موسلمانی توندرەو جار و بار خۆیانی تێدا دەبینەوە. پۆپولیسمی راستی ئامریکا لە قسەکانی ترامپدا و پوپۆلیسمی راستی ئوروپا لە شێوەی ڕق لە پەنابەران و پێداگری لە پاراستنی سەمبۆلەکانی وڵاتێکی ئوروپایی دا خۆی نیشان دەدا. پۆپلیسم لە وڵاتانی ئیسلامی، وێنەی شیعەکەی لە قسەکانی خۆمەینی یا دەوڵاتی ئێران و پۆپولیسمئ سوننی لە شیوازی داعێشدا. هەمووی ئەوانە لە سەر ئەوە ساغن کە مەترسی دوژمن، واتەی ئەوەی وەک من بیر ناکاتەوە وەک من نییە دەبێتە هۆی ئەوەی کە هێندێک شوعار جێگای عەقلیەتی سیاسی بگرێتەوە و تەنانەت ببیێتە شیوەیەکی نوێی سیاسەت کردن کە لە ئەسلدا پاشەکشەیە لە دێمۆکراسی و هێندێک بنەما کە پێشتر وەک پێش مەرجی هەر حەرەکەتێکی سیاسی چاوی لێ دەکرا. کارتێکەری ئەو ئاڵوگۆرە لە سەر پرسی یەکسانی کاتێک ناسیۆنالیسمی ئوروپی لە بەرابەر پەنابەردا و پۆپلیسمی ئامریکایی راستەکەی لە بەرابەر موهاجیردا و جەپەکەی لە بەرامبەر والستریت دا، دەبێ بتوانی دوبارە بەڵێنی سەقامگیری ئابووری واتە ئەمنییەتی کار بۆ پیاوی سپی پێستی تەبەقەی مام ناوەندی دابین بکا، مەجبور دەبێ هێندێک بەڵێنی خۆی بۆ یەکسانی لە بیر بکا. تەنانەت ئەو ژنانەی بۆخۆیان دەکەونە بەرەی پۆپولیسم، خەباتی یەکسانی لە بەر چاویان لە گرینگی سەرەکی دەکەوێ.لە کۆتایی باسەکانی ئەم دوو بەڕێزەدا بەشدار بووان پرسیار و تێبینییەکانی خۆیان ئاراستە کرد کە لە لایەن ئەم دوو تێکۆشەرەوە زۆر بە وردی وڵامی پرسیارەکان درایەوە.

لە بڕگەی دووھەمی سمینارەکەدا رۆژنامەنووس و نووسەری بەتوانا و کوردخۆشەویستی دانمارکی خاتوو نینا غاسمووسێن کە لە رەوتی کۆمەڵە سەفەرێکدا بۆ ھەر چوار پارچەی کوردستان گەلێک زانیاریی لە سەر ئەم نەتەوە ماف خوراوە وە دەست ھێناوە، بە نیشاندانی کۆمەڵێکێ زۆر وێنە و دۆکۆمێنت، باسێکی تێر و تەسەلی سەبارەت بە بار و دۆخی کوردستان و چۆنیەتی ژیان و خەباتی ئەم نەتەوەیە کرد. ناوبراو لە قسەکانی خۆیدا زۆر بە وردی ھەڵسەنگاندنی بۆ خەباتی ژنی کورد لە بەرامبەر ژنی ئوروپایی دا کرد و پێی وابوو کە خۆڕاگر بوونی ژنی کورد لە بەرامبەر ئەم ھەموو نەھامەتێیەدا جێگەی رێزە. بەڕێز غاسمووسێن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە ئازادیی ژنی کورد لە نێو ماڵەکاندا کرد سەرەڕای ئەو ھەموو بەربەست و گوشارانەی کە لە لایەن رێژیمەوە دەخرێتە سەر خەڵکی ئەم وڵاتە. دوایین پەیامی ناوبراو بۆ خەڵکی کوردستان ئەوە بوو کە کورد تا یەکگرتوو نەبێ سەر ناکەوێ. ئەوەی کە لێرەدا جیاوازیی ئەم خاتوونە دانمارکییە دەردەخا ئەوەیە کە بە ھۆی داکۆکی کردنی لە دۆزی رەوای کورد لە لایەن ھەر دوو رێژیمی دژەگەلیی ئێران و تورکیە مافی چوون بۆ ئەم دوو وڵاتە لە ناوبراو قەدەغە کراوە. جێگەی ئاماژەیە کە خاتوو نینا غاسمووسێن کۆی ئەزموونەکانی خۆی لە رەوتی سەفەرەکانی بۆ کوردستان لە توێی سێ کتێبدا بە ناوەکانی« تاک و تەنیا لە ئێران، سەفەر بۆ وڵاتێکی حاشا لێ کراو و ئەوانەی کە دەمێێننەوە» چاپ و بڵاو کردۆتەوە. یەکێک لەم کتێبانە «سەفەر بۆ وڵاتێکی حاشا لێکراو» لە لایەن ھاوڕێ ڕەشید قازی وەرگێڕدراوەتەوە سەر زمانی کوردی. لە پێوەندی لەگەڵ وەرگێڕانی ئەم کتێبەدا خاتوو نینا دەڵێ شانازی بە خۆمەوە دەکەم کە کتێبەکەم کراوەتە کوردی. پاش قسەکانی خاتوو نینا بەڕێز رەشید قازی زۆر بە کورتی ئاماژەی بە ناوەڕۆکی ئەم کتێبانە کرد کە بەرھەمی سەفەرە سەخت و دژوارەکانی غاسمووسێن بۆ کوردستانە.

لە ناوئاخنی باس و بابەتەکانی ئەم سمینارەدا خاتوونی نووسەر و شاعێری ھەست ناسک خاتوو کوێستان عومەرزادە بە پێشکێش کردنی چەند شێعر و پەخشانێک بە ھاوکاریی مووزیک ژەنی بەتوانا مامۆستا گۆران  ئیبراهیم خەیات گوڕ و تینێکی تایبەتی بە کۆڕەکە بەخشی. خاتوو کوێستان وەک تێکۆشەرێکی یەکسانی خواز، یەکەم ھۆنراوەی خۆی پێشکەش بە گیانی پاکی نەسرین و سۆھەیلای دێموکرات کرد کە بوون بە سەمبوولی یەکسانی خوازی ژنانی کوردی دێموکرات. ھۆنراەریەک پڕ لە ھێمای ئەوێنداری ئازادی، پڕ لە حیماسەی گیان بەخت کردن، پڕ لە حەسرەتی کۆچیان.

بڕگەیەکی دیکەی ئەم سمینارە بۆ باسێک لە ژێر ناوی « ٨ی مارس و ئامانجەکانی، روانگە و بۆچوونەکانی ژنانی کورد» دیاری کرابوو کە لە لایەن خاتوو مەحبووبە رەحیمی چالاکی بواری ژنان و تێکۆشەری ریزەکانی حیزبی دێموکرات و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان پێشکەش بە ئامادەبووان کرا. تەوەری باسەکەی بەڕێز رەحیمی لە درێژەی بابەتەکەی خاتوو خەدیجە مەعزووردا، ئاوڕدانەوەیەک بوو لە گرینگیی ٨ی مارس و چۆنێەتیی کەڵک وەرگرتن لەو باسە و لەو رۆژە، ھەروەھا خەباتی یەکسانیی خوازی ژنانی کوردی رۆژھەڵاتی کوردستان و گرینگیی بەردەوام بوون لەو خەباتە و گرینگیی بە رۆژ کردن و بە کوردی کردنی ئەو باسە کە رێکخراوی ژنانی دێموکراتی کوردستان، بە تایبەت کە ئەم رێکخراوە تەمەنی پڕ لە شانازیی خۆی لە سەردەمی کۆماری کوردستان و لە سەر دەستی پێشەوا قازی دەست پێ کردووە، ئاماژە سەرەکییەکانی خاتوو مەحبووبە بوون.

دوایین بڕگەی سمینارەکە بابەتێک بوو بە ناوی « رۆڵی ژنان لە سیاسەت و پۆستەکانی رێبەری دا» کە چالاکی بواری ژنان و تێکۆشەری ێەکسانیی خواز خاتوو کوێستان بابایی ئامادەی کردبوو. خاتوو کوێستان لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە پێشکەوتنی ژنان لە ئوروپا لە سەرەتای ١٩٠٠ی زاینی تا ئێستا کرد و دواتر باسی لە چەند نموونەی کاری رێکخراوەیی لە کۆمەڵگا و کێشە تاێبەتییەکانی نێو رێکخراوەکانی ژنان کرد. لە کۆتاێی ئەم دوو باسەشدا بەشداربووان بە پرسیار و بۆچوونەکانی خۆیان باسەکانیان دەوڵەمەندتر کردکە ئەم جارەش لە لایەن ئەو دوو خاتوونەوە زۆر بە ڕوونی وڵامی پرسیارەکان درایەوە.

شایانی باسە، کومیتەی دانمارکی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و کومیتەی دەرەوەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان خەڵاتی رێزلێنانی پێشکەشی ھەر یەک لە بەڕێزان “نینا غاسمووسێن” و موزیکژەنی بەتوانا کاک “گۆران” کرد کە لە لایەن خاتوو “پەروانە پایان” بەرپرسی کومیتەی ژنانی دانمارک خەڵاتەکانیان درایە دەست. لە کۆتایی ئەم سمینارەدا بە ئێوارەخوانێکی جوان و کوردانە کە لە لایەن کۆمیتەی دانمارکی یەکیەتیی ژنان دێموکراتی کوردستان و بە ھاوکاریی ئەندامان و دۆستانی ئەم رێکخراوە رازێندرابۆوە، زۆر بە گەرمی پێشوازیی لە بەشداربووانی سمینارەکە کرا.