کورد و حەتمییەتی مێژوویی

حەسەن شێخانی

«حەتمییەت و جەبری مێژوویی» یان «گەشەی مێژوویی» یان «لۆژیکی چارەهەڵنەگری مێژوویی» لەنێو کورددا باوە و بڕەوی زۆری هەیە و ڕەنگڕێژیی تێڕوانینی بەشێکی زۆر لە ئێمەی بۆ ڕەوتی مێژوو کردووە. ئەمەش بێ هۆکار نییە، بەڵکوو لە خڵتە و پاشماوە فیکرییەکانی «مارکسیزم»ـە، کە ئەویش لە فەلسەفەی هێگێل وەری گرتووە. ئەگەر بمانەوێ وردتر بدوێین دەبێ بڵێین بیرۆکەی گەشە و پێشکەوتنی مێژوویی بە شێوەیەکی تۆختر لە هێگێلیزمدا دەبینرێ و لای مارکس کەمێک کاڵتر دەبێتەوە؛ چونکە مارکس (لەچاو هێگێل) شوێنێکی گەورەتر بۆ بکەربوونی مرۆڤ لە ڕەوتی مێژوودا دەهێڵێتەوە. لەبەر ئەوەی کە مۆدێلی سیاسەتی کوردی و حیزبایەتیی کوردی لە چەپی نەریتی و مارکسیزمی سۆڤییەتی وەرگیراوە، بۆیە سەیر نییە کە ئەم مەسەلەیە لەسەر جۆری بیرکردنەوە و چۆنیەتیی تێڕوانینی کورد بۆ ڕەوتی ڕووداو و ئاڵوگۆڕەکان کاریگەری دانابێ.

لەم وتارەدا لەسەر «ئامانجمەندیی مێژوو» یان «جەبری مێژوویی» هەڵوێستە دەکەین، واتە لۆژیکی چارەهەڵنەگری مێژوویی لە هەر دوو ڕووە ئەرێنی و نەرێنییەکەیدا لێک دەدەینەوە.

بەپێی ئەم تێڕوانین و لۆژیکە، مێژوو ڕەوتێکی یەک‌ ئاراستەیە، پێش دەکەوێ و گەشە دەکا و، بە شێوەیەکی حەتمی و چارەهەڵنەگر بە ئامانجمان دەگەیەنێ. وەک ئەوەی مێژوو لە ڕاستای ئامانجە مرۆییەکان و ئازادی و مافی مرۆڤدا قورمیش کرابێ و بەرەبەرە تەرجەمە ببێ بۆ واقیع و لە حاڵەتی هێزەکییەوە بۆ واقیع گەشە بکا. بە واتایەکی دیکە ئەم تێڕوانین و لۆژیکە کە لە ئیدیۆمی «بیرۆکەی پێشکەوتن»‌دا فۆرموولە کراوە و کۆکراوەتەوە، نیشتەجێی نێو زەمینەی شیکاریی هێڵی و پەیوەستەی مێژوویە و لەسەر ئەو بنەمایە ڕۆنراوە.

بۆ شیکردنەوەی زیاتری لۆژیکی جەبری مێژوویی لە دوو مێتافۆڕ (چواندن) کەلک وەردەگرین کە لەپشت ئەم لۆژیکەوەن و دەیجووڵینن و ڕەنگڕێژ و ئاراستەی دەکەن: یەکەم؛ مێژوو بە درەخت دەچوێندرێ. وەک چۆن ناوکی درەخت بە شێوەی هێزەکی، درەختێکی کامڵی تێدا شاراوەیە و لە ڕەوتێکی سروشتیدا وردەوردە لە ناوکەوە بۆ ڕیشە و بۆ درەختی بچووک و دواجار درەختێکی گەورە و کامڵ گەشە دەکا، واتە وەک چۆن لە ناوکی درەختدا دوا قۆناغی گەشەی تێدا چێنراوە و بە تێپەڕینی کات و لە هەلومەرجی گونجاودا، ناوکی درەخت تا دوا قۆناغی گەشە دەکا، مێژووش ئاوا لەسەر وێنەی درەخت گەشە دەکا و لە سەرەتایەکەوە دەست پێدەکا و دوا قۆناغی گەشەی درەختی مێژووش، گەیشتنی حەتمیی مرۆڤەکانە بە ئازادی و ماف. دووهەم؛ مێژوو بە مرۆڤ وەک ئۆرگانیزمێکی زیندوو دەچوێندرێ. وەک چۆن مرۆڤ قۆناغەکانی کۆرپەڵە، منداڵی، لاوی و کامڵبوونی هەیە و ئەو قۆناغانە یەک لەدوای یەک تێدەپەڕێنێ و گەشە دەکا، بە هەمانشێوە مێژووش قۆناغەکانی گەشەسەندنی یەک لەدوای یەک تێپەڕ دەکا و تا دەگاتە دواقۆناغی، کە گەیشتنی مرۆڤەکانە بە ئازادی و مافەکانیان. واتە ڕەوتی مێژوو لە دەسپێک ڕا ئاوسە بە دواقۆناغی پەرەسەندنی مێژوو، کە بەختەوەری و دەستەبەربوونی ئازادی و مافەکانی ئینسانە.

ئایدۆلۆژیی مارکسیزم مێژووی قۆناغبەندی دەکرد کە بە شێوەیەکی ناچاری و حەتمی لە کۆمۆنە سەرەتاییەکانەوە دەستی پێدەکرد و بە کۆمۆنیزم، واتە بە سیستمێکی بێ جیاوازی و هاوئاهەنگ کە تێیدا بەرامبەریی کامڵ هەیە، کۆتایی دەهات. لە مارکسیزمدا مێژوو وا وێنا دەکرێ کە سەرەتا و کۆتاییەکی هەیە و کۆتاییەکەشی گەیشتنی خۆبەخۆیی مرۆڤەکانە بە بەختەوەری. لێرەدا بۆ پێشگرتن لە هەڵە‌‌‌‌تێگەیشتن، دەبێ سەرنجی ئەو جیاوازییە بدەین کە لەنێوان ئایدۆلۆژیی مارکسیزم و ئەندێشەی مارکسدا هەیە. لە ڕوانگەی خودی مارکسەوە ئەو قۆناغانە بە شێوەیەکی میکانیکی و ماشێنی و ویشک بەدوای یەکدا نایەن و یەکیان ئەوی تری لێ ‌ناکەوێتەوە. مارکس مرۆڤی بە خاوەن ڕۆڵ دەزانی و ئەوی نەدەکردە ملکەچی ویشکی پێوەندییەکانی بەرهەمهێنان؛ هەرچەند پێی وابوو کە مرۆڤ لە بەستێنی ئەو پێوەندییانەدا کار دەکا و دەجووڵێتەوە.

هەروەک ئاماژە کرا، سەرچاوە و ئیلهامی قۆناغبەندیی مێژوویی مارکسیزم، ئەندێشەی هێگێلە. هێگێل مێژووی بە ڕەوتی گۆڕان و گەشەی ئەقڵ وێنا دەکرد؛ ڕەوتێک کە لە سەرەتاوە قۆناغەکانی دوایی لە خۆیدا هەڵگرتووە و بەپێی لۆژیکی دیالکتیکی، مرۆڤەکان لە پڕۆسەیەکی دیاریکراوی مێژووییدا و دواجار بە ئاستێک لە ژیانی ئەخلاقی دەگەن، کە لەنێوان مرۆڤەکان وەک ئیرادەی «جزئی» و دەوڵەت وەک ئیرادەی گشتی جیاوازی نامێنێ و مرۆڤەکان بە شێوەیەکی خۆبەخۆ ئەوە دەخوازن و دەکەن کە ئیرادەی گشتی دەیەوێ. هێگێل ئەمەشی ناو دەنا باڵاترین قۆناغی ئازادی و گەشەی ئەقڵی ئینسان. لای هێگێل ئەم ڕەوتە هێڵی و پەیوەستەیەی مێژوو بنەما و جەوهەرێکی زەینی هەیە و لە ئاستی بیرۆکە و ئەقڵ و ئەندێشەدا ڕوو دەدا، بەڵام لە مارکسیزمدا وەردەگەڕێتە سەر بنەمای مادی و ئەوە ماتریالیزمی مێژوویی و پێوەندییەکانی بەرهەمهێنانی مادییە کە دەبێتە لۆژیک و دینامیزمی ناوەکی مێژوو.

قەدەرگەرایی مێژوویی و ئامانجمەندیی مێژوویی لە دووتوێی ئەندێشە و ئایدۆلۆژیا و لە شکڵ و فۆڕمی دیکەشدا، بۆ نموونە فۆڕمی مەزهەبیدا، خۆی نواندووە و دەرکەوتووە، بەڵام لە هەموو ئەو فۆڕمانەدا مرۆڤ و «ئیختیار» دەکرێنە دەرەوەی مێژوو، لەسەر شانۆی مێژوو دەبرێنە پشتەوەی مێژوو و ڕۆڵی دیاریکەرییان لێ‌ دەستێنرێتەوە. واتە ئەوە ڕەوتی چارەهەڵنەگری مێژوویە کە مرۆڤەکان دەجووڵێنێ و لەگەڵ خۆی دەبا. لێرەدا وەک بوونەوەرێکی پاسیڤ و سەرخان و لاوەکی لەگەڵ مرۆڤ مامەڵە دەکرێ.

تا ئێرە باسمان لە ڕووە ئەرێنی و دڵخۆشکەرەکەی حەتمییەتی مێژوویی کرد؛ ئەوەی کە مێژوو و ڕەوتی ڕووداوەکان بە شێوەیەکی حەتمی ئێمە بە ئامانج دەگەیەنێ، چونکە مێژوو لەسەرەتاوە ئاوا قورمیش کراوە. ئێستا دێینە سەر ڕووە نەرێنییەکەی پارادایم و لۆژیکی حەتمییەتی مێژوویی.

ئەگەر ئەوەی لە ڕابردوودا ڕووی داوە وەک پێویستییەکی مێژوویی و ڕووداوی چارەهەڵنەگر بیبینین و بڵێین هەر دەبوو وابێ، دەبوو وای لێ هاتبا، ئەوە مێژوو دەبێتە ڕەوتێکی تاکئەگەر و تاکهێڵ؛ مێژوو دەبێتە خاوەن دینامیزم و جووڵەیەکی ناوەکی، کە لە دەرەوەی ئیرادەی مرۆڤ، خۆی پراکتیک دەکا و مرۆڤ بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێ.

ئەگەر هەر شتێک ڕووی داوە، بڵێین دەبوو وابێ، درێژکراوەی ئەم لۆژیکە ئەوەیە هەر شتێک لە داهاتووشدا ڕوو بدا، دەبێ وا بێ و نەتوانرێ خۆی لێ لابدەین. بۆ نموونە ئەگەر لە داهاتوودا تووشی ژیانی تاراوگەیی ببینەوە، بەپێی ئەم لۆژیکە دەبێ بڵێین دەبوو وای‌ لێ هاتبا و غەیری ئەوە ئیمکانی نەبوو. لەم حاڵەتەدا هیچ کەس لە بەرامبەر کردەوەکانیدا بەرپرسیار نییە. لێرەدا ڕووە نەرێنییەکەی حەتمییەتی مێژوویی دەردەکەوێ و ئەو دەرەنجامە نەخوازراوە خۆی دەسەپێنێ کە قاتڵ و خوێنڕێژەکانیش تاوانبار نین، چونکە دەبوو کوشتار ڕوو بدا و کوشتن چارەهەڵنەگر دەبوو. شتێکیش کە ناچاری بێ و لە دەرەوەی ئیرادە و ئیختیاری مرۆڤدا بێ، بۆ تاوانبار کردن و لێپرسینەوە و مەحکوومکردن نابێ. لە لایەکی دیکە ئەگەر هەموو ڕووداوێکی مێژوویی چارەهەڵنەگر بێ، ئەوە ڕێ لەوە دەگرێ خۆمان لۆمە بکەین و ڕەخنە لە خۆمان بگرین کە وەک پێویست بۆ قۆناغێکی دیاریکراوی مێژوویی ئامادە نەبووین و دروست مامەڵەمان لەگەڵ دۆخەکە نەکردووە. ئەمە ڕێ لە خەسارناسی و پێداچوونەوە و تێگەیشتن و ڕەخنەدانی مێژووش دەگرێ. چونکە ئەگەر ڕەوتی مێژوو چارەهەڵنەگر بێ، ئەوە هەرچی بیکەین مێژوو ڕێگەی خۆی دەپێوێ و مێژوو وەک خوایەک لەبان سەرمانەوە خۆی پراکتیک دەکا. کەواتە نە لە بەرامبەر کەمکاری و کەمتەرخەمییەکانی ڕابردوومان (و داهاتوومان) خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین و نە کەسیش دەتوانێ ڕەخنە لە نەسڵەکانی پێشوو بگرێ و بڵێ بۆ وا جووڵانەوە.

ئەگەر مێژوو ڕەوتی خۆی بپێوێ و بەپێی لۆژیک و دینامیزمی ناوەکیی خۆی، گەشە بکا، ئەوە خۆئامادەکردن و خۆڕێکخستنی ناوێ، ئەوەی قەدەر لە نێوچاوانی مێژوو نووسیبێتی، هەر ئەوە ڕوو دەدا. بە دەربڕینێکی دیکە، ئەمە دڵنیاییەکی درۆیین لە گەیشتنی خۆبەخۆی ئێمە بە مافەکانمان دەدا.

ئەگەر بۆ ڕووداوەکانی ڕابردوو بڵێین هەر دەبوو ئەوە ڕوو بدا کە ڕووی داوە، ئەگەر بە لۆژیکی چارەهەڵنەگریی مێژوویی ڕووداوەکان بخوێنینەوە، ئەمە هەر دوو دیوە تاریک و ڕۆشنەکەی ڕابردوو دەگرێتەوە، بەو کوشتارانەی لە ڕابردووشدا کراون؛ چونکە ناکرێ تەنیا لایەنێک لە هاوکێشەکان و، ڕووداوی پێوەندیدار بە لایەنێک، چارەهەڵنەگر بن. لەم حاڵەتەدا بە شێوەیەکی نەخوازراو و نائاگایانەش بێ، هەمان دید و تێروانین بەسەر لایەنەکەی دیکەی هاوکێشە مێژووییەکەدا دەسەپێنین. دەرەنجام و درێژکراوەی ئەم لۆژیکە بۆ ئێستا و داهاتووش ئەوەیە، ئەگەر ڕووداو و بۆ نموونە کوشتارێک لە ئێستا و داهاتوودا ڕوو بدا، ئەوە نەسلەکانی داهاتوو دەبێ بڵێن، دەبوو وابێ و نەدەکرا خۆی لێ لابدەن. ئەمە دەرکردنی چەمکی ئازادی و بەرپرسیارێتی و ئەخلاقە لە ڕەوت و ڕەوڕەوەی مێژوودا. بەم پێیە نە دەبێ ڕەخنە لە کوشتارەکانی ڕابردوو بگرین و نە لە قەتڵوعامەکانی داهاتووش. چونکە بەپێی لۆژیکی چارەهەڵنەگریی مێژوویی، کە ناوێکی دیکەیە بۆ تەقدیرگەرایی و چارەنووسگەرایی، هیچ ڕێگا و ئیمکانێک بۆ بەرگرتن لەو کوشتارانە نەبووە.

ئەگەر هەر ڕووداوێکی مێژوویی وەک پێویستی و حەتمییەتی مێژوویی لە قەڵەم بدەین، ئەوە زۆر لق و پۆپی لێ دەبنەوە، بمانەوێ و نەمانەوێ، بە شێوەیەکی نەخوازراو و نائاگایانە، ستەمکاران و مرۆڤکوژانی ڕابردوو تەبرەئە دەکەین و هەر بەمەش ناوەستین بەڵکوو هەر کوشتار و کارێکی دژە مرۆیی لە داهاتووشدا بکرێ، هەمان حوکمی بێبەریبوونی بەسەردا دەسەپێنین. واتە ئەگەر بە لۆژیکی چارەهەڵنەگریی مێژوویی، مێژوو بخوێنینەوە و ڕووداوەکانی ناوی شرۆڤە بکەین، ئەوە بە شێوەیەکی نەخوازراو پاساو بۆ کەمکاریی خۆمان و بۆ کردەوەی پێشێلکەرانی ماف دەهێنینەوە و دەبینە پارێزەر و پاکانەکەری ئەوان لە داداگای مێژوودا.

دەرئەنجام

مێژوو نە لەسەر وێنەی درەخت گەشە دەکا و نە لەسەر وێنەی ئۆرگانیزمی زیندوو، وەک هێگێل دەڵێ. ئەم لێکدانەوە و شوبهاندنانە نادروستن. ڕەوتی مێژوو ئەم قەدەرگەراییە ڕەت دەکاتەوە. مێژوو یەک ڕەوت و یەک ئاراستە نییە. مێژوو فرەڕەهەند و فرەدیو و فرەجەمسەرە. چوونەپێش و لەنێوچوون و دەستپێکردنەوە و هەڵبەز و دابەز و چوونەسەر و خواری زۆر تێدایە؛ هەم درێژکرانەوەی تێدایە هەم دابڕان؛ ئاوێتەیە لە هەموو ڕەوتە دژبەیەکەکان.

لەڕاستیدا مێژوو هەم تێگەیشتنە لەو ئەگەرانەی بوونە واقیع و هەم لەو ئەگەرانەش کە نەبوونە واقیع. بۆچی لەنێو ئەو ئیمکان و ئەگەرانەی لە سەردەمێکی دیاریکراوی مێژوودا هەبوون، فڵان ئەگەر وەدیهات؟ چی نەکرابا یان چ فاکتۆرێک لە ئارادا بایە، کە مێژوو ئاراستەیەکی دیکەی وەردەگرت؟ واتە دەکرا ئاڵوگۆڕەکان ڕەوت و شێوە و ئاراستەیەکی دیکەیان وەرگرتبا؛ دەکرا ئێمە دەسکەوتی زیاترمان هەبا ئەگەر بە شێوەیەکی دروستتر مامەڵەمان کردبا.

مێژوو ڕەوتێکی ئاڵۆز و پڕئەگەرە، ئەوە کۆی هەلومەرج و فاکتۆرەکانە، کۆی هەلومەرج و چۆنیەتیی کردار و پەرچەکرداری مرۆڤەکانە کە ئەگەر و ئیمکانێک دەکەنە واقیع. ئەوە دەگەڕێتەوە سەر مرۆڤ وەک بکەر، کە لە بەستێنی هەلومەرج و لەنێو کۆی هۆکارەکاندا چۆن مێژوو دەبزوێنێ و ئاراستەی دەکا. وەک چۆن ئەگەر هاوکێشەی هەلومەرج و فاکتۆرەکان بە شێوەیکی دیکە بایە، ئەوە مێژووش ڕەوتێکی دیکەی وەردەگرت، بە هەمان شێوە گەیشتنمان بە ماف لە داهاتوودا بە چۆنیەتیی مامەڵەی خۆمان و کۆی فاکتۆر و هەلومەرجەکانەوە گرێدراوە، شتێک نییە بە شێوەیەکی خۆبەخۆ و میکانیکی ڕوو بدا.