دووانە تەبا و ناتەباکانی مێژوویەکی ٧٥ساڵە، پوختەی ئەزموونەکان (بەشی دووهەم)

قادر وریا

دووانە تەبا و ناتەباکانی مێژوویەکی ٧٥ساڵە، پوختەی ئەزموونەکان

(بەشی دووهەم)

چوارەم دووانەی تەبا و ناتەبا، شەڕخوازی و ئاشتیخوازی

«شەڕخوازی» ئاوەڵناوێک نییە کە حیزبی دێموکرات بۆخۆی بیداتە پاڵ خۆی، بەڵکوو نەیارانی بە تایبەتی لە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، ئەم سیفەتەیان داوەتە پاڵی و دووپاتی دەکەنەوە.

لە شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧دا خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکرات، هەر ئەوەیان کرد کە خەڵک و هێزە سیاسییەکانی دیکە لە تاران و شارەکانی بەشەکانی دیکەی ئێران کردیان. هەر وا کە لە هەمەدان و تەورێز و مەشهەد و ئیسفەهان، ئەرتەشییەکان و فەرماندەرانی پاسگا و پادگانەکان دەبوایە تەسلیمی خەڵک و شۆڕشگێڕان بان و چەکەکانیان دابا بەوان و چووبانە ژێر ئەمر و فەرمانی ئەو کەسانەی خەڵکی ڕاپەڕیو بۆیان دیاری دەکەن، لە کوردستانیش هەروا بووە. بەو جیاوازییە خەڵک لە کوردستان، لە جیاتی فەرمانوەرگرتن لە خومەینی و «کمیتە انقلاب»ی دەستنیشانکراوی ناوبراو، حیزبی خۆیان و ڕێبەرانی سیاسیی خۆیان هەبووە و بە قسەی ئەوانیان کردووە. دوایەش، دەسەڵاتی تازە لە تاران، بێ ئەوەی تەنانەت لە قسەشدا کەمترین بەڵێنی جێبەجێبوونی داوا لەمێژینەکانی ئەو خەڵکە بدا، داوای لە خەڵک و هێزە سیاسییەکان کرد چەکەکانی تەحویل بدەنەوە و، لەشکری بۆ گرتنەوەی شار و ناوچەکانی کوردستان نارد. خۆ لە کوردستانەوە هێرش نەکراوەتە سەر بەشەکانی دیکەی ئێران و لەشکریان بۆ ڕەوانە نەکراوە.

ئایا حیزبی دێموکرات و هێزە سیاسییەکانی دیکە و بە گشتی خەڵکی کوردستان دەبوایە چەکەکانیان تەحویل دابایەوە و هاوکار بان تا ڕێژیمی تازە بە ڕاحەتی دەست بە سەر هەموو کوردستاندا بگرێتەوە، جا ئەوجار داوای مافەکانی خەڵکی کوردستانی لێ بکەن؟! خەڵکی بەشەکانی دیکەی ئێران و هێزە سیاسییەکانی دیکەی ئێران کە وەک خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکراتیان نەکرد، چ دەسکەوتێکیان بوو؟ حیزبی توودە و چریکەکانی ئەکسەرییەت، بەرەنگاری ئەو ڕێژیمە نەبوونەوە و تەئیدیان کرد و پشتیوانیشی بوون! ئایا کۆماری ئیسلامی پاداشی کردن یا سەرکوتی کردن؟ ئازەرییەکان، عەڕەبەکان و بەلووچەکان وەک کوردیان نەکرد، ئایا کۆماری ئیسلامی کەمترین مافی نەتەوەیی ئەوانی بە ڕەسمی ناسی؟

ئەوانەی لەم بارەیەوە بەڕاشکاوی یا بە شەرمێونی و بە خێشکە، پرسیار دەخەنە سەر کوردستان و حیزبی دێموکرات، کە بۆچی شەڕیان لە گەڵ ڕێژیمی تازە کرد؟ بۆچی ڕێفراندۆمی خاکەلێوەی ١٣٥٨یان تەحریم کرد؟ بۆ چی هێزی پێشمەرگەیان پێک هێنا و کوردستانیان بەرەو ئەو ئاراستەیە برد کە بەرامبەر بە لەشکرکێشی ڕێژیمی تازە ڕابوەستێ؟ ئەگەر لە بەرگ و ڕواڵەتی دڵسۆزی بۆ خەڵکی کوردستانیشدا ئەم قسانە بکەن، لە ڕاستیدا قسەکەیان لە دژایەتی لەگەڵ بەرژەوەندیی کورد و حەقانییەتی پرسی کورد دایە. خۆ کوردستان پێشوازی لە وتووێژ و چارەسەری ئاشتیخوازانە کرد. چەندین جار هەیئەتی پێکهاتوو لە کەسایەتیی سیاسی و ئایینی، چوونە تاران بۆ ئەوەی ڕێگای پێکهاتن و ئاوڕدانەوە لە داواکانی خەڵکی کوردستان بخەنە بەردەم خومەینی و کاربەدەستانی ڕێژیمی تازە. خۆ کوردستان و بە تایبەتی حیزبی دێموکرات بۆ یەکەم مەجلیسی دامەزرێنەران کە دوایە ناوی نرا خیبرەگان، هەر وەها بۆ یەکەم هەڵبژاردنی مەجلیسی شووڕای میللی (کە ئەویش دوایە ناوی نرا شووڕای ئیسلامی) و بۆ یەکەم هەڵبژاردنی سەرکۆمارییش، نەک بە تەحریم و ڕەتکردنەوە، بەڵکوو بە داواکاری و قسە و هەڵوێستی تایبەت بە خۆی هاتە مەیدان. بەڵام لە هەموو ئەو دەرفەتانە‌دا دەستی ڕەد بە پەیام و هەڵوێستی ئاشتیخوازانە و دێموکراتیکی ئەو خەڵکەوە، نرا.

حاشا لەوە ناکرێ ئەو شەڕەی بە تووش کوردەوە بوو، زیانی گیانی و ماڵیی یەکجار قورسی لە خەڵکی کوردستان دا و، شوێنەواری سیاسی و ئەمنییەتیی درێژخایەنی دانا. بەڵام هەموو کات کە ئاوڕ لەو شەڕە دەدەینەوە، ستەم لە مێژووی خۆمان دەکەین و دەبێتە بێویژدانی ئەگەر دوو ڕاستی لە بیر بەرینەوە:

1ــ ئەو شەڕە لایەنی کوردی نەیسەپاند، بەڵکوو خومەینی و بەڕێوەبەرانی دیکەی ڕێژیمی تازە کە کەمترین بڕوایان بە دابینکردنی مافی نەتەوەیی هیچ نەتەوەیەکی بندەستی ئێران نەبوو، سەپاندیان. هەروا کە میراتگرەکانیشیان هەتا ئێستاش لەم بارەیەوە ئاڵوگۆڕێکیان تێدا پێک نەهاتووە.

2ــ ئەگەر خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی بەرەنگاری ڕێژیمی تازە نەببانەوە، جگە لەوەی بە هیچ کام لە مافەکانیان نەدەگەیشتن، لە باشترین حاڵەتدا، چارەنووسیان وەک نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێران و وەک هێزە سیاسییەکانی دیکەی ئێران دەبوو. ئەو کات ئەو ڕێژیمە بێ‌ دەردەسەر، دەهات و هەوڵی سڕینەوەی شوناس و تواندنەوەی زمان و گۆڕینی دێموگرافیی شار و ناوچەکانی کوردستانی دەدا. بەڵام بوونی خۆڕاگری و بەرگری لە کوردستان و ڕاوەستان بەرامبەر شەڕی داسەپاو، لەگەڵ هەموو زیانە گیانی و مادییەکانی، خەڵکی کوردستانی فێری بەرگریکردن لە شوناسی خۆیان، خۆبەڕێوەبردن و بە ئازادی ژیان کرد.

کوردستان، لەگەڵ ئەوەی هێزە سیاسییەکانی ئەزموونێکی زۆریان لە وڵات بەڕێوەبردن و دەسەڵاتدارێتیدا نەبوو، گەمارۆی ئابووریی لەسەر بوو، تەنانەت ناوچە ئازادەکانی گەمارۆی زانستی و فەرهەنگییشیان لەسەر بوو و بەردەوام ئامانجی لەشکرکێشییەکان بوون، ببووە دووڕگەیەکی ئازاد لە هەموو ئێراندا. لە ڕووی بەشداریی خەڵک لە خۆ بەڕێوەبردن، لە ڕووی چالاکیی هێزە سیاسییەکان، لە ڕووی ئازادیی بیروڕا دەربڕین، لە ڕووی خوێندن بە زمانی نەتەوەیی خەڵکەکە، لە ڕووی ڕێزگرتن لە مافەکانی ژنان، تەنانەت لە ڕووی ڕێفۆرم لە دابەشکردنەوەی زەویوزار، لە ڕووی هەڵوەشاندنەوەی هێندێک نەریتی دواکەوتووانەی وەک ژن بە ژنە و گەورە بە بچووک و بەمنداڵی مارەکردن، ئەزموونێکی شایانی بەرگریی تێپەر کرد.

شەڕێک کە کۆماری ئیسلامی بەسەر هێزە سیاسییەکانی کوردستانیدا سەپاند، شەڕێکی هەمە لایەنە و نابەرامبەر بوو. ئەم شەڕە ساڵانێکی کەم بە شێوەی جەبهەیی درێژەی کێشا، چونکە هەم توانای بەرگریی هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان بۆ شەڕی جەبهەیی، نەگونجاو و بەرتەسک بوو، هەم لە شەڕی جەبهەییدا، خەڵکی شار و گوندەکان زیانی زۆریان پێ دەگەیشت؛ بە تایبەتی کە ڕێژیم دەستی لە بەکارهێنانی چەکی وێرانکەر و کوشتاری خەڵک نەدەپاراست. هەر بۆیە ئەو شەڕە بە شێوەی پارتیزانی چەندین ساڵی دیکە، واتە تا نێوەڕاستەکانی دەیەی ٩٠ی زایینی (دەیەی٧٠ی هەتاوی) درێژەی کێشا. بە تەعبیرێک ئەم شەڕە هەتا ئێستاش هەر درێژەی هەیە، چونکە هیچ رێککەوتنێک لە بەینی دوو لایەنی شەڕەکە نەهاتووەتە ئاراوە. بەڵام گۆڕان لە جۆری بەرگری و چالاکی و تێکۆشانی هێزە سیاسیەکاندا، ڕووی داوە.

ئەزموونی ٤ دەیە خەباتی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی، سەلماندوویە کە ئەم ڕێژیمە نە دەیەوێ و نە لە ماهییەتی دایە، سیاسەتی خۆی لە ئاست پرسی نەتەوەیی بە گشتی و پرسی کورد بە تایبەت بگۆڕێ. کۆماری ئیسلامیی ئێران قۆناغی جۆراوجۆری بەڕێ کردووە، سەرکۆمار و مەجلیسی لە قۆڵی جیاجیا هێناونە سەر کار، لە دنیا و ناوچەشدا زۆر گۆڕان لە سوودی چارەنووسی نەتەوە بندەستەکان و یەک لەوان کورد، پێک هاتووە، بەڵام ئەوەی گۆڕانی تێدا پێک نەهاتووە، نییەتی ئەو ڕێژیمە لە پێوەندی لەگەڵ داوا و چاوەڕوانیی کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێراندا بووە. تەنانەت شتێک کە دەستووری وڵاتەکەی ڕێگای پێ دەدا (مافی خوێندنی نەتەوەکانی ئێران بە زمانی خۆیان)، دوای چل ساڵ لەتەمەنی ئەو ڕێژیمە، هێشتا کەمترین ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە. کاتێکیش هێزێکی سیاسیی وەک حیزبی دێموکرات، هەوڵی داوە ڕێگای ئاشتیخوازانە و دیالۆگ بۆ داواکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان تاقی بکاتەوە، بە تێرۆر (وەک تێرۆری د.قاسملوو و هاوڕێیانی لە سەر مێزی وتووێژ) یا بە بۆمبدانانەوە و مووشەکباران (وەک تەقینەوەی تێرۆریستیی شەوی یەلدای ١٣٩٥ و ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧) پێشوازی لێ کردووە.

ئەوە کە ئەو ڕێژیمە تەنانەت هیچ بەدەنگەوەچوونێکی بۆ ئەو ڕێکخراو و کەسایەتییانەش نەبووە کە لە چوارچێوەی یاساکانی ئەو ڕێژیمە‌دا، لانیکەمی مافەکانی خەڵکی کوردستان داوا دەکەن و بە سەرکوت و دژایەتیکردن وڵامی هەموو هەوڵێکی مافخوازانەی مەدەنییش دەداتەوە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە داواکردنی مافی نەتەوەی کورد و پێ لەسەرداگرتنی و خەبات لە پێناویدا، لە لایەن هەر هێز و لایەنێکی سیاسییەوە و، بە هەر ڕێگا و شێوەیەک بێ، لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە سەرکوت دەکرێ. «شەڕخوازبوون»ی حیزبی دێموکرات شتێک نەبووە جگە لەوەی دەستی لە داواکردنی مافەکانی نەتەوەکەی و خەبات لە پێناویاندا هەڵنەگرتووە و ئەوەندەی بۆی کراوە بە هێزی پێشمەرگەی خۆی بەرەنگاری هێرش و پەلاماری هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕێژیمە بووەتەوە.

پێکەوەژیانی بەرگریخوازی و ئاشتیخوازیی سیاسەت و خەباتی حیزبی دێموکرات دەکرێ لەم چەند ڕستەیەدا فۆڕمووڵە و کورت بکرێتەوە: لە ڕێگای دیالۆگ و هێمنانە و ئاشتیخوازانەوە، داواکانی خەڵکی کوردستانی بەرەوڕووی دەسەڵاتی ناوەندی کردووەتەوە و شێوازە هێمنانەکانی تاقی کردوونەوە، بەڵام کە بەم ڕێگایانەدا گوێی لێ نەگیراوە و بەرەوڕووی شەڕ و سەرکوت بووەتەوە، لە جیاتی خۆبەدەستەوەدان و مەیدان چۆلکردن، سەنگەری بەرگری و بەرەنگاری هەڵبژاردووە بێ ئەوەی بە یەکجاری دەرگا لە سەر هەوڵ و ئیرادەی جیدی بۆ چارەسەری ئاشتیخوازانە دابخا. ناودێرکردنی ئەم جۆرە بەرگرییە بە «شەڕخوازی»، واتایەکی نییە جگە لە چاوەڕوانیی خۆبەدەستەوەدان و قبووڵی پشتکردن لە خەبات و تێکۆشان لەژێر ناوی «ئاشتیخوازی»دا.