چاوپێکەوتنی بەرپرسی پەیوەندیەکانی حدک لە رۆژئاوای کانادا لەگەل وەزیری پیشەسازی کانادا

رۆژی هەێنی رێکەوتی ٨ی مارس بەرێز محەممەد خادمیانی بەرپرسی پەیوەندیەکانی حیزبی دێموكراتی كوردستان لە رۆژئاوای کانادا لەگەڵ بەڕێزان ” مێری نگ ” وەزیری پیشەسازی کانادا و ” ران مەکانن ” ئەندام پارڵمانی لە حیزبی دەسەڵاتداری لیبراڵ دیدار و چاوپێکەوتنی كرد.

لەو دیدارە دا هاورێ محەممەد خادمیانی باسی چوار ده‌یه‌ سیاسەتی سەرکوت و ستەمکاری‌ و پێشێلکاری سەرەتاییترین مافەکانی ئینسانی له‌ ناوخۆ و سیاسه‌تی تێكده‌رانه‌ و ده‌ستێوه‌ردان و دروستكردن و پرچه‌ككردنی گروپه‌ تیرۆریسته‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی رژیمی كۆنه‌په‌رست و دیكتاتۆری ئێرانی كرد. بە درێژایی ئه‌و ٤٠ ساله‌دا پێكهاته‌ ئیتنیكیه‌كانی ئێران بەتایبەت گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، زۆرترین زه‌ره‌رمه‌ندی سیاسه‌تی حاشالێكردن و هه‌ڵاوردن و سه‌ركوتی نامرۆڤانه‌ بوون و داوای ره‌وای مافی ئینسانی و شوناسخوازانه‌ی كوردان هه‌میشه‌ به‌ توندوتیژی و دره‌ندانه‌ترین شێوه‌ و‌ڵام دراوه‌ته‌وه‌ و موشەکبارانی قەڵای دێموکرات و کوشتنی بەردەوامی نامرۆڤانەی کوڵبەران و کاسبکارانی رۆژهەڵاتی کوردستانی وه‌ک نمونه‌یەک بۆ وەزیری پیشەسازی کانادا خستەروو. له‌ ته‌وه‌ری دووهه‌می باسه‌كەی، دۆخی خراپی خوێندکارانی کورد و سیستمی هەڵاوردنی زانکۆکانی ئیران و بێکاری بەرفراوان و رەهای گەنجانی خوێنده‌واری کوردی کرد و مانگرتنی ٣ رۆژەی چه‌ند رۆژ له‌مه‌وبه‌ری مامۆستایانی خوێندنگەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی وەک نوێترین و بوێرانه‌ترین ده‌نگی بێزاری و نارازی بوونی خەڵکی روژهەڵات کوردستان و ئێران له‌و رژیمه‌ دیكتاتۆره‌ باس كرد.


هاورێ محه‌ممه‌د خادمیانی وێرای ئاماژه‌ به‌ هه‌وڵه‌ یه‌كگرتوه‌كانی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ، باسی نوێترین هه‌نگاوی ده‌ حیزب و رێكخراوی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و كوردستانی بۆ كۆده‌نگی و پێكهێنانی به‌ره‌یێكی یه‌كگرتوو بۆ دوباره‌ بونیاتنانه‌وه‌ وڵاتێكی ئازاد و دێموكرات و فێدراڵ كرد و داوای له‌ دەوڵەتی کانادا كرد سەبارەت بەو پیشیلکاریە ئاشکرایانەی یاساکانی نیونەتەوەیی رژیمی ئیران ته‌نیا به‌ ئیدانه‌ كردن نه‌وستن و پێشه‌نگی كۆده‌نگێكی نێوده‌وڵه‌تی هاوشێوه‌ی كونفه‌رانسی لیما بۆ ڤێنۆزۆئێلا، به‌ به‌شداری هه‌موو هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ دێموكرات و پێشكه‌وتنخوازه‌كان بۆ دوباره‌ بونیاتنانه‌وه‌ی ولاتێكی ئازاد و فێدرال بن و له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا حیزبی دێموكراتی كوردستان وه‌ک به‌ نفوزترین و به‌ ئه‌زمونترین حیزبی سیاسی له ‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئاماده‌ی‌ هه‌موو هاوكارییەكه.

بەڕێزان مێری نگ وەزیری پیشەسازی کانادا و ران مەکانن نیگه‌رانی خۆیان بۆ دوخی ئێستای ئێران و ئه‌گه‌ری ئاڵۆزی زیاتر له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ربری و ئاماژەیان بەوە کرد كە دەوڵەتی کانادا و حیزبی لیبرال ئاگاداری پیشیلکاریە بەردەوامەکانی مافی مرۆڤ لە ئیران و سیاسیەته‌كانی هەڵاوردن و دەستیوەردان و ئاژاوەگێری سپای پاسداران له‌ ناوچه‌كه‌ن. رێزدار نگ وتی کە دەوڵه‌تی کانادا لە ئاستی نیودەڵەتیدا و بە تایبەت لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان دا پێشەنگی ئاماده‌كردنی گه‌ڵاڵه‌ و مەحکوم کردنی ئەو سیاسەتانەی رژیمی ئیرانە و سپای پاسدارانی لە لیستی گروپە تیروریستەکان هاویشتوە و گەمارۆی ئابوری خستۆتە سەر رژیمی ئێران.

وەزیری پیشەسازی کانادا و ران مەکانن ئەندام پارلمانی کانادا به‌ڵێنان دا داواکارییەکانی بەرپرسی پەیونەدییەکانی حیزب به‌ ناوه‌نده‌كانی په‌یوه‌ندیدار بگه‌ێنن و خۆشحالی خۆیان بۆ ئەو دیدارە دەربری و داوای به‌رده‌وامی په‌یوندیه‌كان‌ و پشتیوانی ئەندامانی حیزبی دێموکرات کوردستان و هەموو کوردانی کانادایان لە هەڵبژاردنی پارڵمانی فێدراڵ له‌ رۆژی ٢١ی مانگی ١٠ی ٢٠١٩ کرد.

حیزبی دیموکراتی کوردستان- کانادا